دیاری حهمه سهعید
رێنمایی بەكارهێنانی گێڕی ئۆتۆماتیك
لەم سەردەمەدا زۆرینەی ئۆتۆمبیلەكان گێڕی ئۆتۆماتیكیان لەسەرە، جا تیپترۆنیك بێت یان CVT یاخود هەر جۆرێكی تر. بۆیە زۆر گرنگە شۆفێران خۆیان لە هەڵە و بابەتە دووبارەكانی پەیوەست بەگێڕی ئۆتۆماتیك دوور بگرن تا تەمەنی گریمانەیی ئەو بەشە گرنگەی ئۆتۆمبیل درێژ و درێژ تر بكەنەوە.
گرنگترین خاڵ لە كاتی بەكارهێنانی گێڕی ئۆتۆماتیك ئەوەیە كە لە كاتی وەستان و پاركینگدا گێڕی ئۆتۆماتیك مەخەمە سەر P تا ئەو كاتەی ئۆتۆمبیلەكە بەتەواوەتی رادەوەستێت، ئەگەر ئۆتۆمبیلەكە هێشتا كەمترین جوڵەی مابێت، گێڕی مەگۆڕە، باشتر و گونجاوتریشە، تەنانەت دوای وەستانی تەواوەتیش هەر گێڕەكە مەخە سەر P، بەڵكو سەرەتا برێك راكێشە، جا برێكی دەستی بێت یان كارەبایی یاخود برێكی قاچ، چونكە بەوجۆرە هەم تەمەنی گێڕەكە درێژتر دەبێت و قورسایی ئۆتۆمبیلەكە لەسەر برێك دەبێت نەك گێڕەكە، هەمیش لە كاتی بەكارهێنانەوەی ئۆتۆمبیلەدا ئاسانتر گێڕەكە لە P دەگۆڕێت بۆ D یان هەر نمرەیەكی تر.
پێویستە شۆفێران و خاوەنی ئۆتۆمبیلەكان جار بەجار لە كاتی رۆنگۆڕین یان هەر چێكێكی تری ئۆتۆمبیلەكەیان چێكی گێڕ و هایدرۆلیكی گێڕ بكەن نەبادا كەمیكردبێت یاخود خراپ بووبێت، ئەو ئۆتۆمبیلانەشی گێڕەكانیان كارەباییە یان ساردكەرەوەی هەیە پێویستی بەوە هەیە زیاتر وریای بین و زوو زوو چێكی سەلامەتی بكەن و لە كاركردنی بەشێوەیەكی باش دڵنیا ببینەوە.
بەشێكی زۆر لە شۆفێران، بەتایبەتی ئەوانەی تازە كەوتونەتە سەر بەكارهێنانی ئۆتۆمبیلی گێڕ ئۆتۆماتیك، هۆشیاریی تەواوەتیان نییە لەبارەی ئەو جۆرە گێڕە و كێشە و گرفتە سەرەكی و باوەكانی، كە بەشێكی زۆری بەهۆی نەریتی بەكارهێنانی هەڵە و مامەڵەكردنی وەك گێڕی عادییەوە روودەدەن، گرنگە ئەو كەسانەی ئۆتۆمبیلەكانیان گێڕی ئۆتۆماتیكە بزانن چۆن گێڕ دەكەنە سەر بۆش یان N چونكە ئەو نمرەیەی گێڕ زۆر گرنگ و یەكلاكەرەوەیە، لە ئۆتۆمبیلی گێڕی عادیدا بەكارهێنانی N تا رادەیەكی زۆر ئاسایی و باوە بەتایبەتی ئۆتۆمبیلی گاز یان لە قەرەباڵغی و لێژاییدا، بەڵام بۆ ئۆتۆمبیلی گێڕی ئۆتۆماتێك بەكارهێنانی N جۆرێك لە سەركێشی چونكە دەبێت بزانین كەی و چۆن بەكاریدەهێنین.
هەندێك لە شۆفێران بۆ ئەوەی گوڕ و لێوەشاوەییەكی زیاتر بدەنە ئۆتۆمبیلەكانیان گێڕ دەخەنەسەر N و لە پڕ دەیگۆڕن بۆ D كە ئەوەش هەڵەیەكی زۆر گەورەیە و زیانێكی زۆر بەگێڕ و ئۆتۆمبیلەكە بەشێوەیەكی گشتی دەگەیەنێت. پێویستە شۆفێرانی ئۆتۆمبیلی گێڕ ئۆتۆماتیك زۆر وریا بن و بزانن كەی N بەكاردەهێنن و كەی بەكاریناهێنن، زۆر مەترسیدارە ئەگەر گێڕی ئۆتۆماتیك لە وەستانی كاتی یان وەستان لە ترافیك لایتەكاندا، ئەوانەی 20 چركە زیاتری پێدەچێت گێڕەكە نەخرێتەسەر N و هەر لەسەر D یان R بهێڵرێتەوە چونكە بەو جۆرە گوشارێكی زۆر لەسەر گێڕەكە دروست دەبێت و تەمەنی گریمانەیی كەم دەكاتەوە.
یەكێكی تر لە هەڵە باوەكان ئەوەیە كە شۆفێرانی ئۆتۆمبیلی گێڕ ئۆتۆماتیك وەك ئۆتۆمبیلی گێڕ عادی دەكەن كاتێك لە لێژایی یان خێرایی زۆردا گێڕی ئۆتۆمبیلەكە دەخەنەسەر N و پاشان لە ناكاو و لە كاتی رۆیشتندا دەیگەڕێننەوە سەر D، ئەو هەڵەیە زۆر مەترسیدارە و لەوانەیە خۆت و ئۆتۆمبیلەكە تووشی رووداوی نەخوازراو و زیانی زۆر بكاتەوە.