داوای راگرتنی کامێراکانی پۆینت تو پۆینت دەکرێت

09:45 - 2023-06-05
ڕاپۆرت
397 جار خوێندراوەتەوە
لە یاسای هاتوچۆدا باسی دانانی کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەوی جێگیر نەکراوە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد


رۆژی 29/5/2023 بۆ یەکەمجار کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەوی پۆینت تو پۆینت، لە رێگەی شارۆچکەی تاسڵوجە – دوکان کەوتە کار و سەرپێچی تۆمار دەکەن.
بە درێژایی رێگەکە 24 کامێرای تیژڕەوی پۆینت تو پۆینت  کاردەکەن و هەر سایدێک 12 کامێرای لێ دانراوە و پێویستە شۆفێران پابەندی ئەو خێراییە بن کە بۆیان دیاریکراوە، ئەگەر نا سزا دەدرێن.
بەهمەن عەبدوڵا وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، ئامانج لە دانانی کامێراکان بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆیە و بۆ ئەوەیە شۆفێر هەست بکات چاودێری لەسەرە و بەپێی خێرایی دیاریکراو بڕوات.

وەرگرتنی سزای کامێراکان
ئەو ئۆتۆمبێلانەی هەڵگری تابلۆی پارێزگاکانی هەرێمن ئەو سەرپێچییەی کامێرای پۆینت تو پۆینت تۆماری دەکات لەکاتی تازەکردنەوەی ساڵانەی ئۆتۆمبێلەکەی یان گۆڕینی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێلەکەیدا پارەی سزاکەی لێ وەردەگیرێت، بەڵام ئەو ئۆتۆمبێلانەی هەڵگری تابلۆی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن یاخود بێ سەرەتان و سەرپێچی لە کامێرای پۆینت تو پۆینت تۆمار دەکەن، لە شارۆچکەی دوکان بنەکەیەکی لێیە و کارمەندی هاتوچۆ لەوێ رایدەگرێت و راستەوخۆ بەشێوەی پسوڵە پارەی سەرپێچییەکەی لێ وەردەگیرێت.
وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت، ئەگەر شۆفێرێک لە هەموو کامێراکانی پۆینت تو پۆینت سەرپێچی بکات، بەرزترین رێژەی خێرایی بە سەرپێچی بۆ حسابە و تەنها پارەی خێراترینیان لێ وەردەگیرێت، کە سزاکەی لە 70 هەزار دینارەوە دەستپێ دەکات تا 250 هەزار دینار.
لە نێوان شارۆچکەی تاسڵوجە – دوکان بەرزترین خێرایی 100 کم/ سەعاتێکدا و لە شوێنی ناوچەی نیشتەجێ بوونی هاووڵاتیان دادەبەزێت بۆ 80 کم/ سەعاتێکدا.

چۆنیەتی تۆمارکردنی سەرپێچی
تۆمارکردنی سەرپێچی کامێرای پۆینت تو پۆینت پەیوەندی بە کاتەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی هەیە بە خێرایی رۆشتنەوە هەیە، لە کامێرای یەکەم خێرایی شۆفێر تۆماردەکرێت و تا کامێرای دووەم پێویستە پابەندی ئەو خێراییە بێت بۆی دیاریکراوە، بۆ نموونە خێرایی رێگەپێدراو 100 کم/ سەعاتێکدا ئەگەر شۆفێر لەخوار خێرایی 100 بڕوات کێشەی نییە، بەڵام لە هەر شوێنێکدا خێرایی 100 تێپەڕێنێت ئەوا بە سەرپێچی بۆی تۆماردەکرێت و سزا دەدرێت، واتا بەهیچ شێوەیەک نابێت لە بەینی کامێرایەک بۆ کامێرایەکی تری پۆینت تو پۆنیت شۆفێر رێژەی خێراییەکەی لە خێرایی دیاریکراو زیاتر بێت ئەگەرنا بە سەرپێچی بۆی هەژمار دەکرێت.
بەهمەن عەبدوڵا وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی وتی، ئەم سیستمە رێگر دەبێت لەو دیاردەیەی شۆفێران دەیکەن پێش کامێرایەکی تیژڕەوی رێژەی خێرایی کەمدەکەنەوە و دوای تێپەڕاندنی کامێرەکە خێرایی زیاد دەکەن.
وتیشی، بە تەنها بە دانانی کامێرای هاتوچۆ رێگری ناکرێت لە رووداوەکانی هاتوچۆ، بەڵکو دانانی کامێرا یەکێکە لە رێگەکانی کەمکردنەوەی قوربانی.

ناڕەزایی دژی کامێرای تیژڕەویی
کەمال جەلال شۆفێری تەکسییە لە رێگەی دوکان - سلێمانی دەڵێت، کامێرای پۆینت تو پۆینت تەنها بۆ رووتانەوەی شۆفێرانە و هیچی تر، بە زۆر پارە دەرهێنانە لە گیرفانی شۆفێران هەر رۆژە و بەشێوەیەکی جیاواز باجمان لێ وەردەگرن.
فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بانگەوازێکدا رایگەیاند، پاش هەوڵەکانمان لەساڵی رابردوو بۆ رەتکردنەوەی گرێبەستی دانانی کامێری تیژڕەوی جێگیر لەلایەن کۆمپانیایەکەوە بە رەزامەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خستنەڕووی یاداشت سەبارەت بە نایاسایی بوونی گرێبەستەکە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێم بێ گوێدانە رای ئەنجومەنی پارێزگا و داواکاری گشتی و رێکخراوەکان و هاووڵاتیان بەردەوام بوو لە جیبەجێکردنی گرێبەستەکە و خستنەکاری کامێراکانی تیژڕەوی.
فیدراسیۆن ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵەکانیان بۆ رەتکردنەوەی گرێبەستەکە بەردەوام دەبێت و هەر هاووڵاتییەک پسوڵەی سەرپێچی بۆ کرا بەهۆی سەرپێچی لە سیستمی پۆینت تو پۆینتدوای وەرگرتنەوەی پسوڵەکە پەیوەندی بە فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بکات بە مەبەستی دابینکردنی پارێزەری خۆبەخش و گرتنەبەری رێکاری یاسایی دژی ئەو سیستمە لە دادگای پەیوەندیدار لەپێناو سەروەری یاسا و هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە کە بەئاشکرا پێچەوانەی یاسایە و دەبێتە هۆی بە هەدەردانی سامانی گشتی.

لایەنە یاساییەکەی دانانی کامێرای تیژڕەویی
بەپێی یاسای هاتووچۆ ژمارە  86  ساڵی  2004  لە هیچ کام دەق و مادەکانیدا باسی کامێرای چاودێری نەکراوە، چونکە ئەوکات کە یاساکە دەرچووە بەم شێوەیەی ئێستا تەکنەلۆژیا پێشنەکەوتبوو و بارودۆخی ئابووری و وێگاوبان و شەقامەکان گونجاو نەبوون بۆ جێکردنەوەی دانانی کامێرای چاودێری بەو شێوە ورد و بەربڵاوە.
پارێزەر شاڵاو ئەبوبەکر دەڵێت، ئەگەر بیانووی یاسایی ئەوەبێت وەزیر و بەڕێوبەری گشتی دەسەڵاتیان هەیە بۆ ئاسان جێبەجێکردنی یاساکە ئەمە ئەوە ناگرێتەوە بەبێ پاڵپشتی یاسایی داهێنان بکەیت لە رێساکانی هاتوچۆ و چاودێریدا و مادەکەش دەسەڵاتەکانی قەتیس کردووە کە دەتوانرێ بەڕێنمایی دەربکرێن کە ئەمانەن:
* فێرکردنی چۆنێتی شۆفێری ئۆتۆمبێل .
* گەراج و شوێنی ئەهلی پشکنینی ئۆتۆمبێل .
* گۆڕین و گۆڕانکاری لە تابلۆی ئۆتۆمبێل و رەنگ، ژمارە، شوێنی دانان و لایەنی دروستکردنی.
وتیشی، یاسای هاتوچۆ لە زۆربەی مادەکانیدا تەئکید لە وریایی شۆفێر بۆ شۆفێری و شەقام و پیادەڕەوان دەکاتەوە، ئەگەر شۆفێر بەردەوام چاوی لەسەر گێچی خێرایی و عەمودی کامێراکانی تیژڕەوی بێت ئاگایی نامێنێت، و دانانی کامێرای پۆینت تو پۆینت پێچەوانەی یاسایە.
پاش چەندنین هەوڵی لایەنی جیاواز بۆ راگرتنی کامێراکان و چەند جارێک شکاندنیان، دەستیان بە کارکردن کرد و بەردەوامیش دەبن.
پڕۆژەی دانانی کامێرای پۆینت تو پۆینت لە سنووری پارێزگای سلێمانی 225 دانەیە و بەپێنج قۆناغ لە رێگەکانی دەرەوەی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین دادەنرێت، پڕۆژەکە لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و کۆمپانیای جێبەجێکاردایە و لە قۆناغی داهاتوودا کامێراکانی هێڵی سلێمانی تا چەمچەماڵ بۆ بانی مەقان دەکەونە کار.

بابەتە پەیوەندیدارەکان