رۆڵی تەوقە و ماچکردن لە گواستنەوەی ڤایرۆسدا

10:09 - 2022-08-17
وتار
351 خوێندراوەتەوە

ماکوان رەشید

کاریگەریی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لاواز کردووە و بەرەو نەمانیان دەبات.
ئەوروپییەکان زۆرینەیان کە یەکتر دەبینن تەوقە و ماچ ناکەن، ئەگەر لەیەک نزیک بن ئەوە باوەشێکی نەرم تەنها بە شان بەیەکدا دەکەن بێئەوەی هەناسەیان بۆ یەک بچێت.
لە سەرەتای هاتنی ڤایروسی کۆڕۆنا، باس لە رێکارەکان کرا کە چۆن بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی تووش نەبین، یەکێک لەوانە تەوقە و ماچ بوو.
لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کەسوکارەکان لە نێو خۆیاندا، هاوڕێکان، فەرمانەبەر و شوێن کارەکان، رۆژانە کە یەکتر دەبینن جگە لە دەستخستنە ناودەست ماچی یەکتریش دەکەن هەروەک ئەوەی چەندین ساڵ بێت یەکتریان نەبینیبێت.
لەسەر شەقام دەوەستیت، پێنج کەس و زیاتر پێکەوەن، کەسێک دێت و یەک لەو پێنج کەسە دەناسێت، کەچی تەوقە لەگەڵ هەموویان دەکات، بەمەش هەرچی لەدەستی هەرکامێکیاندا بێت دەیگوازێتەوە بۆ ئەوانی تر، کەسەکانیش دەست بۆ لووت و دەم و چاویان دەبەن بێئەوەی بیشۆنەوە.
ڤایرۆسەکان جگە لە هەناسە و کۆکە و پشمین کە لووت و دەموچاو دەیان گوازێتەوە، دەست هۆکاری سەرەکییە بۆ گواستنەوەیان. 
دەستیش رۆژانە بەر دەیان شت دەکەوێت کە دەستی زۆری دیکەشی بەرکەوتووە لەو شتانەش: پارەی کۆکراوەی ناو پاسەکان و ئەوانی تر، دەسکی دەرگا، لێواری محاجەرە، سەری بەلوعە، قەڵەمی فەرمانگە و عەریزەنووس و بانکەکان بۆ ئیمزاکردن، کارتی یاریکردن( قومار) دۆمینە و تاوڵە لە چایخانەکان، عەلاگەی دەستی فرۆشیارەکان، دەسکی پەمپی بەنزین، زۆر شتی تر هەن کە رۆژانە دێنە پێش.
لە ئەوروپا پارە کەم بەکاردێت، لەبری ئەمە کارتی گیرفانی خۆتە، عەلاگەی میوە و شتی تر خۆت هەڵیدەگریت و تێی دەکەیت و خۆت دەیکێشیت، خەڵکی زۆربەیان لەناوبەریی ڤایرۆس لە گیرفانیاندا هەیە، ئەمە جگە لە چوونە ژوورەوەی هەر شوێنێکی کڕیندا ئەو مادەیە دانراوە و خەڵک لە مۆڵەکان و سوپەرمارکێتەکان شت دەکڕێت نەک لەسەر جادە و بازاڕی میللی.
مرۆڤی کورد کە رانەهاتووە لە گەڵ خۆپارێزی و زۆرێک دەڵێن ( بەدەست خوایە کە هات دێت) و لەم باوەڕەوە نە خۆیان دەپارێزن نە کەسانی دیکەش.
بیر لەوە ناکەنەوە کە رەنگە خۆی توانای بەرگریی باشی هەبێت، بەڵام دایکی یان ژنەکەی یان ئەندامێکی خێزانەکەی ئەو بەرگرییەیان نییە و تووش ببن دەمرن.
چەند ساڵێکە لەدوای جەژنی رەمەزان و قوربان بە سێ رۆژ ئەم ڤایرۆسە سەر هەڵدەداتەوە، ئەمەش بەهۆکاری سەردانی ماڵانکردن کە لەهەندێک گەڕەک ئەو ماڵانەش دەچن کە نایان ناسن، هەڵگرتنی چکلێت کە دەستی دیکەشی بەرکەوتووە، تەوقە و ماچکردن، هۆکاری گواستنەوەی ڤایرۆسەکانن.
مڕۆڤ دەتوانێت بەدەم هەموو ئەو هەستانە بۆ بەرامبەرەکەی بەیان بکات بێ ئەوەی دەست بخاتە ناو دەستی یان ماچی بکات، سەردەمی ڤایرۆسەکانە و ئەویان دەڕوات یەکێ تر بەدوایدا دێت، باشترە ئیتر تەوقە و ماچ نەمێنێت، ئەگەر کەسەکان لە یەکتر دڵنیا نەبن.

وتارەکانی نوسەر