یاداشته‌كانی شۆفێرێك

10:00 - 2022-08-17
وتار
288 خوێندراوەتەوە

دیاری حه‌مه‌ سه‌عید

ئەو هەڵانەی زیان بەمەكینە دەگەیەنن

بەشێوەیەكی گشتی چەند هەڵەیەك هەن كە زیانی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەمەكینەی ئۆتۆمبیل دەگەیەنن، بەڵام لەم دەرفەتەدا باسی چەند هەڵەیەكیان دەكەین كە زۆر باون و شۆفێران و خاوەنی ئۆتۆمبیلەكان زۆر دووبارەی دەكەنەوە.
هەڵەی یەكەم بریتییە لە كاركردنی ئۆتۆمبیل بۆ ماوەی چەند خولەكێك، جا بەمەبەستی گەرمكردنی مەكینە و ناوەوەی ئۆتۆمبیلەكە بێت لە وەرزی زستاندا، یاخود بۆ ساردكردنی ناوەوەی ئۆتۆمبیلەكە بێت لە وەرزی هاوین و كاتە گەرمەكاندا.
رەنگە ئەم حاڵەتە بۆ ئۆبۆمبیلە كۆنەكانی نزیكەی 25 بۆ 30 ساڵ لەمەوبەر گونجاو بووبێت بەڵام بۆ ئۆتۆمبیلەكانی ئەم سەردەمە نەك گونجاو نییە بەڵكو زیانیشی پێدەگەیەنێت، جا زیانەكە راستەوخۆ و خێرا بێت یان كاریگەرییەكەی لە مەودای دووردا دەربكەوێت.
بەپێی رێنمایی زۆربەی كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئۆتۆمبیل لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، كارپێكردنی بەیانیانی ئۆتۆمبیل ئەوپەڕی یەك خولەك یان دەقیقەی پێویستە جا لە هەر كەشوهەوایەكدا بێت یان بۆ هەر مەبەستێك بێت.
كاركردنی ئۆتۆمبیل لە كاتی بەیانیاندا چەند زیانێكی هەیە بۆ خودی مەكینەكە و ئۆتۆمبیلەكە بەشێوەیەكی گشتی. كەمتر لە خولەكێك پێویستە بۆ كەوتنەوەكاری مەكینە و پارچەكانی پەیوەست بەمەكینە و پەمپی ئاو و رۆن و دابەشبوونەوەی رۆن بەسەر بەشەكان و دەستپێكردنی سووتانی سووتەمەنی بەشێوەیەكی دروست و بەرهەمهێنانی وزەی پێویستە بۆ كەوتنەڕێگەی ئۆتۆمبیلەكە، بەدیاریكراوی ئەوەندە كات پێویستە تا هەموو گڵۆپ و ئاماژەكانی ناو داشبۆردی ئۆتۆمبیلەكە دەكوژێتەوە، بەگڵۆپی ئێرباگ و رۆن و هەموو بەشەكانی تریشەوە.
هەر دواكەوتنێك یان درێژكردنەوەیەكی ئەو ماوەیەی كە پێویستە زیانی لێدەكەوێتەوە. خێراترین كاردانەوە یان زیانی ئەو پرۆسەیە بەرزبوونەوەی رێژەی سەرفكردنی بەنزین و سووتەمەنییە، ئۆتۆمبیلە نوێیەكان، بەتایبەتی ئەوانەی دروستكراوی ئەمریكان، روونتر لە ئۆتۆمبیلی وڵاتانی تر زوو بەزوو ئەو كاردانەوەیەی لەسەر دەردەكەوێت و بەژمارە و بەدیاریكراوی بڕی سووتەمەنی بەهەدەردراوت بۆ روون دەكاتەوە، كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەكی روونە بەوەی واز لەو خووە خراپە بهێنیت.
یەكێكی تر لە هەڵە باوەكانی پەیوەست بەمەكینەی ئۆتۆمبیل، ئەو كاتە روودەدات كە دوای كارپێكردن و كوژانەوەی گڵۆپەكانی داشبۆرد، گێڕ دەگۆڕیت و دەكەویتەڕێ، هەتا كەوتنەجوڵەی ئۆتۆمبیلەكە لەسەرخۆ و هێواشتر بێت، بۆ مەكینە و ئۆتۆمبیلەكە باشترە، هەتا خێراتر و بەهەڵپەتر بێت زیانی زۆرترە، بەتایبەتی لەم كاتەدا كە بەهۆی گرانیی نرخی بەنزین و سووتەمەنییەوە، كوالیتی دابەزیووە و هەر زوو زیان بەر فیول پەمپ  یان پاڵاوگە دەكەوێت، یان لە ئۆتۆمبیلە نوێ و هەستیارەكاندا گڵۆپی مەكینە لەسەر داشبۆرد دادەگیرسێت.
ئەم حاڵەتە جگە لەوەی باسكرا، وردە وردەش تەمەنی گریمانەیی مەكینەی ئۆتۆمبیلەكە كەمدەكاتەوە، چونكە گوشار و پاڵەپەستۆیەكی زیاد لە پێویست و لەكاتێكی زۆر كەم و دیاریكراودا دەكەوێت سەر مەكینە كە وردە وردە زیانی پێدەگەیەنێت. بۆیە باشتر وایە، دوای كەوتنە جوڵەی ئۆتۆمبیل، جا لە كاتی بەیانیاندا بێت یان هەر كاتێكی تر، باشتر وایە جوڵەت لەسەرخۆ و هێواش بێت و هیچ گوشارێكی زیاد لە پێویست لەسەر مەكینە دروست نەكەیت.

وتارەکانی نوسەر