ئا: هه‌ردی عومه‌ر
پێشتر دنیای شیعری كوردی گه‌رموگوڕتربوو، به‌حوكمی ئه‌وه‌ی وه‌ك ئه‌م سه‌رده‌مه ته‌كنه‌لۆژیا و ژانره‌كانی رۆژنامه‌وانی و ئه‌ده‌بی زۆر و فره‌چه‌شن نه‌بوون، ئه‌وه‌ی هه‌بووه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی شیعر بووه، كه له دواتریشا كتێب و نووسین به‌و راده‌یه په‌ره‌ده‌سێنێ، كه به ئێستامان گه‌شتووه.
ئه‌وه‌ی هۆشیارییه‌كی زیاتر و خوێنده‌وارییه‌كی باش و كه‌سێكی به ئاگای ناو كۆمه‌ڵگه بوایه، حه‌تمه‌ن ده‌بوو سه‌روكاری له‌گه‌ڵ شیعردا هه‌بووایه و له‌و رێگه‌یه‌وه هه‌ستی رووناكبیری خۆی ده‌ربڕیوه. جا گوزارشته‌كان ئاینی بووبن یان دڵداری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی.
ئه‌مه‌ش زۆربه‌ی جاره‌كان لای ده‌سه‌ڵاتدار و خاوه‌ن پایه و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵگه‌ش به‌چاوێكی تره‌وه سه‌یركراون، جا ترس بووبێت له فكریان یان به هه‌ڵوێست و كاریان، یان ره‌تكردنه‌وه‌یان هۆكارێكی سه‌ره‌كی بووه بۆ به‌دبه‌ختی و هه‌ژاری و په‌راوێزخستنیان. به‌كه‌می هه‌بووه له‌م بواره‌دا سه‌رمه‌شق بووبێت و دڵخوازی ده‌سه‌ڵاتدار و خه‌ڵكیش بووبێت. ئه‌مه درێژه‌ی كێشاوه هه‌تا مه‌رگیان، به‌ڵام دوای مه‌رگ شته‌كه پێچه‌وانه بووه‌ته‌وه. وه‌ك هه‌ژاری شاعیر له چێشتی مجێوردا ده‌ڵێت: «له دوكانێكی به‌غداد چه‌قه‌ڵێكی موومیایی كراوم دیت، له بنی نووسرابوو نرخی ته‌نها بیست و پێنج دیناره، مات مام: خوایه ده‌بێ ئه‌و چه‌قه‌ڵه شاعیر بووبێ یان خزمایه‌تی ده‌گه‌ڵ شاعیر هه‌بێ؟ په‌نجا چه‌قه‌ڵ به زیندوویی كه‌س به فلسێ نایكڕێ، به مردوویی نرخی بیست و پێنج هه‌زار فلسه.»
بێكه‌س و هه‌ژاری
نموونه به فایه‌ق بێكه‌سی شاعیر ده‌هێنێته‌وه كه ئه‌وه‌نده نه‌داربووه ته‌نانه‌ت له ماڵه‌وه‌یاندا ته‌نها یه‌ك لێفه‌یان هه‌بووه به خۆیاندا داوه، «یان ده‌بوو فایه‌ق له‌سه‌ر كورسی دانیشێ و به شانی‌دا بدا، یان ده‌بوو ژن و مناڵی پێ بخه‌ون، هه‌موو شه‌وێ چه‌ند لاوێك ده‌چوونه به‌ر ماڵی فایه‌ق تا گوێ له شه‌ڕه‌جنێوی فایه‌ق و ژنه‌كه‌ی بگرن.» به‌ڵام كاتێك فایه‌ق بێكه‌س ده‌مرێ،»هه‌ر ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان نه‌ده‌چووه گیرفانیان كه لێفه‌یه‌كی بۆ بكڕن، به هه‌زاران دیناریان له سه‌ره‌خۆشییه‌كه‌یدا خه‌رج كرد.»
له دیوانی بێكه‌س دا كه ئومێد ئاشنا ئاماده‌ی كردووه بێكه‌س له شیعرێكیدا ده‌رباره‌ی نه‌دارییه‌كه‌ی ده‌ڵێت:
«له‌لام واباشه ئێستاكه به‌كه‌س پشتێ نه‌به‌ستی تۆ
له خزم و دۆست و ئاشنایان هه‌تا ئه‌توانی هه‌ر راكه
ئه‌گه‌ر پاره‌ت نه‌بێ به‌خوا هه‌زار خزمت ببێ په‌شمه
كه پاره‌ت بوو هه‌موو عاله‌م براته و پێت ئه‌ڵێ كاكه.»
له خزمه‌ته‌كانی پیره‌مێردی شاعیر و رۆژنامه‌وانیش بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی له باسكردن نایه، به‌ڵام وه‌ك له شیعرێكی فایه‌ق بێكه‌سدا له پاڵ هه‌ژاری و به‌دبه‌ختییه‌كه‌ی و ئاوڕ لێ نه‌دانه‌وه‌ی خۆی، دێته سه‌ر په‌راوێزخستنی (پیره‌مێردی نه‌مر!!) و باش له ده‌ردی ده‌گات و ده‌نووسێت:»
خاڵه حاجی باوه‌كو من موفلیس و بێ پاره بێ
بێ جه‌لال و بێ جه‌میل و بێ كه‌س و دڵ پاره بێ
دائیما مه‌حكوومی قه‌هر و میحنه‌تی و بێ
چاره بێ
شانی خواری هه‌ڵته‌كێنێ و باسی میلله‌ت بكا.»
قانع و نه‌فس به‌رزی
بۆ ئه‌م ده‌رده‌ی هه‌ژاری شاعیران خۆ هه‌رده‌بێ باس له قانعی شاعیری چه‌وساوه‌كان بكرێت و شیعرێكی بخرێته‌ڕوو، چونكه زۆر به‌جوانی گوزارشتی لێكردووه به ته‌واوه‌تی به‌شیعره‌كانیدا ره‌نگیداوه‌ته‌وه و له دیوانی قانع كه بورهان قانع ئاماده‌یكردووه، باس له‌و عیززه‌تی نه‌فسه‌ی ئه‌كات كه دوور له قوربان قوربان و نۆكه‌ری ده‌ژی و ده‌ڵێت:»
ئه‌وه‌ی نامووسی بێ، نابێ به نۆكه‌ر
ئه‌وی ئینسافی بێ، ناچێته دیوان
ئه‌وه‌ی ویژدانی بێ ناچێته لای میر
ئه‌وی ره‌حمی ببێ ناچێته لای خان
چ خۆشه زگ به‌برسی، پێ به بێ كه‌وش
به مه‌رجێ روونه‌كاته شێخ و قوربان
گه‌دابی یاخود پاشا بی، هه‌ر ئه‌مری
ئیتر كلكه له‌قێ بۆچی له دیوان؟»
یه‌كێكی تریش له‌و شاعیرانه‌ی كه هه‌ژاری له به‌رهه‌مه‌كانیدا ئاماده‌گی ته‌واوه‌تی هه‌بووه مه‌لا مارفی كۆكه‌یی بووه و له دێڕه شیعرێكیدا ده‌ڵێت:»
ده‌چمه‌وه ماڵ، ماڵ و منداڵ دێن و ده‌ورم لێده‌ده‌ن
یه‌ك ته‌مه‌ننای قه‌ند و چا، یه‌ك نان و ئاوم لێده‌كا.»
جا ئه‌م هه‌ویره ئاو زۆر ده‌كێشێ و نموونه‌ی باشیش له‌به‌رده‌ستا هه‌ن با ئه‌وه‌نده به‌س بێت.
باوكانی زوو دژی شاعیربوون
ئه‌م ترسه له‌وه‌ی كه شاعیر بوون ره‌گی به‌دبه‌ختی و هه‌ژاری به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، وا له باوكی هێمن و باوكی هه‌ژار موكریانی ده‌كه‌ن، كه هه‌رچییه‌كیان كردبێت نه‌هێڵن كوڕه‌كانیان ببنه شاعیر و به هه‌ژاری نه‌یگوزه‌رێنن، هه‌ر بۆیه هه‌ردووكیان بۆ سه‌ره‌تای چوونه ناو دونیای شیعری‌یان له لایه‌ن باوكیانه‌وه سه‌ركۆنه‌كراون و له دژیان وه‌ستاونه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ته كاتێك هێمنی شاعیر له ته‌مه‌نی بیست ساڵیدا ده‌بێت و له قۆناغی سه‌ره‌تای شیعر نووسینی ده‌بێت، باوكی بۆ ئه‌وه‌ی هێمن نه‌بێت به شاعیر رۆژێك ئه‌و ده‌فته‌ره‌كه‌ی كه هێمن شیعری خۆی تێدا نووسیوه ده‌سووتێنێت. له دیوانی تاریك و روون‌دا هێمن بۆخۆی له‌و كاره‌ساته ده‌دوێت و له زمانی باوكییه‌وه ده‌گێڕێته‌وه، كه ده‌ڵێت:»خوێڕی كارم بۆ فێربووه، شاعیری شاعیری، ده‌یه‌وێ له برسان بمرێ.»
به‌هه‌مان شێوه باوكی هه‌ژار موكریانیش دژی ئه‌وه بووه كوڕه‌كه‌ی ببێ به شاعیر و ده‌ڵێت: «بابم، زۆر رقی له شاعیری هه‌ڵده‌ستا و لای وابوو هه‌ر كه‌س له كورده‌واریدا ده‌بێته شاعیر، خوا نان و دۆی ده‌بڕێ و به سواڵكه‌ری ده‌ژی و به سواڵكه‌ری ده‌مرێ.»
هه‌تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، له‌ناو زۆر خێزانی كوردیدا، كاتێك ده‌بینن تاكێك له‌و خێزانه خه‌ریكی شیعر ده‌بێ، ئه‌وا به‌رهه‌ڵستی ده‌كه‌ن، كه نه‌توانكاره و خوویداوه‌ته شیعرنووسین.
سه‌رچاوه‌كان:
ـــ هه‌ژار موكریانی، چێشتی مجێو‌ر، سنه، 2014.
ـــ ئومێد ئاشنا، دیوانی بێكه‌س، چاپی دووه‌م، هه‌ولێر، 2005.
ـــ بورهان قانع، دیوانی قانع، شاعیری چه‌وساوه‌كان، چاپی هه‌شته‌م، سنه، 2014.
ـــ هێمن موكریانی، دیوانی تاریك و روون.