راپۆرتی/ ئهیاز ههركی
قەڵای زێرزهوان یەکێکە لە قەڵا گرنگهكانی داگیرکەران له کوردستانی باکوور، لەلایەن ئیمپراتۆرییەتی رۆمانی خۆرهەڵات، لە سەدەی سێیەمی پێش زایین وەک بنکەیەکی سەربازی لەسەر رێڕەوی بازرگانی کۆن لە نێوان ئامەد و ماردین دروستکراوە. قەڵاکە دەکەوێتە دووری 13 کیلۆمەتر لە قهزای چنار و 45 کیلۆمەتر لە پارێزگای ئامەدەوە دوورە، هەروەها دەکەوێتە سهر رێگای گشتی ماردین ـ ئامهد، له سەر لووتکەی گردێکی بەرزە کە بەرزییەکەی 130 مەتر دەبێت، رووبەری قهڵاكه 13 دۆنمه و درێژی دیوارهكانی 1200 مهتره، بەرزی دیوارەکانی نزیکەی 10 مەتر و لە ناو قەڵاکەدا تاوەرێکی چاودێری سەربازی هەیە و بەرزییەکەی 22مەتره.
به گوێرهی سەرچاوە مێژووییەکان قەڵای زێرزەوان هێڵێکی گەرمی شەڕ و ململانێ بووە لەسەر سنوورەکانی ئیمپراتۆرییەتی رۆم و ساسانی و دوا خاڵی سنووری ئیمپراتۆرییەتی رۆمانی خۆرههڵات بووه له كوردستانی باكوور. لەم دواییانەدا پەرستگای میتراس دۆزرایەوە له ژێرزهویدا، کە ئایینێکی نهێنی رۆمای کۆن بووه و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحی قەدەغە کرا.
لە وشەی کوردی زێڕ وەرگیراوە
لە ساڵی 2014ەوە تیمی شوێنەواری پارێزگای ئامەد تا ئێستا سەرقاڵی هەڵکەندنی قەڵاکەن و چەندین شوێنەواری نوێیان دۆزیوەتەوە، لەوانە لە بەشی سەرەوە و خوارەوەی قهڵاكه ئاوهدانی ههبووه. گهڕیده به ناوبانگهكهی عوسمانی ئهولیا چهڵهبی له كتێبی (سیاحهتننامه)دا باسی قەڵای زێرزەوان کردووە و بە دۆڵی زێرزەوان ناوی بردووە و ناوی زێرزهوان لە وشەی کوردی زێڕ وەرگیراوە.
لەوبارەیەوە عەگید یەزار مێژوونووسی كورد له ئامهد بۆ كوردستانی نوێ وتی: «ئهوهی جێی سەرنجە قەڵاکە گالیسوونی رۆمانی و دوا خاڵی سەربازیی ئیمپراتۆرییەتی رۆما بووه لەسەر سنووری ئیمپراتۆرییەتی ساسانی لە کوردستان و شوێنێکی ستراتیژی بوو لەو سەردەمەدا. گرنگترینیان دۆزینەوەی پەرستگای میتراس بووه جێی سەرنجی وڵاتانی ئەوروپا. ههروهها میتراس یەکەم ئایین و باوهره له پێش ههموو ئایینهكانی دیكهی جیهان و زۆربەی بەرپرسە باڵاکانی رۆمای کۆن پەیڕەوی ئەم ئایینەیان کردووە. لە قەڵاکەدا چەندین مۆروشوێنەواری ئاشووری و کوردهواری دۆزراونەتەوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ پێش ئێستا. لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی گرنگتر و جیاوازتر سەبارەت بە مێژووی قەڵاکە.
كۆگای ئاو و شەراب
وتیشی، بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، نزیکەی 4 هەزار کەس لە قەڵاکەدا ژیاون کە هاووڵاتی و بهرپرسانی سەربازیشیان تێدابووە و چەندین کۆگای چەک و ئاو و دانەوێڵەی تێدا ههن، لە ژێرهەر ژوورێکی ناو ماڵەکەدا كۆگای ئاو و شەراب هەیە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گرنگی ئەم قەڵایە، کە لە سەردەمی خۆیدا شوێنێکی سەرەکی و پێشکەوتوو بووە، بۆ ژیان و لە لیستی كاتی میراتی شوێنهواری جیهانی یونسکۆدا هاتووە. بەدرێژایی مێژوو کوردستان شوێنێکی ستراتیژی بووه و زلهێزەکانی جیهان هەمیشە خێر و بێری کوردستانیان داگیر کردووه، بۆ نموونە رۆمهکان تیرەیەكی بچووك بوون، پاشان گەشەیان کرد ودەستیان کرد بە داگیرکردنی بەشێکی زۆری خاكی کوردستان. دەوترێت نوێنەرانی نەوەی سێیەمی بنەماڵەی رۆتشیڵد سەردانی پەرستگای «میتراس»یان کردووە لە قەڵای زێرزهوان لە پارێزگای ئامەد، ئەمەش مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوه. ههروهها گرنگی هەبوونی میراتێکی مێژوویی جیهانی لە کوردستان کە میراتێکی سەرنجڕاکێشە لە خۆڕهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا، شایەنی گرنگیدان و لێکۆڵینەوەی زیاترە.