فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، به‌جێگیركردنی مادده‌كانی 13 و 14 حكومه‌تی هه‌رێم ناچار ده‌كات "قه‌باره‌ی ئه‌و پاشه‌كه‌وت و لێبڕ‌ین و مووچه نه‌دراوانه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌ڕێژه‌ی 10% بگێرێته‌وه" كه ماوه‌ی 6 ساڵ به‌رده‌وام بوو و قه‌باره‌کەی ده‌گاته 20 ترلیۆن دینار".
به‌هه‌وڵی یه‌كێتی 10% پاشه‌كه‌وت بۆ فه‌رمانبه‌ران ده‌گه‌ڕێته‌وه
ئه‌گه‌ر هه‌ردوو ماده جێگیركراوه‌كه‌ی فراكسیۆنی یه‌كێتی له نوێنه‌رانی عیراق له پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2023و 2024 و 2024 له په‌رله‌مان په‌سه‌ند بكرێت، ئه‌وا بۆ هه‌ر مانگێك فه‌رمانبه‌ران به‌رێژه‌ی 10% ده‌خرێته‌سه‌ر مووچه‌كه‌ی، ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی یه‌كێتیش رایده‌گه‌یه‌نێت، "به‌ڵێنی خۆمان بۆ جێگیركردنی ئه‌و دوو ماده‌یه بۆ خزمه‌تكردنی مووچه‌خۆران بردۆته‌سه‌ر".
د. نه‌رمین مه‌عروف، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له لێدوانێكدا بۆ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگه‌یاند، "له كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی داراییدا ماده‌كانی 13 و 14 كه تایبه‌تن به پشكی هه‌رێم و گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له پڕ‌ۆژه یاسای بودجه‌ی ساڵه‌كانی 2023 و 2024 و 2025 په‌سه‌ندكران، كه دوو بڕگه‌ی سه‌ره‌كی بوون و له لایه‌ن یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه پێشنیازكرابوون".
له ماده‌ی 13ی پڕ‌ۆژه یاسای بودجه‌دا، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندكراوه ئه‌وله‌ویه‌ت به خه‌رجكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان بدات، له‌گه‌ڵ پابه‌ندكردنی به خه‌رجكردنی شایسته داراییه‌كانی پارێزگاكان به‌پێی پێوه‌ره كارپێكراوه‌كانی یاسای بودجه به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه و بێ جیاوازی، به‌پێچه‌وانه‌وه حكومه‌تی فیدراڵی به‌شه پاره‌ی پارێزگای ناڕ‌ازی ده‌بڕ‌ێت و به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ راده‌ستی پارێزگاكه‌ی ده‌كات.
مانگانه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران چه‌ند زیاد ده‌كات ؟
د.نه‌رمین مه‌عروف رایگه‌یاند، "ناوه‌ڕ‌ۆكی بڕگه‌ی 13، یه‌كێك بووه له داواكارییه‌كانی فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، كه مانگانه به رێژه‌ی 10% له كۆی مووچه‌ی ئێستای ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ فه‌رمانبه‌ران، واتا ئه‌گه‌ر فه‌رمانبه‌رێك 30 ملیۆن دینار لای حكومه‌تی هه‌رێم بێت و مووچه‌ی مانگانه‌ی یه‌ك ملیۆن دینار بێت، پێویسته مانگانه 100 هه‌زار دینار بچێته سه‌ر مووچه‌كه‌ی، تاوه‌كو 30 ملیۆنه‌كه ته‌واو ده‌بێت".
یه‌ك ملیۆن و 250 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر سوودمه‌ند ده‌بێت
به‌پێی سیستمی بایۆمه‌تری، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی یه‌ك ملیۆن و 249 هه‌زار و 481 مووچه‌خۆره و مانگانه‌ش پێویستی به 890 ملیار دینار هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌یان بۆ دابین بكات، هه‌رچه‌ند پێش بایۆمه‌تری یەک ملیۆن و 395 هه‌زار موچه‌خۆری هه‌بوو، قه‌باره‌ی 868 ملیار دیناری پێویست بوو بۆ مووچه.
به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونی سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 20 ترلیۆن دینار قه‌رزاری مووچه‌خۆرانه به‌هۆی سیستمی پاشه‌كه‌وتی مووچه، لێبڕ‌ینی مووچه، پێنه‌دانی مووچه‌ی مانگانه كه شه‌ش ساڵ به‌رده‌وام له مانگی 8ی ساڵی 2015ه تاوه‌كو 17/8/2020 و دوای ئه‌م ماوه‌یه‌ش له كابینه‌ی 9دا سیستمی خۆگونجاندن په‌یڕه‌وكرا كه 11 مانگی خایاند‌و له17/8/2020 تاوه‌كو 25/7/2021.
حكومه‌تی هه‌رێم زیاتر له 20 ترلیۆن قه‌رزاره
له‌و ماوه‌یه‌دا قه‌باره‌ی قه‌رزی مووچه‌خۆران له شایسته‌ی دارایی نزیكه‌ی 20 ترلیۆن و 59 ملیار و 926 ملیۆن و 946 هه‌زار دیناره كه له لای حكومه‌ته و كه به هۆكاری دواكه‌وت و پاشه‌كه‌وت و نه‌دانی مووچه و لێبڕ‌ین و خۆگونجاندنه‌وه.
حكومه‌تی هه‌رێم له ماوه‌ی شەش ساڵی رابردوودا، 12 مووچه‌ی به‌ته‌واوه‌تی به فه‌رمانبه‌ران نه‌داوه و ر‌اپۆرتێكی دیوانی چاودێری دارایی كه تاوه‌كو مانگی 7ی ساڵی 2020 ئاماژه‌ی پێكراوه، به‌شێكی دیكه‌ی په‌یوه‌نداره به‌و سێ مووچه‌ی كه له مانگی نۆی 2019 خرایه سه‌ر پاشه‌كه‌وته‌كانی ر‌ابردوو و بۆ كابینه‌ی 8 حساب كرا، هه‌روه‌ها ئاماژه به بڕ‌ی لێبرینی چوار مووچه‌ی دابه‌شكراوی 2020ی كراوه، جگه له‌وه‌ش كابینه‌ی نۆیه‌م 4 مووچه‌ی مانگه‌كانی 5/6/11/12 ی به‌نادیاری هێشتوه‌ته‌وه و دیار نییه.
حكومه‌ت له شه‌ش ساڵدا 12 مووچه‌ی ته‌واوی نه‌داوه
هه‌رله‌و 6 ساڵه‌دا حكومه‌تی هه‌رێم 12 مووچه‌ی به‌ته‌واوه‌تی دابه‌شنه‌كردووه، هه‌روه‌ها 24 مووچه‌ی به سیسته‌می پاشه‌كه‌وتی مووچه دابه‌شكردووه‌و 4 مووچه‌ش به لێبرینی 18 بۆ 21% دابه‌شكردووه.
حكومه‌تی هه‌رێم له ساڵی 2015 تا 2020، دوانزه مانگ (ساڵێك) مووچه به مووچه‌خۆران نه‌درا، كه 4 مانگی ساڵی 2015 و 1 مانگی 2017 و 7 مانگی 2020 بووه.
34 مانگیش له ساڵانی 2016-2017-2018، سیستمی پاشه‌كه‌وت و چاره‌كه مووچه‌ی پیاده‌كرد كه له 2016 دا 12 مانگ په‌یڕه‌وكرا و له 2017 دا 11 مانگ په‌یڕه‌و كرا‌و له 2018 یشدا 12 مانگ په‌یڕە‌وكرا.
به‌پێی سیستمی لێبرینیش 5 مانگی ساڵی 2020 لێبڕ‌ین له مووچه‌یان كراوه به رێژه‌ی 18% بۆ 21%، ئه‌م شێوازانه‌ی پاشه‌كه‌وت و لێبڕ‌ین و بێمووچه‌یی تا 25/7/2021 به‌رده‌وام بووه و له دوای ئه‌م كاته‌وه خۆگونجاندن و به‌پێی داهاتی به‌رده‌ست مووچه‌ی مووچه‌خۆران ده‌درێت، كه به‌گوێره‌ی لیستێكی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی دارایی دابه‌ش ده‌كرێت.
پاشه‌كه‌وتی مووچه، له سه‌رده‌می كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی ده‌ستیپێكردووه له (2015 - 2018) په‌یڕ‌ه‌وكراوه و مووچه‌خۆران (5) مووچه‌ی ته‌واویان پێنه‌دراوه (23) مانگیش چاره‌كه مووچه و (11) مانگیش به‌شێك له‌م مووچه‌كانیان پاشه‌كه‌وت كرا.
قه‌رزه‌كه‌ی هه‌رێم زیادیكردووه
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم له دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستانی ر‌ۆژی 5/10/2020 ئاشكرایكرد كه "قه‌رزه‌كانی سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم زیادیكردووه و گه‌یشتۆته 28 ملیار دۆلار و نیو". له باره‌ی قه‌رزی مووچه‌ی پاشه‌كه‌وتكراوی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمیشه‌وه رایگه‌یاند، "به‌هاكه‌ی 8 ملیار و 966 ملیۆن و 156 هه‌زار و 514 دۆلاره كه ده‌كاته 10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن دیناری عیراقی.
لێبڕ‌ینی مووچه له كابینه‌ی نۆ-شدا به‌رده‌وامبوو
لێبڕ‌ینی مووچه، هه‌ر له كابینه‌ی نۆیه‌مدا كاری پێكرا له ساڵی (2020 - 2021) موچه‌خۆران (7) موچه‌ی ته‌واویان بڕ‌او و (10) مووچه‌شیان به لێبڕ‌ینی (18%) و (21%) بۆ خه‌رجكرا. هه‌رچه‌ند ر‌ۆژی 28/6/2021 سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له په‌رله‌مانی كوردستان ڕ‌ایگه‌یاند، سه‌باره‌ت به قه‌رزه‌كانی هه‌رێم له مانگی 3ی 2020 "28 ملیار و 476 ملیۆن و 675 هه‌زار دۆلاره بووه، به‌ڵام له مانگی 3ی 2021 گه‌یشتووه به: 31 ملیار و 637 ملیۆن دۆلار". دواتریش له رو‌ونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئه‌وه‌یان ر‌اگه‌یاند كه زیاكردنی ئه‌و (3) ملیار دۆلاره په‌یوه‌ندیداره به شایسته داراییه‌كانی فه‌رمانبه‌ران بۆ مانگه‌كانی "5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان".
به‌وپێیه 7 مانگ مووچه‌ی بڕ‌درا و 10 مانگ به لێبڕ‌ینی 21% له كابینه‌ی 9 دا ده‌كاته:" ده‌كاته؛ (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار + (1 ترلیۆن 890 ملیار) دینار = (8 ترلیۆن 190 ملیار) دینار.
پێشناره‌كه‌ی یه‌كێتی جێگیركرا
له دوا كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقدا ماده‌كانی 13 و 14 كه تایبه‌تن به پشكی هه‌رێم و گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له پڕ‌ۆژه یاسای بودجه‌ی ساڵه‌كانی 2023 و 2024 و 2025 په‌سه‌ندكران، كه دوو بڕگه‌ی سه‌ره‌كی بوون و له لایه‌ن یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستانه‌وه پێشنیاركرابوو.
هه‌رێم كه‌مال ئاغا، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی رایگه‌یاند، "یه‌كێتی وه‌ك هه‌میشه له خه‌می خه‌ڵك و هاووڵاتیانی هه‌رێمدایه و به‌ده‌نگدانی لیژنه‌ی دارایی له‌سه‌ر پڕ‌ۆژه یاسایی بودجه‌ی ساڵه‌كانی 2023 و 2024 و 2025 یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ڵێنه‌كانی خۆی برده‌سه‌ر هه‌روه‌ك چۆن به‌ڵێنی دابوو كه پرسی بودجه و مووچه و داكۆكیكردن له قوتی هاووڵاتیان پێشینه‌ی كار و ئه‌ركه‌كانیبێت له به‌غداو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران".
وتیشی، "یه‌كێتی ئه‌و به‌ڵێنه‌ی برده سه‌رو بابه‌تی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشییانی هه‌رێم، مافی پارێزگاكانی هه‌رێمی له بودجه‌ی به‌گه‌ڕ‌خستن و وه‌به‌رهێنان و گه‌شه‌پێدانی هه‌رێمه‌كان، دابین بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه، گێڕانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به رێژه‌ی 10% ی مانگانه له پڕ‌ۆژه یاسای بودجه‌ی ساڵه‌كانی 2023 و 2024 و 2025 جێگیركردووه".
شه‌وی 25-5-2023، له كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقدا له‌سه‌ر پێشنیاری یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان مادده‌كانی 13 و 14 كه تایبه‌تن به‌پشكی هه‌رێم و گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له پڕ‌ۆژه یاسای بودجه‌ی ساڵه‌كانی 2023 و 2024 و 2025 په‌سه‌ند كران.
PUKMEDIA