هەڵمەتی نیشتمانیی سەوزكردن بەردەوامە

10:01 - 2023-05-21
ڕاپۆرت
298 جار خوێندراوەتەوە
هەڵمەتی نیشتمانیی سەوزكردن لە خانەقین

راپۆرتی: ئەسرین محەمەد
كارەكانی هەڵمەتی نیشتمانیی رواندنی یەك ملیۆن نەمام لەسەر بڕیار و راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، تا دێت چڕتر دەبێتەوە و هەڵمەتەكە گەیشتووەتە ناوچە دابڕێندراوەكانی كوردستان.
حسێن حەمەكەریم نوێنەری نوسینگەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، دوای پارێزگای هەڵەبجە هەڵمەتی نیشتمانیی سەوزکردن گەیشتووەتە خانەقین و بە سەوزکردنی پارکێک دەستی پێکرد.

جۆری نەمامەکان دەگۆڕێت
وتیشی، لە هەڵمەتەکەدا ژمارەیەک نەمام لە قوتابخانە و شوێنە گشتییەکاندا لە قەزای خانەقین و هەردوو ناحیەی سەعدیە و جەلەولا دەڕوێنین.
نوێنەری نوسینگەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، لە خانەقین و سنووری قەزاکە نەمامی  ئەلبیزیا و چناری هۆڵەندی دەڕوێنرێن کە جیاوازن لەگەڵ ئەو نەمامانەی لە ناوچەکانی تر روێنراون و لە هەڵبژاردنی نەمامەکاندا کەشوهەوای ناوچەکان لەبەرچاو گیراوە.
هاوکات سۆران عەلی سەرۆکی شارەوانی خانەقین رایگەیاند، لە درێژەی ئەو هەڵمەتەی سەرۆک بافڵ رایگەیاند بۆ رواندنی یەک ملیۆن نەمام لە سەرجەم ناوچەکان و ئێستا گەیشتووتە خانەقین، وەک سەرۆکایەتی شارەوانی خانەقین رووبەرێکی فراوان لە زەویمان تەرخانکرد بۆ رواندنی نەمام تیایدا.


کاریگەریی لەسەر کەشوهەوای ناوچەکە
هەڵمەتی نەمام رواندن لە قەزای خانەقین بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری فەرمانگەكانی شارەوانی و ژینگە و ناوەندی خانەقینی كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز و ژمارەیەكی بەرچاو لە ژینگە دۆستان بەڕێوەچوو.
دانا ئەکرەم سەرپەرشتیاری کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز لە خانەقین و گەرمیان رایگەیاند، هەڵمەتی نیشتمانیی سەوزکردن زۆر گرنگە بۆیە بە رواندنی نەمام بەشدارییان کردووە.
وتیشی، گۆڕانکاری بەسەر کەشوهەوای ناوچەکەدا هاتووە بۆیە پێویستییەکی زۆرمان بە نەمام رواندنە بۆ سەوزکردنی سنوورەكەمان و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و گرفتی بەبیابانبوون.

هەزاران نەمام روێنراوە
بەپێی چەند قۆناغێك پرۆسەكە بەردەوامی دەبێت و تیمەکان دەچنە سەرجەم شار و شارۆچکەکان لەپێناو زیادكردنی رووبەری دارستانەكان و سەوزایی و پاراستنی ژینگەكەمان.
هەڵمەتەکە رواندنی نەمامی نوێشی لەخۆگرتووە لەجێی فەوتاوەکان، سەرباری فەراهەمکردنی هەلی کار و دابینکردنی پێداویستییەکانی وەک سیاج و کردنەوەی رێگا وەک ئامادەکارییەک بۆ وەرزی ئاودان.
هەڵمەتی رواندنی یەک ملیۆن نەمام لە شاری سلێمانییەوە بە دروستکردنی پارک و چاندنی نەمام، لە بلوار و باخچەکان و سەوزکردنی ئەو شوێنانەی سەوز نەکراون بە مەبەستی پاراستنی ژینگە و تێپەڕاندنی رێژەی ستانداری جیهانی لە سەوزایی دەستی پێکرد.
پاشان هەڵمەتەکە فراوان بوو قەزای سەیدسادق، لە پڕۆژەکانی دارستانی ئەزمڕ لە سلێمانی، چەناخچیان لە شارەزوور، خەلەکان و قەرەداغ هەزاران نەمام روێنران.

هەڵمەتەکە شەش مانگ بەردەوامە
پاشان لە قەزای پێنجوێن و رازیانە هەڵمەتەکە بەردەوام بوو، دواتر هەڵمەتەکە قەزای دەربەندیخان و قەرەهەنجیر و بانی مەقان و دەیان شار و شارۆچکەی تر و پارێزگای هەڵەبجەشی گرتەوە.
لە سەرجەم ناوچەکان بە شێوازی زانستی و لە شوێنی گونجاو نەمامەکان روێنراون و چاودێری دەکرێن تا گەورە ببن و لەناونەچن.
لەچوارچێوەى پڕۆژەی ئاشتکردنەوەى سلێمانی و سەوزکردنی کوردستاندا، لەسەر بڕیار و راسپاردەى بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەڵمەتی نیشتمانی رواندنی یەک ملیۆن نەمام رۆژی 28-12-2022 لە شاری سلێمانی-یەوە دەستیپێکرد و پڕۆژەکەش ماوەی شەش مانگ دەخایەنێت و تاکو 1-6-2023 بەردەوام دەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان