كاریگەریی هەواڵی ناڕاست لەسەر دەروونی هاووڵاتیان

09:49 - 2023-05-22
ڕاپۆرت
197 جار خوێندراوەتەوە
هەواڵی ناڕاست متمانە ناهێڵێت

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد



هەواڵ رۆڵێكی گەورەی لە ژیانی مرۆڤدا هەیە و جۆری هەواڵەکان کاریگەریی لەسەر دەروونی مرۆڤ جێدەهێڵێت ئەگەر هەواڵەکە ئەرێنی بێت بەو شێوەیە کارگەریی جێدەهێڵێت و ئەگەر نەرێنیش بێت بۆ کەسەکە بە هەمان شێوە کاریگەریی دەبێت، هەواڵەكانیش جۆراو جۆرن ئەو هەواڵانەی لە رێگەی کەناڵەکانی راگەیاندن رادیۆ، تەلەفزیۆن، ئینتەرنێت، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سۆشیال میدیاوە بڵاودەبنەوە یان ئەو هەواڵانەی دەماو دەم گوێمان لێی دەبێت.

کۆنترۆڵ ناکرێت
هەواڵی ناڕاست (فه‌یك نیوز) بریتییه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی درۆ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ناڕاست، به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ بارودۆخێكی تایبه‌ت و به‌كاربردنی ئامڕازه‌كانی گه‌یاندن بۆ ده‌سخستنی ئامانجێكی واقیعی له‌ڕێی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی جه‌ماوه‌ره‌وه‌، كاتێك لێی قووڵ ببینه‌وه‌، پڕۆسەیەکی فرا‌وان و فره‌ ره‌هه‌ندە و ناتوانرێ كۆتوبه‌ند بكرێت.
لە ناوەڕۆکدا نه‌هێشتنی بڕوا و متمانەیە‌ لای مرۆڤ و نه‌هێشتنی راستی و روانینی هه‌موو مرۆڤه‌كان به‌ چاوی گومان له‌ سه‌رجه‌م كرده‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌ و هه‌میشه‌ بیركردنه‌وه.
هۆشیار عەلی رۆژانە گوێ لە هەواڵەکان دەگرێت و وتی، لە ماوەی رابردوودا هەواڵەکانی تایبەت بە کەشناسی و بوومەلەرزە کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروونم جێدەهێشت کە ئاگادارییان بڵاودەکردەوە دەربارەی بارانی بە خوڕ و دروستبوونی لافاو و بوومەلەرزە تووشی شڵەژانی دەروونی دەکردم، رۆژ دەبووەوە و دەبینرا بارانێكی ئاساییە وەک رۆژان و هیچ رووی نەدەدا، بەڵام خۆ راگەیاندنەکان دەروونی ئێمەیان تێکدەدا.
دروستکردنی دڵەڕاوكێ و رارایی
تیشك حەمید توێژەری كۆمەڵایەتی دەڵێت، مرۆڤ بوونەوەرێكی هەستیارە زوو درك بە هەواڵەكانی دەوروبەری دەكات و كاریگەریی راستەوخۆ و نا راستەوخۆ لەسەر ژیانی جێدەهێڵێت.
لەڕووی دەروونییەوە كاریگەری هەواڵەکان گەورەن لەسەر هەست و دڵی مرۆڤ و دەکرێت ئاوەزی بۆ ئەوە رابكێشێت تووشی دڵەڕاوكێ و رارایی بكات بەتایبەت هەواڵەكانی كەشناسی و بوومەلەرزە، یان ئەو هەواڵانەی تایبەتن بە تاوان و سزا یان دەستدرێژی سێكسی، هەموویان رەنگدانەوەی جۆراو جۆریان هەیە لەسەر ئاوەزی مرۆڤەكان كە هەندێكجار زۆر بەخراپ لەسەر دەروونی مرۆڤ دەشكێتەوە.

رەچاوكردن لە هەواڵدا 
ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە وتیشی، لەسەر راگەیاندنەكان پێویستە لەکاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکاندا رەچاوی لایەنی دەروونی مرۆڤ بكەن، بە تایبەت هەواڵە ناخۆشەکان بەشێوەیەك بڵاوبكەنەوە كاریگەری دەروونی زۆر خراپ جێنەهێڵێت لەسەر مرۆڤ و دەبێت هەواڵەكان پۆلێن بكرێت بەپێ تەمەنی مرۆڤ، چونكە هەر یەكەیان دەروون و هەستێكی تایبەتیان هەیە، چوارچێوەی بیركردنەوە و ئاوەزیان جیاوازە بۆ وەرگرتنی هەواڵەكان و كاریگەریی بۆ ماوەیی بەجێدەهێڵێت كە نەوە لە دوای نەوە و وەكو مێژوو ئەو هەواڵە دەگێڕێتەوە و رووداوەكانی بەرجەستە دەكرێت لە هەموو سەردەمێكدا.


کاریگەریی هەواڵی ناڕاست
شاسوار محەمەد تەمەن 45 ساڵە  دەڵێت، ماوەیەكە چاودێری هەواڵەكانی ئابووری دەكەم دەربارەی ئاڵتون و دۆلار بەڕاستی تووشی بارێكی دەروونی شێواو بووم كە تا شەوانی درەنگ بیری لێدەكەمەوە، هەندێكجار دوورن لە راستیەوە و هیچ بنەمایەكیان نییە كە مرۆڤ پشتی پێببەستێت، بۆیە بەرزبوونەوەی دۆلار و نزم بوونەوەی، یان بەرزبوونەوەی ئاڵتون لەم ساڵدا كاریگەری خۆی لەسەر هەموو تاكێكی كۆمەڵگە بەجێهێشتووە.
عەلی محەمەد دانیشتووی گەڕەكی ئیسكانە دەڵێت، هەواڵە سیاسییەكان برینێكی قووڵن كۆمەڵگە بیریان لێدەكاتەوە و پیاوە سیاسییەكانیش مێش میوانیان نییە و خەریكی كاری ئابووری و بازرگانی خۆیانن.
تیشك حەمید توێژەری كۆمەڵایەتی باسی لەوەشكرد، هەواڵە ناڕاست و ناخۆشەکان زیاتر كاریگەریی بەجێدەهێڵن خۆ دەربازكردن لێیان زۆر ئەستەم دەبێت، چونكە راگەیاندن هەموو روویەکی هەواڵەکان رووماڵ دەکەن تا وەرگر باوەڕی پێ بکات.
هەواڵی ناڕاست كاریگه‌ریی و لێكه‌وتەی زۆر ترسناكی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌،  گرنگترینیان بریتییه‌ له‌ نه‌هێشتنی متمانه‌ به‌ یه‌كتر و له‌یه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خێزان، كۆمه‌ڵگه‌ به‌ گشتی و به‌رهه‌مهێنانی مرۆڤی گۆشه‌گیر و خۆپه‌رست و توندڕە و كه‌ باوه‌ڕی به‌ هیچ كه‌س و شتێك نەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان