شەن و کەو

10:03 - 2022-08-18
مستەفا محەمەد
571 خوێندراوەتەوە

کارتی بە کارهێنانی شەقام ئەنجامی چی دەبێت؟

تەکتیک و مانۆڕی سیاسی لایەنە ناکۆکەکان بەتایبەت نێو ماڵی شیعە هەر رۆژەو پێشهاتێکی نوێ له گۆڕەپانی عیراقدا دەخولقێنێ و دۆخەکە لە مەترسی روودانی پێکدادانی لایەنگرانیان لەشەقامی پەرتبوودا زۆر نزیک دەکاتەوە!
لەلایەک لایەنگرانی سەدر لەنێو پەرلەماندا لەسەر داوای سەرۆکی رەوتەکەیان لە مانگرتن بەردەوامن و دەیانەوێ بەو هەنگاوە و «خۆپیشاندانی ملیۆنی» هەروەک پێشتر بانگەشەیان بۆ کردبوو بە مرازی خۆیان بگەن، کە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە، لەولاشەوە لایەنگرانی چوارچێوەی هەماهەنگی چەند رۆژێکە بەهەزارانیان لە چواردەوری ناوچەی سەوز گردبوونەتەوە و خۆپیشاندانی پێچەوانەیان بۆ نیشاندانی هێزی خۆیان رێکخستووە و داوای چۆڵکردنی قوببەی پەرلەمان و گرێدانی دانیشتن دەکەن تا کابینەی نوێ بە سەرۆکایەتی کاندیداکەیان پێکبهێنرێ.
ئەم پێشهاتانە هێندە مەترسیدارن سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەریان «کە خۆی بەشێکە لەگەمەکەی سەدر»  هێناوەتەگۆ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان داوای «گفتوگۆی بەپەلەی نیشتمانی» بکا، وەزیری داراییشیان خستە هەڵوێستی کشانەوە لەکابینەکەی کازمی، هەروەها سەدریشیان ناچارکرد لە خۆپیشاندانە ملیۆنیەکەی شەممەی داهاتوو پاشگەزبێتەوە.
بێگومان خۆشکردنی ئاگر و گەرمکردنی شەقامی عیراقی بۆ یەکلایی کردنەوەی ململانێ سیاسییەکان هەم کارتێکی دووسەرەیە و هەمیش یارییەکی سیاسی سوتێنەر و سامناکە، تا ئەوکاتە بەکارهێنانی ئاسایی دەبێ و بڕ دەکات کە هێڵەکان یەکتر نەبڕن، دەنا لە بەزاندنی ئەو هێڵانەدا تەنها یەک تێکچڕژان و رووداو و تەکتیکێکی شەڕەنگێزانە بەسە کە عیراق نغرۆی شەڕێکی خوێناویی و کارەساتێکی وا ببێتەوە، تەڕ و وشک بەیەکەوە هەڵپڕوکێنێ و بەتەواویی سستمی حکومڕانی و دامەزراوە دەستورییەکانیش لەو وڵاتەی کە فرە پێکهاتەیە، هەرەس پێ بێنێ!
درێژە کێشانی قەیرانی سیاسی بەم فۆڕمەی ئێستا و بەردەوامیدان بەو ئاراستەیە، پێمان دەڵێ هیچکام لە تەڕەفە ناکۆکەکان تا ئەمڕۆ لەبەدیهێنانی خواستی شەقام و دەنگدەر سەرکەوتوونەبوون، بگرە لە بچوکترین پێناسەدا مانای نوقڵانەی هەڵگیرسانی شەڕ و تێکدانی ئاشتی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی عیراقیە کە دواجار ماڵوێرانیەکە هەر لەسەر حسابی زیانی هاووڵاتیان تەواو دەبێ!
پێشتر وتمان بەکارهێنانی مانگرتن لەناو پەرلەمان و بانگەشەی خۆپیشاندان لەلایەن سەدرەوە ئاماژەی روونن بۆ پەشیمانی ناوبراو لە کشاندنەوەی نوێنەرەکانی، لەم وتارەماندا دەکرێ ئەوەشی بۆ زیاد بکەین کە دووبارە پاشگەزبوونەوەشی لە خۆپیشاندانە ملیۆنیەکەی، نیشانە و دەرخەری ئەو راستیەن کە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە هێمنی و دوور لە هەڵچوون لەم گەڕەشدا بەسەر روئیا و تەکتیکی سەدر بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکە براوەبوون!
 ئیتر بژاردەکان لە بەردەم سەدردا تەنها دووانن، یا هەڵگیرساندنی شەڕێک کە پێش هەمووان ماڵی شیعە خۆی زیانمەندی سەرەکییەتی، یا بەخۆداچوونەوە و جارێکی تر کردنەوەی دەروازەی گفتوگۆ و دانوستان و زاڵبوونی ئیرادەی عەقڵ بەسەر ئیرادەی بەرژەوەندیی و قۆرخکاریی دەسەڵات، ئەویش تەنها بە چۆڵکردنی پەرلەمان و  رێگەدان بەلایەنی سێیەمی نێوەندگیر «دەرەکی بێ یا ناوخۆیی» بۆ گەڵاڵەکردنی بژاردەی نوێ و رێگەدان بەدانیشتنی یاسایی پەرلەمان و دواجاریش پێکهێنانی کابینەیەک، زۆرینەی لایەنەکان پێی رازی بن و لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە.

وتارەکانی نوسەر