سوودە ئابووری و گەشتیارییەکانی مەرزی کێلێ

09:54 - 2023-05-17
ڕاپۆرت
414 جار خوێندراوەتەوە
مەرزی کێلێ

راپۆرتی/ جێگر خدر

نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر بە هەوڵی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، هاتوچۆی گەشیاریی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا بە فەرمی لە مەرزی کێلێ-ی پشدەر کرایەوە، رۆژانە گەشتیارێکی زۆر لە هەردوو دیوەوە هاتوچۆی لێوەدەکەن، جگە لە هاتوچۆی بازرگانی، هەلی کاری زیاتری بۆ دانیشتوانی سنوورەکە فەراهەم کردووە و رۆڵیشی بینیوە لە بوژاندنەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان بە تایبەت ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین.
وەفدێک سەردانی کێلێ دەکات
ژوان سابیر بە نوێنەرایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت لەگەڵ وەفدێکی یاوەری، دوای نزیکەی سێ مانگ تێپەڕبوون بەسەر بە فەرمی کردنەوەی مەرزی کێلێ بەڕووی هاتوچۆی گەشتیاراندا سەردانی مەرزەکەی کردووە تا لەکەموکوڕی و پێداویستییە کارگێڕییەکانیان بەئاگابێت و پاشانیش بە راپۆرتێک بیگەیەنێتە جێگری سەرۆکی حکومەت. وەفدەکە لەلایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین و قائیمقامی پشدەر پێشوازی لێکرا و سەردانی مەیدانی مەرزەکەیان کرد، ژوان سابیر وتی، ئەوان لە نزیکەوە مەرزی کێلێیان بینی و ئامانجی سەردانەکەش بەدواداچوونە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکان و کارکردنی وردتر بۆ بە فەڕمی ناساندنی مەرزەکە.
مەرزەکە پێویستی بە لالێکردنەوەیە
وتیشی، لە زۆر رووی دیکەوە مەرزەکە هێشتا پێویستی بە لالێکردنەوەیە، رێگەوبانی مەرزەکە خراپبوو و وەک پێویست نییە، هاتنیشمان لەسەر راسپاردەی جێگری سەرۆک وەزیرانە و هەموو ئەو کەموکورتی و پێداویستی لایەنی کارگێڕی مەرزەکە و هاووڵاتیانی سنوورەکە بە راپۆرتێک بەرز دەکەینەوە بۆ جێگری سەرۆکی حکومەت، لای خۆشیەوە قوباد تاڵەبانی هەموو هەوڵێک دەدات ئەو رێکارانە بگیرێنەبەر بۆ بە فەرمی ناساندنی مەرزەکە، هەروەک چۆن لە سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵ بە هەوڵی راستەوخۆی خۆی، هاتوچۆی گەشتیاریی لەنێوان هەردوو وڵاتدا کرایەوە کە داواکارییەکی زۆری لەسەر بوو.
مەرزی کێلێ، کەوتۆتە نێوان هەردوو شاری قەڵادزێ لە هەرێمی کوردستان و سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان، نزیکی مەرزەکە بۆ هەردوولا گرنگی بە فەرمی ناساندنی زیاتر کردووە، ئەگەرچی گەشتیاران بە ئاسانی هاتوچۆی تێدا دەکەن و پێشووتریش و ئێستاش ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لێوە دەکرێت، بەڵام بۆ زیاتر برەودان بە هەردوو لایەنەکە پێویستی بە هەوڵێکی جدی هەیە لەنێوان هەردوو دەوڵەتی عیراق و کۆماری ئیسلامی ئێران تاوەکو یەکێک لە مەرزە فەرمییەکان مامەڵەی لەگەڵ بکەن، ئەو لێکتێگێشتنە بەس نییە لەنێوان ئیدارەی هەردوو دیودا هەیە.
رێگەی قەڵادزێ - کێلێ چاکبکرێت
رێگەی هاتوچۆی قەڵادزێ - کێلێ، رێگەیەکی خراپ و رووە و بێکەڵک بوون دەچێت، گەشتیار و بارهەڵگریش بەو رێگە یەک ئاڕاستە و کۆنەدا هاتوچۆ دەکەن، داواکاری زۆری هاووڵاتیان و ئیدارەی مەرزەکە چاککردنی ئەو رێگەیەیە. بەپێی ئامارەکانی ساڵی پار، کە ئەوکات تەنها رێگەی بازرگانییش هەبوو، 87 رووداوی هاتوچۆ روویان داوە، لەو رووداوانە نۆ کەس گیانیان لە دەستداوە، ئێستا رۆژانە سەدان کەس بۆ گەشتیاری لەو مەرزەوە بۆ ئێران دەڕۆن، ئەمە وێڕای هاتوچۆی بارهەڵگرەکان، مەترسییەکی زیاتر بۆ رێبوارانی ئەو رێگەیە هاتۆتە پێش، داوادەکرێت هەرچی زووە لایەنی پەیوەندیدار ئاوڕ لەو رێگە گرنگ و ستراتیژییە بدەنەوە.
ئاسانکاری بۆ هاووڵاتیان
بەهۆی کردنەوەی مەرزەکە بەڕووی گەشتیاراندا، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ دانیشتوانی ئیدارەی راپەڕین و بەشێکی زۆر لە پارێزگای سلێمانی و هەولێر کراوە.
هەردی لە رانیە دادەنیشێت و لە رێگەی کێلێ-وە هەفتەی رابردوو لە ئێرانەوە گەڕاوەتەوە و دەڵێت، ئەگەر کەسێک لە شارێکی وەکو رانیە بیویستایە بچێتە ئێران، پێویست بوو لە مەرزی حاجی هۆمەرانەوە هاتوچۆ بکات، بۆ چوونیش بۆ ئەوێ نزیکەی دوو سەعات و نیوی دەویست، ئەمە وێڕای قەرەباڵغی و رۆتینی زیاتری سنوور، بەڵام ئێستا بە کەمتر لە سەعاتێک بە کێلێدا ئاودیوی سنوور دەبیت، بەڕاستی کارئاسانییەکی زۆری بۆ دانیشتوانی بەشێک لە شارەکانی هەرێم و بە تایبەت بۆ ئیدارەی راپەڕین کردووە، بە دڵنیاییەوە بۆ بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی رۆژهەڵاتیش بەهەمان شێوەیە.
بوژاندنەوەی ئابووری ناوچەکە 
هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین رایگەیاند، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا و لەکاتی کردنەوەی مەرزەکە بەڕووی هاتوچۆی گەشتیاراندا، گەشتیارێکی زیاتر روو لە ئیدارەی راپەڕین دەکەن، هەروەها لێرەشەوە خەڵکێکی زیاتر رووە و کۆماری ئیسلامی ئێران دەڕۆن. 
رەوەز خاوەنی چێشتخانەیە لە رانیە و وتی، هاووڵاتییەکی زۆری رۆژهەڵاتی کوردستان روو لە چێشتخانەکەم دەکەن و پێشووتر ئەوە بەکەمی دەبیندرا.
ئەو خاوەن چێشتخانیە دەڵێت، مەرزی کێلێ سوودێکی زۆری ئابووری بە ئیدارەی راپەڕین گەیاندووە، تێکەڵاوییەکی زۆر لە نێوان دانیشتووانی هەردوو دیودا هەیە، هەردوولا بۆ گەشت، بۆ بینینی خزمان و سەردانکردنی پزیشک و بازاڕکردن سەردانی یەکتر دەکەن، جیا لەوەش خەڵکێکی زۆر لە مەرزەکە، لەسەر رێگەکە و بەهۆی ئەو ئاڵوگۆڕە گەشتیاری و ئابوورییەوە کاری دەستکەوتووە و سوودی دارایی بۆی هەبووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان