بورهان ئەمین، ئەڵمانیا
بەهۆی دۆستایەتی و نزیكی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا، سیاسەتمەداران و سەركردەی ژمارەیەك پارتی ئەڵمانیا داوای سزادان و فشار خستنەسەر گێرهارد شرۆیدەر راوێژكاری پێشووتری ئەڵمانیا و سەرۆكی ئەنجومەنی ئێستای كۆمپانیای رۆزنەفتی روسی دەكەن.
یەكێكە لە دۆستە نزیكەكانی سەرۆكی روسیا
مۆریتس كۆرنەر ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی ئازاد FDP لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: پێویستە شرۆیدەر بخرێتە ناو لیستی سزاداراوانی نزیك لە پوتین. وتیشی: ئەو سەركردەیەكی دیاری ئەڵمانیایە، كەچی یەكێكە لە دۆستە نزیكەكانی سەرۆكی روسیا و رۆچۆتە ناو بەرژەوەندییەكانی نێوەندی دەسەڵات لە كریملین.
هەروەها رۆدێرش كێزفیتەر بەپرسی پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كریستیان CDU «پارتەكەی ئەنگێلا مێركل راوێژكاری پێشووی ئەڵمانیا» ئاشكرایكرد: چەند جارێك داوا لە گێرهارد كراوە كە دەستبەرداری پۆستە باڵایەی كۆمپانیا روسییەكە ببێت و خزمەت بە دەسەڵاتدارانی روسیا نەكات، كەچی دەست لەو بەرژەوەندییە تایبەتییەی خۆی هەڵناگرێت، بۆیە پێویستە فشاری زیاتری بخرێتەسەر و سزا سەپێنراوەكانی سەر بەرپرسە باڵاكانی روسیا، ئەویش بگرێتەوە.
لای خۆشیەوە، راینهارد بوتیكۆفەر سیاسەتمەداری پارتی سەوزی ئەڵمانی Die Grune و پەرلەمانتاری یەكێتیی ئەوروپا رایگەیاند: نەك هەر ئەو سیاسەتمەدارە ئەڵمانییە، بەڵكو دەبێت سزا بەسەر هەموو ئەو بەرپرس و سەركردانەی ئەوروپادا بسەپێنرێت كە پشتیوانی لە سیاسەتەكانی پوتین دەكەن و دەبێت پارتی سۆسیال دیموكراتی ئەڵمانیا SPD بیر لەوە بكاتەوە كە ئەو كەسایەتییە لە ریزەكانی خۆی دەربكات. هەروەك داوای لە حكومەتی وڵاتەكەشی كرد، ئەو خانەنشینییەی لەپای پۆستی راوێژكاریی پێیدەدرێت، رابگیرێت و لێی بێبەش بكرێت.
لەسەر ئاستی ئەڵمانیاش هەنگاوی جددی نراوە
هەر لەو چوارچێوەیەدا، میشیل رۆت سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی پەرلەمانی ئەڵمانیا ئاشكرایكرد: یەكێتیی ئەوروپا لەبەرنامەیدایە لێكۆڵینەوەكانی دەست پێبكات و سزا بەسەر ئەو كەس و لایەنانەدا بسەپێنێت، كە پشتیوان و هاوهەڵویستن لەگەڵ سیاسەتی كریملیندا، وتیشی: لەسەر ئاستی ئەڵمانیاش هەنگاوی جددی نراوە و ناكرێت كەسایەتییەكی دیاری وڵات پشتیوانی لەلایەنێكی نەیار و دەرەكی بكات.
گێرهارد شرۆیدەر سیاسەتمەدارێكی دیاری پارتی سۆسیال دیموكراتە و لە ساڵانی نێوان 1998 - 2005 راوێژكاری ئەڵمانیای فیدراڵ بووە و لەم ساڵانەی دواییشدا لەلایەن سەرۆكی روسیاوە پۆستی بەڕێوەبەری پڕۆژەی بۆری غازی نۆردستریم-ی پێدراوە و دواتر كرایە بەرپرسی یەكەمی كۆمپانیای رۆزنەفت. لەدوای دەستپێكردنی جەنگی نێوان روسیا و ئۆكرانیا، پارتەكەی داوای لێكرد دەستبەرداری ئەو پۆستە بێت، بەڵام تا ئێستا ئەو داوایە رەتدەكاتەوە.
سەرچاوە: Die Welt