ئا: تەها عەبدوڵڵا - هەولێر
پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت: بۆ كەمكردنەوەی كاریگەریی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار، هاوكات بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك بەهۆی جەنگی روسیا و ئۆكرانیاوە، حكومەتی عیراق هەوڵ دەدات ئەو پارەیەی كە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتدا دەستی دەكەوێت، لە چەند رێگایەكەوە پاڵپشتیی هاووڵاتیانی كەمدەرامەتی پێبكات.
ئاماژە بەوەشدەكات: بەشێك لەو پاڵپشتییانە، هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە و لە بەشێكی دیكەشدا بێبەش دەكرێت.
باشكردنی سیستمی بەشە خۆراك
لەوبارەیەوە، د.نەرمین مەعروف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی و پسپۆڕی بواری ئابووری و دارایی، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، عیراق داهاتێكی زیاتری دەست دەكەوێت لەوەی چاوەڕوانی دەكرد، بۆ ئەمەش هەوڵ دەدات لە رێگا یاساییەكەوە بەناوی (پشتیوانیی بەپەلەی ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدان)وە كە ئێستا پڕۆژەكەی لە نوێنەرانە، ئەو بڕەی لە زیادبوونی نرخی نەوتدا دەست دەكەوێت، كە دەگاتە نزیكەی 25 تریلیۆن دینار، لە چەند رێگایەكەوە پاڵپشتیی هاووڵاتیانی كەمدەرامەت بكات.
وتیشی: «یەكێك لەو رێگایانەی حكومەت دەیەوێت پەیڕەوی بكات، باشكردنی سیستمی بەشە خۆراكە، بۆ ئەوەی بڕی خۆراكەكە و شێوازی دابەشكردنەكەی لە ئێستا باشتر بێت و هاووڵاتیان سوودی زیاتر لە مادەكانی وەربگرن، بەتایبەتی دوای بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك لەسەر ئاستی جیهان، بەهۆی جەنگی روسیا و ئۆكرانیاوە».
راشیگەیاند: دابینكردنی پارەی گەنمی جووتیاران و تەرخانكردنی رێژەیەكی زیاتر بۆ كڕینەوەی بەرهەمەكانیان لە ماوەی ئەمساڵدا، رێگایەكی ترە لەوەی حكومەت دەیەوێت سوود بە هاووڵاتیان بگەیەنێت، هەموو ئەوانەش هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و لێی سوودمەند دەبن.
خانەنشینانی هەرێم ناگرێتەوە
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەشكرد: بەشێكی دیكەی پارەی زیادەی نەوت، بۆ پڕۆژە تەواونەكراوەكان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان تەرخان دەكرێت، بەڵام لەو بڕگەیەدا ئاماژە بە هەرێمی كوردستان نەكراوە، بەڵكو تەنیا بۆ پارێزگاكانی دیكەی عیراقە، بۆیە ئەو خاڵە بۆتە جێگای ناكۆكی نێوان نوێنەرانی كورد و لایەنەكانی تر لە ئەنجومەنی نوێنەران.
راشیگەیاند: هەر لەو پارە زیادەیەی نەوت، حكومەتی فیدراڵ بڕیاریداوە بڕی 100 هەزار دینار بۆ ئەو خانەنشینانە خەرج بكات كە مووچەكانیان لە 500 هەزار دینار كەمترە، دیارە ئەو بڕیارەش خانەنشینانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.
دەبێت بە جێگرەوەی بودجە؟
روونیشیكردەوە: خەرجكردنی پارەی زیادی نەوت بۆ باشتركردنی ژیانی هاووڵاتیانی كەمدەرامەت، دوای ئەوە دێت كە حكومەتی كاربەڕێكەر نەیتوانی خاوەنی یاسای بودجە بێت، بۆیە ئێستا هەوڵ دەدات لە رێگای یاسایەكەوە بە ناوی (پشتیوانی بەپەلەی ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدان)، دەستكراوە بێت بۆ پێشكەشكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و دابینكرنی خۆراك و پاڵپشتیی دارایی لە كەمدەرامەتەكان.
جێی ئاماژەیە: لە دوای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان، بەهۆی جەنگی نێوان روسیا و ئۆكرانیاوە، وڵاتانی هەناردەكاری نەوت پارەیەكی زۆریان دەستدەكەوێت و داهاتیان زیادیكردووە، بەتایبەتی بۆ عیراق كە لە بودجەی 2021دا نرخی نەوت بە 45 دۆلار خەمڵێنرابوو، ئەمەش لەكاتێكدا ئێستا نەوت لە سەرووی 100 دۆلارەوەیە.