46
دیسانەوە دێینەوە سەر باسی ژن، یان با بڵێم «ئەقڵیەتی پیاوسالاری» ئەو ئەقڵیەتەی وا لە بنەوەی بیرکردنەوەمان. چونکە کەلتوری بەنێرکردن تەنها لە دابونەریت و دواکەتوویی و بەکەمزانینی ژن لە کۆمەڵگەدا خۆی نابینێتەوە، هەر ئەو قانونانەش نییە کە لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەدا پیاوی بەسەر ژندا باڵاتر کردووە و پلەیەک لە پێش ژنەوە دایناوە، بەڵکو ئەقڵیەتی پیاوسالاری بەشێکە لە بیرکردنەوە و ئەو باوەڕ و بیردۆزانەی هەردوو رەگەز بە هوشیارییەوە یان ناهوشیارییەوە بەرهەمی دەهێننەوە، و پێناسەیەکی گشتگیری کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژی و دینی هەڵدەگرێ کە یەکسانیی ژن و پیاو رەتدەکاتەوە و ژن لە سیاقێکی تردا پێناسە دەکاتەوە، جیاواز لە پێناسەی پیاو وەکو ئادەمیزاد. ئەمجۆرە بیرکردنەوەیەی کە لە هەردوو ئەقڵی دیار (Conscious Mind) و نادیار (Unconscious Mind)ی ژنیش و پیاویشدا بە ئاستی جیاواز هەیە، لەکاتێکدا ئیشی ئادەمیزادی هوشیار ئەوەیە ئەم دوو ئەقڵە لەیەکتر جیاکاتەوە یان بیانگونجێنێ، چونکە هەر بە ئەقڵی دیار کە قابیلی ئەوەیە زووتر گۆڕانکاریی بەسەردا بێت دەتوانین ئەقڵی نادیارمان بگۆڕین بەو شێوەیەی تووشی حاڵەتێک لە پارادۆکس نەبێت، بە واتایەکی تر بە ئەقڵی (دیار) راهێنان بە ئەقڵی (نادیار) بکەین بۆ ئەوەی لەناوەوە و لە دەرەوە یەک ئادەمیزاد لە خیتاب و هەڵوێستەکاندا بۆ بینەر و گوێگر بەرجەستە بێت. چونکە دەکرێ بە رواڵەت کەسێکی پێشکەوتنخواز بین، بەڵام بە ناوەرۆک دواکەوتووترین کەس بین، ئەمەیە سادەترین جیاوازیی نێوان ئەو دوو ئەقڵە.
ئەقڵی(نادیار) بەرپرسە لە بابەتە چارەنووسسازەکان و سەرچاوەی داهێنان و هەستە و ئازار و نیگەرانی و ململانێکان لەوێدا کۆبوونەتەوە، و گەنجینەی ئەزموونەکانی رابردوو و یادەوەری و پەروەردەمانە، و بێ ئەوەی بەخۆمان بزانین لە زۆری هەڵوێست و دەربڕینەکانماندا رەنگ دەدەنەوە و بۆ بە ئاسانی پێناسەمان دەکات. وەکو ئەو پزیشکە گەنجەی لە شاشەی تەلەفزیۆنەوە گوتی: «کوڕان نەچنە داخوازیی کچێک کە نێرگەلە دەکێشێت!» چەند سادەش بێت ئەم دێڕە بەڵام گوتارێکی تری تیا بینرایەوە کە لێکدانەوەی زۆری بۆ کرا، چونکە ئەوە ئەقڵی ناوەوەی بوو قسەی دەکرد، لە چرکەیەکدا کردیە پیاوێکی ئاینی لە مینبەری مزگەوتێکەوە فەتوای دەدا، لە کاتێکدا وەکو پزیشکێکی پسپۆر ئیشی ئەو لەوێدا کۆتایی دێت کە خەڵک لە زیانەکانی نێرگەلەکێشان ئاگادار بکاتەوە. لەو کاتەدا دەبوو بشڵێت: کچان، شوو نەکەن بە پیاوێک نێرگەلە دەکێشێت، چونکە زانست یەکلایی کردۆتەوە کاریگەریی بۆ سەر لایەنی سێکسییان هەیە و لاوازی دەکات؟ مەبەستی وتارەکەی من لەسەر خودی ئەو پزیشکە نییە، بەڵکو لەسەر ئەقڵی ناوەوەمان کە ئاگامان لێی نییە دێتە پێشەوە و قسە دەکات و پێناسەمان دەکات. هەڵبەت مەرج نییە ئەو پزیشکە هیچ مەبەستێکی هەبووبێت بەڵام قسەکردن بۆ کامێراکان و هەوڵدان بۆ گەیاندنی پەیامێکی تەندروستی پێویستیی لە وریایی و بەئاگایی لەوە زیاتر هەیە بۆ ئەوەی لە سنووری خۆمان لانەدەین و بیرمان بێت ئەمڕۆ تەکنەلۆژیا لە توانایدایە ئەقڵی ناوەوەشمان پیشانی خەڵک بدات و مقۆمقۆ دروست بکات.