ئاسایشی ئاو، واتا مسۆگه‌ركردنی دابینكردنی ئاو گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه نه‌ك هه‌ر بۆ مرۆڤ به‌ڵكو بۆ هه‌موو زینده‌وه‌ران، ئاسایشی ئاو له بابه‌ته ستراتیژییه‌كانه، بۆیه په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به ئاسایشی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه هه‌یه به گشتی .
له‌به‌ر ئه‌وه‌شه بیر و بۆچوونی ستراتیژی نێوده‌وڵه‌تی ماوه‌یه‌كی زۆر درێژ نییه گرنگی تایبه‌ت به ئاسایشی ئاو ده‌دات، چونكه زۆر پێویسته بۆ سه‌روه‌ریی نیشتمانی و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ گومانێك له‌وه‌دا نییه كه په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیكی له نێوان ئه‌و دووانه‌دا هه‌یه، هه‌ردووكیان دوولای هاوكێشه‌یه‌كن، دابینكردنی یه‌كه‌میان بناغه‌یه بۆ دابینكردنی دووه‌م، پێچه‌وانه‌كه‌شی راسته .
بانكی نێوده‌وڵه‌تیش هۆشداری داوه له‌وه‌ی عیراق %20 داهاتی ئاوی تاوه‌كو ساڵی 2050 له ده‌ست ده‌دات، به هۆی به‌رده‌وامی دیارده‌ی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا، له‌لایه‌كی تریشه‌وه %90سه‌رچاوه‌ی هه‌موو رووباره‌كانی عیراق له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانییه‌وه دێن .
به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاوی هاتوو بۆ عیراق له ئێران و توركیاوه، هه‌روه‌ها وشكه ساڵی و كه‌می باران له سێ ساڵی رابردوودا، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عیراقیش رایگه‌یاندووه كه پلانی ساڵانه‌ی خۆی بۆ %50 دابه‌زاند، هه‌روه‌ها كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو بۆته هۆكاری كۆچی جوتیاران به‌ره‌و شاره‌كان به تایبه‌تی له باشووری عیراق .
له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌موو توێژینه‌وه ئابوورییه نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆییه‌كان پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه عیراق زه‌ره‌رمه‌ندترین وڵاته به‌هۆی گۆڕانی كه‌شوهه‌واوه، بۆیه زۆر پێویستی به چاكسازی هه‌یه، له بواری به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رچاوه‌كانی ئاو و دابه‌شكردنی به شێوه‌یه‌كی هاوسه‌نگ و یه‌كسان، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وام به‌ده‌ست بهێنێت، چونكه عیراق له پله و ریزبه‌ندی پێنجه‌م دایه له‌سه‌ر ئاستی جیهان له‌نێو ئه‌و وڵاتانه‌ی كاریگه‌ری دیارده‌ی گۆڕانی كه‌شوهه‌واو قه‌تیس بوونی گه‌رمایان له‌سه‌ره .
ساڵی پار كاتێك زه‌نگی مه‌ترسی لێدرا له لایه‌ن وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عیراقه‌وه كه رایگه‌یاند ئێران ته‌واوی سه‌رچاوه ئاوه‌كانی عیراقی وشك كردووه، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر پارێزگای دیاله و شه‌تولعه‌ره‌بیش هه‌بووه، پێش ئه‌مه‌ش وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌وه‌یان راگه‌یاند كه كۆماری ئیسلامی ئێران به رێژەی %100سه‌رچاوه‌كانی ئاوی له هه‌رێمی كوردستان بڕیوه، له دوای ساڵی 2003 وڵاتانی دراوسێی عیراق، ئێران و توركیا پڕۆژه‌ی زۆریان له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌كانی ئاو دروستكرد، له‌لایه‌كی تریشه‌وه زیادبوون و گه‌شه‌كردنی زۆری ژماره‌ی دانیشتوان خواستی ئاوی زیادكردووه چ بۆ خواردنه‌وه و چ بۆ ئاودێری، له هه‌مانكاتدا كۆنی ته‌كنیكه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی ئاو و لاوازی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق بۆ دابینكردنی پشكه ئاوی خۆی.
له كۆتاییدا عیراق پێویستی به كۆنگره و كۆنفرانسی زانستی له سه‌ر ئاستی زانكۆكان و هاوكاری نێو ده‌وڵه‌تی هه‌یه، بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی ئاو كه له مێژه پێشبینی ئه‌وه كرابوو كه سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك سه‌ده‌ی جه‌نگی ئاو ده‌بێت، به‌ڵام عیراق بێ‌باك بوو .