وردتر

10:48 - 2022-08-16
لەشکر حەمە ساڵح
397 خوێندراوەتەوە

دەستپێشخەرییەكانی دەربازكردنی عیراق

جار لە دوای جار دەستپێشخەری و پڕۆژە و پێشنیاز دەخرێتەڕوو بۆ دەربازكردنی عیراق لەو بارودۆخەی تێی كەوتووە. بارودۆخێك كە لێكەوتەی راستەوخۆی هەڵبژاردنی پێشوەختی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردووە و بەهۆی هەڵوێست و تێڕوانینی لایەنە سەركەوتووەكانیشەوە تا دێت ئاڵۆزتر و بەیەكداچووتر دێتە پێشچاو.
ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی؛ كە لە چەند هێز و لایەنێكی عەرەبی شیعەی وەك هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی فەتح و فراكسیۆنی سادقون و هەندێك لایەنی تر پێكهاتووە، دەستپێشخەرییەكی نوێی هەیە و دەیەوێت لەگەڵ هەموو لایەنەكانی پەیوەست بەپرۆسەی سیاسی گفتوگۆی لەسەر بكات وەك هەوڵێكی دیكە بۆ كۆتایی هێنان بەو گرژی و ناكۆكییانەی كە بەرۆكی عیراقی گرتووە و بەشێوەیەكی گشتی بارودۆخەكەی بەكراوەیی لە بەردەم هەموو ئەگەرەكاندا هێشتۆتەوە.
تا ئێستا هەموو وردەكاری و خاڵەكانی دەستپێشخەرییەكەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ میدیاكان و خەڵك ئاشكرا نەكراوە، بەڵكو بەشێوەیەكی گشتی باس دەكرێت؛ بەڵام خستنەڕووی لەلایەن هادی  عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتحەوە وەك بەشێكی سەرەكی لە چوارچێوەی هەماهەنگی كە قبوڵكراوە لەلای رەوتی سەدر، رەنگە چارەنووسێكی جیاوازی هەبێت بەو مەرجەی پێشهاتی لە ناكاو روونەدات و لایەنەكان گرژی و ناكۆكی زیاتر نەهێننە ئاراوە.
بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح كە ئێوارەی رۆژی یەكشەممە 2022/8/14 لە دەباشان بەڕێوەچوو، گفتوگۆ كراوە لەبارەی دەستپێشخەریی نوێ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بەردەم پرۆسەی سیاسی عیراق و چڕكردنەوەی هەوڵە نیشتمانییەكان بۆ دۆزینەوەی دەرچەی دەستووری و یاسایی.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، یەكێتی پێشوازی لە  هەر دەستپێشخەرییەك دەكات كە سەرجەم لایەنەكان كۆبكاتەوە و ئامانجیش گەیشتن بێت بە رێكەوتنێكی نیشتمانی و دەربازكردنی عیراق لەو بارودۆخەی تێیكەوتووە. بۆ ئەمڕۆش ئەم دەستپێشخەرییە نوێیە لەگەڵ دیدگای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یەكدەگرێتەوە و لە خزمەتی گشتی و سەقامگیریدایە و یەكێتی پشتیوانی دەكات.
دەتوانرێت بوترێت ئەم دەستپێشخەرییە رەنگە دوایین هەوڵی لەو جۆرە بێت بەر لە رۆژی شەممە كە چاوەڕوان دەكرێت لایەنگران و شوێنكەوتووانی رەوتی سەدر گردبوونەوە و رێپێوانی فراوان لە بەغدا و بەشێكی شارەكانی عیراق بكەن وەك هەوڵێك بۆ سەپاندنی بۆچوونەكانیان لە بارەی رێگرتن لە هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ و پێویستی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و جارێكی تر تێهەڵچوونەوە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت.
بەڵام ئەگەر لێكدانەوە بۆ هەموو پێشهاتەكان و رووداوەكانی چەند هەفتەی رابردوو بكەین، پێناچێت ئەو جووڵە تازەیەی رەوتی سەدر جگە لە قووڵبوونەوەی ناكۆكی و گرژیی زیاتر هیچی لێبكەوێتەوە، چونكە لە رووی سیاسی و دەستووری و یاساییەوە بارودۆخەكە كەموكورتی ئەوتۆی نییە و ئەوەی تەحەكوم بە دیمەنی گشتگیری بارودۆخ و پێشهاتەكانەوە دەكات، تا رادەیەكی زۆر ناكۆكییە شەخسی و تایبەتەكانی نێوان كەسە سەرەكییەكانی لایەنەكانە نەك جیاوازی قووڵی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی. بۆیە ئەم دەستپێشخەرییە بەیەكێك لە دەرفەتە باشەكان دادەنرێت و پێدەچێت لەلایەن زۆربەی لایەنەكانەوە بەجددیتر وەربگیرێت و خوێندنەوەی بۆ بكرێت!

وتارەکانی نوسەر