رێبازی چایی لە ژاپۆن

10:36 - 2023-05-21
کەلتور
539 جار خوێندراوەتەوە

لەفارسییەوە/ مەحمود شێرزاد

لە سەرەتای سەدەی نۆیەمی زاینیدا ژاپۆنییەکان سەردانی چینیان کرد و لەوێوە رێوڕەسمی چاییان بۆ وڵاتەکەی خۆیان گوازتەوە، بە تایبەت رەبەنێکی بودایی بە ناوی «دنجیو دای شی» چەند ساڵێک تا ساڵی 705ی زاینیی لە چین دەرسی دەخوێند، لە گەڕانەوەیدا هەندێ «تۆو»ی چایی لەگەڵ خۆیدا بۆ پەرستگەکەیان لە ژاپۆن هێنایەوە. سەرەتا تەنیا رەبەنە بوداییەکان بۆ ئەوەی لە کاتی تێڕامانی دوور و درێژدا خەویان لێنەکەوێت چاییان دەخواردەوە. دوایی لە سەدەی سێزدەی زایینیدا چایی لە دەورەوەی پەرستگەش لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا بڵاو بوویەوە. لەو کاتەدا ژاپۆنییەکان لەبارەی چاییەوە دەستییان بە لێکۆڵینەوە کرد و پاشان رێوڕەسمی چاییخواردنەوەی تایبەتی خۆیانیان دامەزراند کە بە تەواوی لە رێوڕەسمە چینییەکەی چاییخواردنەوە چیاواز بوو. لە رێوڕەسمی چاییخواردنەوەی چینیدا چیژبینین لە تام و بۆنی چاییەکە گرنگە، بەڵام لە رێوڕەسمی چایی ژاپۆنیدا، رێوڕەسمەکە لە چاییەکە گرنگترە، چایی و چاییخواردنەوە بیانوون، ئامانج شتێکیترە، واتە رێبازییەکی مەعنەوی و خۆناسییە.
کچان پێش شووکردن دەبێ فێری بن
رێوڕەسمی چایی ژاپۆنی «چادوو» لەژێر کاریگەریی رێبازی «زێن بودیسم»دایە. رێوڕەسمی چایی ژاپۆنی  لە هاوسەنگی نێوان ژینگە و دروستکردنی کەشێکی ئارامکەرەوە و پڕ لە ئاشتی و خۆشەویستی و تەبایی دایە، رێز گرتن لە چایی و کەرەستەکانی دروستکردنی چایی و ئەو کەسەی چاییەکەت بۆ دێنێ پێکدێت، یانی ئەو رێوڕەسمە لەسەر بنەمای کۆمەڵێک بنەمای پێشوەخت داڕێژراوە و بەڕێوە دەچێت و هەڕەمەکی نییە! رێوڕەسمی چایی ژاپۆنی «چادوو» دەرفەتێکە بۆ فێرکردن و فێربوونی رەوشت و هەڵسوکەوتی باش. لە رابردوودا دەبوو کچان پێش شووکردن «چادوو» فێر ببن. لەسەدەی پانزدەیەمی زاینیدا رەهەندی جوانیناسی چایی وەک جۆرێک لە رێبازیی ئایینی لێهات کە بە ناوی «تائیسم» بەناوبانگە. لە کتێبی «چایی»دا کە ساڵی 1906 بڵاوبۆتەوە «کاکوزوو ئووکاکوورا» تائیسم بەمشێوەیە پێناسە دەکا: «تائیسم ئاینییەکە لەسەر بنەمای ئەشق بۆ جوانی شاراوە لە ناخی ژیانی رۆژانەدا دامەزراوە. پاکێتی و هاوسەنگی، لێبوردەیی و پێکەوەژیان لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا وەبیر دێنێتەوە و پەرە پێدەدا».

چایی روون و تۆخ
رێوڕەسمی چایی بە هاتنی میوانەکان بۆ هۆبەیەک کە بە تایبەتی بۆ ئەو رێوڕەسمە ئامادەکراوە دەست پێدەکا، لەم هۆبەیەدا کەرەستە پیویستەکانی رێوڕەسمی چایی ئامادەکراون، میوانەکان بە شێوەیەکی ئارام و تایبەت دێنە ژوورەوە و هەرکەسەو لە شوێنی خۆی بە ئارامی دادەنیشێت، پاشان بە چایی و هەندێ جۆر شیرینی تایبەت و بە شێوازێکی تایبەت میوانداریی دەکرێن. ئەو رێوڕەسمە زۆر ئاگایانە دارێژراوە و بەڕێوەدەچێت، کەسەکان تێیدا بە تەواوی ئارام و هێمن دەبنەوە، واتە رێبازێکە لە تێڕامان و گەڕانەوە بەرەو خۆمان و وەسڵبوونەوە بەم ساتە. ژاپۆنییەکان ئێستا هەوڵدەدەن ئەو رێوڕەسمە لە ژووری میوانی ماڵەکانیان بەڕێوەبەرن، بەڵام لە کۆندا دەبوو لەدەرەوەی ماڵ لە ناو باخ و گوڵ و گوڵزاردا ژوورێکی تایبەتی هەبوایە. لەو رێوڕەسمەدا هەوڵدەدەن ناو هۆبەکە زۆر سادە بێ، شت و مەکی کەم دادەنێنن و بە گوێرەی خۆشکردنی وزەی ژوورەکە ناو هۆبەکە بە سادەیی دەڕازێننەوە، ئەوەش ئاماژەیە بە عیرفانی «زێن بودیسم»، بۆ نموونە لەوانەیە یەک تابلۆی نووسراو بە دیواردا هەڵواسن یان ئینجانەیەک دابنێن. لە ناوەڕاستی هۆبەکەدا کوچکاورێک بۆ لێنانی چاییەکە دادەنێن. چایی ژاپۆنی لە هاڕاوی چای سەوز و ئاوی کوڵاو پێکدێ و رەنگەکەی روونە و هەندێجاریش لەوانەیە تۆخ بێ.

سەرچاوە: 
کتێبی رێبازیی چایی، نووسینی: لام کام چووئین، وەرگێڕانی بۆ فارسی: نووشین دیانتی


بابەتە پەیوەندیدارەکان