كێشەی جووتیارانی كورد و توركمان دەگەیەنرێتە دادگای فیدراڵی

09:54 - 2023-06-20
کوردستان
419 جار خوێندراوەتەوە

دوو پەرلەمانتاری كوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی داگیركردنی زەویوزاری جووتیارە كورد و توركمانەكان لەلایەن عەرەبی هاوردەوە، سكاڵا ئاڕاستەی دادگای فیدراڵی دەكەن و داوادەكەن رێگریی بكرێت لەو تەعریب كردنە كە لە ساڵانی رابردوودا لە حاڵەتەوە بەرەو دیاردە باڵی كێشاوە.
دیلان غەفور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی لەسەر پشكی كەركوك بە سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIAی راگەیاندووە: «لەگەڵ د.یوسف محەمەد، سكاڵامان لە دادگای فیدراڵی لەبارەی كێشەی زەویوزارە كشتوكاڵییەكانی سنووری پارێزگای كەركوك تۆماركرد، كە ماوەی چەند ساڵێكە جووتیارە كورد و توركمانەكان بەدەستییەوە دەناڵێنن و داوامانكردووە ئەو بڕیارانەی لەلایەن رژێمی پێشووەوە دەرچوون، رابگیرێن». وتیشی: «لەڕێی دادگاوە رێگردەبین لە هەموو ئەو دەستێوەردانە نایاساییانەی بەرامبەر بە جووتیارانی كورد و توركمان لە سنووری پارێزگای كەركوك دەكرێن و عەرەبی هاوردە دەخرێنەسەر زەویوزاریان، هەر لە چوارچێوەی هەوڵەكانمان سكاڵامان گەیاندۆتە دادگای فیدراڵی و داوامانكردووە رێگریی لە عەرەبی هاوردەبكرێت بۆ سەر زەوی كورد و توركمانەكان».
ئەندامەكەی فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت: «حەوت مانگە سەرقاڵی ئامادەكردنی ئەو دۆسێیەین، بۆ ئەوەی بە بەڵگەی یاسایی سكاڵاكەمان بەهێزبكەین و لەڕێی دادگای فیدراڵییەوە رێگریی بكەین لە داگیركردنی زەویوزاری كورد و توركمانەكان».
چەند ساڵێكە داگیركردنی زەویوزاری جوتیارانی كورد و توركمان لە سنووری پارێزگای كەركوك بەبەرنامە كاری بۆ دەكرێت و لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەكی زۆر عەرەب هاوردە كراوە و لەسەر زەویوزاریان جێگیركراون، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە هەوڵی داوە پارێزەری پێكەوەژیان بێت لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان و لەكاتی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراقیش، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، چەند پڕۆژەیەكی تایبەت بە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی پێشكەش كرد، كە خۆی لە كاراكردنەوەی لیژنەی مادەی 140 و گواستنەوەی راژەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەشی كوردی بۆ سەر وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی فیدراڵ و پێكهێنانی لیوای هاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپا بۆ ئارامی زیاتری ناوچە جێناكۆكەكان دەبینییەوە، كە بەشێك لە پڕۆژەكانی یەكێتی جێبەجێكران و چاوەڕوان دەكرێت لە ئایندەشدا بەشەكەی دیكەش جێبەجێبكرێن.
PUKMEDIA

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #کەرکوک

بابەتە پەیوەندیدارەکان