ژماره‌یه‌ك لە كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوانی گه‌رمیان وه‌ك رێزلێنان بۆ كاره‌ساتی ئه‌نفال له نوگره‌سه‌لمانن و له‌ناو قه‌ڵای نوگره سه‌لماندا به‌شداری یادی رۆژی نیشتمانی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان ده‌كه‌ن.
سالار مه‌حمود سه‌رۆكی یه‌كێتی نووسه‌رانی جینۆسایدی كوردستان ده‌ڵێت، له‌م یاده‌دا داوا له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عیراق ده‌كه‌ین ئه‌مڕ‌ۆژه به‌گ رنگ سه‌یربكه‌ن و به‌پێی یاسای گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان كاربكه‌ن بۆ پشكنین و گه‌ڕ‌ان و دۆزینه‌وه‌ی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان و هێنانه‌وه‌یان.
رۆژی نیشتمانی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان
سه‌رۆكی یه‌كێتی نووسه‌رانی جینۆسایدی كوردستان بۆ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگه‌یاند، 16ی 5ی هه‌موو ساڵێك رۆژی نیشتمانی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كانه به‌پێی بڕ‌یاری حكومه‌تی عیراق كه ساڵی 2007 ده‌ریكردووە. ئه‌مساڵ كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی و نووسه‌ر و توێژه‌ری بواری جینۆساید چوونه‌ته قه‌ڵای نوگره‌سه‌لمان و له نزیك گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان، له‌ناو قه‌ڵاکە له شاری سه‌ماوه یادی قوربانییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه.
وتیشی، یادكردنه‌وه‌ی رۆژی نیشتمانی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان له ئه‌مساڵدا تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه و بۆ یه‌كه‌مجاره وه‌ك بۆنه‌یه‌ك كۆمه‌ڵێك له كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان ئه‌و یاده ده‌كه‌نه‌وه، كه ده‌بێته نه‌ریتێك ساڵانه ئه‌م یاده له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و له باشووری عیراق ده‌كرێته‌وه، به ئامانجی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عیراقیش ئه‌مڕ‌ۆژه به گرنگ سه‌یر بكه‌ن و به‌پێی یاسای گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان كاربكه‌ن بۆ پشكنین و گه‌ڕ‌ان و دۆزینه‌وه‌ی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان و هێنانه‌وەی روفاتەکانیان.
کارکردن بۆ بەرز راگرتنی یادەکە
هاوکات كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی عه‌ره‌ب له به‌غدا و سه‌ماوە بانگهێشتی یاده‌كه كراون و بەشداری ده‌كه‌ن له مه‌راسیمه‌كەدا، ئه‌م یادكردنه‌وه‌یه ده‌بێته هۆی بایه‌خدان به‌و مۆنۆمێنتانه‌ی ئێستا وه‌ك ره‌مزی قوربانییه‌كان لێی ده‌ڕوانرێت و داوادەکرێت نه‌ك كه‌ناڵه‌كانی راگەیاندن بەڵکو حكومه‌ت و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانیش ئاوڕ له‌م كه‌یسه بده‌نه‌وه .
سالار مه‌حمود ئاماژەی بەوەکرد، ئه‌م یادكردنه‌وه‌یه ده‌بێته هۆی بایه‌خدان به‌و مۆنۆمێنتانه‌ی ئێستا وه‌ك ره‌مزی قوربانییه‌كان لێی ده‌ڕوانرێت، پێویستیشه كاربكرێت بۆ به‌رز راگرتنی یاده‌كه به‌شێوه‌یه‌كی كرداری، هاوكات تایبه‌تمه‌ندییه‌كی تری ئه‌م بۆنه‌یه له قه‌ڵای نوگره‌سه‌لمان ئه‌وه‌یه چالاكی هونه‌ری و پیشەنگا و شانۆ و وتار به زمانی عه‌ره‌بی و كوردی و زمانه‌كانی تریش پێشكه‌ش ده‌كرێت.
راشیگه‌یاند، هه‌ندێك له په‌رله‌مانتاره‌كانی به‌غدا به‌ڵێنی به‌شداریكردنیان داوه، هیوادارین سەرجەم لانەیە پەیوەندیدارەکان ئاوڕ له‌م كه‌یسه بده‌نه‌وه، چونكه په‌یوه‌ندی به جینۆسایدی گه‌لی کوردەوە هەیە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانە
عه‌لی خه‌ڵه‌ف قائیمقامی نوگره‌سه‌لمان رایگه‌یاند، ژماره‌یه‌كی زۆر گۆڕ‌ی به كۆمه‌ڵ له‌سنووره‌كه‌دا هه‌یه كه به‌شێكی زۆریان هاووڵاتی كوردن.
وتیشی، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌م قۆناغه و پێشتریش له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌رۆك مام جه‌لال هه‌وڵی گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌ی روفاتی ئه‌نفالكراوانی بۆ زێدی خۆیان داوە و یەکێتی به‌رده‌وام پشتیوانیمان ده‌كه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان و گه‌ڕ‌انه‌وه‌ی روفاتی قوربانییه‌كان.
هاوكات لە راگەیەندراوێكدا یه‌كێتی نووسه‌رانی جینۆسایدی كوردستان بۆ رۆژی نیشتمانی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان رایگەیاند، گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كانی عیراق به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنه‌ری پیلانی قۆناغه‌كانی جینۆسایدكردنی گه‌لی كوردن، عیراق له سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا زنجیره‌یه‌ك تاوانی مه‌ترسیداری کردووە، هه‌ر له راگواستن و كۆچ پێكردنەوە تا ده‌گاته تاوانی كۆمه‌ڵكوژی.
یه‌كێتی نووسه‌رانی جینۆسایدی كوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، جینۆسایدی فه‌یلییه‌كان و سه‌رنگومی بارزانییه‌كان و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال له‌و تاوانانه‌ن به سه‌دان هه‌زار مرۆڤ به كۆمه‌ڵ كوژران و به‌هه‌زارانیش هه‌ر به زیندوویی خرانه گۆڕ‌ی به‌كۆمه‌ڵه‌وه.
دۆسێیه‌كی یاسایی نێوده‌وڵه‌تی
باسی لەوەشکردووە، تاوانی گۆڕ‌ه به كۆمه‌ڵه‌كان دۆسێیه‌كی یاسایی نێوده‌وڵه‌تییه، تاوانێكی گه‌وره‌ی دژ به مرۆڤایه‌تییه و ناوچه جیاجیاكانی عیراق گۆڕ‌ی به كۆمه‌ڵی تێدایه به‌تایبه‌تیش ناوه‌ڕ‌است و خوارووی عیراق، ته‌نیا بیابانەکانی سه‌ماوه زیاتر له 150 گۆڕ‌ی به كۆمه‌ڵی ئه‌نفالی تێدایه، به‌شێكیان دۆزراونه‌ته‌وه و به‌شێكیان هێشتا نه‌دۆزراونه‌ته‌وه.
مێژووی كۆمه‌ڵكوژی كورد له عیراقدا هه‌م كۆن و هه‌م نوێیه بوونی زیاتر له 270 گۆڕ‌ی به كۆمه‌ڵ به‌پێی ئاماری نافه‌رمی، ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیداره له تاوانه‌كانی رژێمی به‌عس له عیراق و بێ هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی ئێستاش بێده‌ربه‌ستیه‌كی زۆر و بێباكی مه‌ترسیدار له ئاستی ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ته‌كان له‌م دۆسێیەدا به‌دی ده‌كرێت.
به‌پێی په‌یماننامه‌ی روبه‌ڕ‌وبوونه‌وه‌ی تاوانی كۆمه‌ڵكوژی ساڵی 1948 و رێكه‌وتننامه‌ی چواری جنێڤ كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی به‌رپرسیارتێتییان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ وه‌ك چۆن له‌كاتی كۆمه‌ڵكوژییه‌كاندا بێده‌نگ بوون، ئێستاش خۆیان نه‌بان كردووە حكومه‌تی عیراقیش كه‌مته‌رخه‌مه به‌رامبه‌ر دۆسیه‌ی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان.
یاسای گۆڕ‌ه‌به‌كۆمه‌ڵه‌كانی ژماره (5)ی ساڵی 2006 به‌رپرسیارێتی حكومه‌تی عیراقی دیاریكردووه سه‌باره‌ت به پاراستنی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان و هه‌وڵدانی به‌رده‌وام بۆ گه‌ڕ‌ان و پشكنین و دۆزینه‌وه‌ی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان، ده‌رهێنان و گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌یان به‌ڕ‌ێزه‌وه بۆ نیشتمان و ناو كه‌سوكاریان.
بەزوویی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان
لە رۆژی نیشتمانی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كاندا یه‌كێتی نووسه‌رانی جینۆسایدی كوردستان جه‌خت دەکاتەوە لە:
یه‌كه‌م/ هه‌ڵدانه‌وه و هێنانه‌وه‌ی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه دۆزراوه و تۆماركراوه‌كان.
دووه‌م/ گه‌ڕ‌ان به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی ونبووه‌كان و دۆزینه‌وه‌ی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه نه‌دۆزراوه‌كان.
سێیه‌م/ به‌پێی كات و گۆڕ‌انی كه‌شوهه‌وا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر چاره‌نووسی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان دروست ده‌بێت پێویستە بە زووترین کات گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵبدرێنەوە و لەوە زیاتر دوانەخرێت.
چواره‌م/ په‌له كردن له هێنانه‌وه‌ی روفاتەکانی ئەنفالکراوان و به ر‌ێز و مه‌راسیمی تایبه‌ته‌وه و بدرێنه‌وه به كه‌سوكاریان، به‌پشت به‌ستن به‌ماده شەشی یاسای گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان.
له‌بیرنه‌كردنی تاوانه‌كان و یادكردنه‌وه‌ی قوربانییه‌كان
پێنجه‌م/ دروستكردنی گۆڕ‌ستانی شایسته و مه‌زاری شایسته به رۆحی به‌رزه فڕ‌ی قوربانییه‌كان.
شه‌شه‌م/ دروستكردنی دامه‌زراوه‌یه‌كی نیشتمانی تایبه‌ت به پرسی جینۆساید له‌ناو ئه‌و دامه‌زراوەدا بایه‌خ به دۆسێی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان بدرێت.
حه‌وته‌م/ پشكنینی DNA بۆ قوربانیان و كه‌سوكاری قوربانیان وه‌ك به‌شێك له پڕۆسه‌ی ناسینه‌وه.
هه‌شته‌م/ له هه‌رێمی كوردستان و عیراق ساڵانه له رۆژی 16/5 مه‌راسیمی نیشتمانی بۆ له‌بیرنه‌كردنی تاوانه‌كان و یادكردنه‌وه‌ی قوربانییه‌كان بکرێت.
نۆیه‌م/ ئه‌مساڵ بۆ ئه‌و رۆژه نیشتمانییه ژمارەیەک لە كه‌سوكاری قوربانیانی گۆڕ‌ی به كۆمه‌ڵ و توێژه‌ر و نووسه‌رانی بواری جینۆساید به‌شداری ده‌كه‌ن له مه‌راسیمێكی تایبه‌ت له قه‌ڵای نوگره سه‌لمان له پارێزگای سه‌ماوه وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ساڵانه یادكردنه‌وه‌ی ئه‌و رۆژه نیشتمانییه له‌سه‌ر گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان.
ده‌یه‌م/ داوا له كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین بایه‌خ به‌م رۆژه بده‌ن و ئاوڕ‌ێك له رۆژگاره تاڵه‌كان بده‌نه‌وه له‌پێناو دووباره نه‌بوونه‌وه و له‌بیرنه‌كردن و رێزگرتن له قوربانیانی جینۆساید.
PUKMEDIA