بڕیاری بوێرانە بەڵێن دەکاتە ئەو کردارەی خەڵک دەیەوێت

10:01 - 2022-08-24
وتار
362 خوێندراوەتەوە

ماکوان رەشید

راپەڕینی ساڵی 1991 سەرکەوتن بوو بۆ خەڵکی ئازادیخواز و رزگاریخوازی کورد، بەرهەمی خەبات و قوربانییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو، لەهەمان کاتیشدا پشتی بەعسییەکان و ئەڵقە لەگوێکانیانی شکاند.

زۆرێک هەن ئەمڕۆ شکستی حزبێک لە حزبە سەرەکییەکانی راپەڕین بە ئاوات دەخوازن، بە هەموو جۆرێک هەوڵ دەدەن لە دژیان بن، بە جۆرێک هەر گروپێکی نوێ دروست ببێت، ئەوان خۆیانی تێدەخزێنن و چەپڵەی بۆ دەکوتن تا ئەوکاتەی لە دژی دەسەڵات قسە دەکەن، کاتێکیش کۆڵ لەو دروشمە دەدەن، ئەمانیش لێی دەکشێنەوە، چونکە ئەوانە کە خوازایارانی گەڕانەوەی بەعسن، هەر ئەوەندە دەچنە پاڵ لایەنێک کە لە دژی حزبی باڵادەست بێت.
حزب هی خەڵکە و خەڵکیش خاوەنی حزبە، لەفەرمانگەیەکدا رەنگە بەشی هەموو لایەنە سیاسییەکان لایەنگر هەبێت و تەنها سەر بە لایەنێک نەبن، فەرمانبەرەکان بەشێکن لە خەڵک، کەوابوو حزب لەناو خەڵکدایە.
هەموو کۆمەڵگەیەک لە رێگەی حزبەوە بەڕێوە دەبرێت، تەنانەت ئەوانەش کە پاشایەتین هەر حزبەکان لە رێگەی هەڵبژاردنەوە حکومڕانی بەدەست دەهێنن.
کۆمەڵگە بەردەوام لە هەموو سەکتەرەکانی ژیاندا نوێبوونەوەی پێویستە، حزب دەبێت دەستی هەبێت لەو گۆڕانکارییانەدا، چونکە ئەگەر حزب حکومڕان بوو، ئەوا دەتوانێت هەنگاو بنێت بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە، ئەگەر لە ئۆپۆزسیۆنیشدا بوو، هەر ئەرکی هاوپشتیکردنی خەڵکە بۆ باشتربوونی حکومڕانی و ژیانی کۆمەڵگە.
 تاک ناتوانێت بەشداریی پلانداندانان بێت، تەنها ئەو کاتە نەبێت کە لەو پلە و پۆستەدایە کە دەتوانێت پێشنیاز بکات یان بڕیار بدات، بەڵام بە دەنگی تاکەکان حزب دەچێتە ناو حکومڕانییەوە و لە بری تاکەکان بڕیار دەدات.

 

چاکسازیی و گۆڕانکاریی ئەگەر پێویستیی رۆژانەی کۆمەڵگە و حکومڕانی بن، ئەوا ئەرکی حزبە کە هەمیشە و بەردەوام هەنگاوی بوێرانە بنێت بۆی نەک بەڵێنی بێ کردار

 

خەڵک رووی دەمیان لە حکومەتە بۆ چارەسەری کێشەکان و پاراستنی ژیانیان و بەڕێوەبردنی وڵات. چاکسازیی و گۆڕانکاریی ئەگەر پێویستیی رۆژانەی کۆمەڵگە و حکومڕانی بن، ئەوا ئەرکی حزبە کە هەمیشە و بەردەوام هەنگاوی بوێرانە بنێت بۆی نەک بەڵێنی بێ کردار، خەڵک رۆژانە شتی نوێ ببیستن، ئەوکات تێدەگەن کە ئەو حزبە چییان بۆ دەکات.
لە ئیدارەدانی  پڕ لە گەندەڵیدا، بڕیاری چاکسازی و رێگرتن لە گەندەڵی بوێریی دەوێت و بە هەموو کەس ناکرێت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ماوەیەکە بە هەندێک بڕیاری سەخت و بوێرانە کەوتۆتە هەنگاوی چاکسازی و وەک بەڵێنیشی داوە بەردەوام دەبێت.
ئەو فەرمانەی سەرۆکی یەکێتی دەریکرد بۆ ناو حزبەکەی خۆی و تیایدا ئاگاداریان دەکاتەوە کە نابێت پلە و پۆستەکانیان بەکاربهێنن بۆ بەدەستهێنانی خواست و بەرژەوەندییەکانیان لە کۆمەڵگەدا، بڕیارێکی گرنگە و لای خەڵک دەنگی دایەوە و دەست خۆشییان لێدەکەن، چونکە پێچ و پەنای تێدا نییە، ناوی هەندێک وەک (مەسئول) کەوتبووە سەر زاری خەڵک و بە ئاشکرا ببوونە مۆتەکە بەسەر فەرمانگەکانەوە. 
بەدوای ئەمەشدا دەستگیرکردنی پێنج کەس لە بازرگانە گەورەکان بە تۆمەتی هاوکاریکردن و دەستخستنە ناو کارە نایاساییەکانەوە بۆ ساغکردنەوەی موڵکە گشتییەکان و دابەشکردنی لە نێوان خۆیاندا.
 ئەمانە کە خەڵک پێشتر درکی پێدەکردن، گلەییەکی زۆریان لا دروست دەبوو کە بۆچی یەکێتی رێگەیان پێدەدات؟ ئەم گلەییەش کاریگەریی هەبووە لەسەر کەمکردنەوەی دەنگەکانی یەکێتی.
بڕیارە بوێرانەکانی سەرۆکی یەکێتی، نیشانەی نوێبوونەوە و هەستانەوەی یەکێتییە بە گوڕوتینی نوێوە، هەموو بڕیارێکیش هەر وەک راپەڕین، لای هەندێک جێگەی خۆشحاڵییە و بۆ هەندێکیش کە بەرژەوەندییەکانیان دەکەوێتە مەترسییەوە دەبێتە جێگەی لۆمە و پرتە و بۆڵە و بە بڕیاری تاکڕەویی دادەنێن.
ئەم بڕیار و هەنگاوە گرنگانەی یەکێتی بۆ خاوێنکردنەوەی حزبەکە، پێدانی روویەکی گەشە پێی لای جەماوەرەکەی، هیوا دەگەڕێنێتەوە بۆ خەڵکەکەی، کە لە مێژە دەیان پرسیار و گلەیی لەلایان دروستبووە. 

 

 

نابێت کەسێک بە تەلەفۆنێک دەیان دۆنمی بۆ حیجز بکرێت و هەژارێکیش 15 ساڵ لە نۆبەی وەرگرتنی پارچە زەوییەکدا بێت و هێشتا پێی نەدرێت

 

 

ئەو گەندەڵکار و گەندەڵییانەی بە سوودوەرگرتن لە بەرپرسیارێتی حزبی دەکرێت، هەر حزب دەتوانێت دەستیان ببڕێت و نەیانهێڵێت.
بەو هیوایەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و دەستەی باڵای حزب، بەردەوام بن لەم هەنگاوانە و چیتر نەهێڵن بەرپرسێکی حزبی دەست لە کاروباری ئیدارەدان وەربدات، نابێت کەسێک بە تەلەفۆنێک دەیان دۆنمی بۆ حیجز بکرێت و هەژارێکیش 15 ساڵ لە نۆبەی وەرگرتنی پارچە زەوییەکدا بێت و هێشتا پێی نەدرێت.
بڕیاری بوێرییانەی یەکێتی، لەوەدایە کە ناترسێت لەوەی کام بەرپرس و کەسایەتی لەسەر گەندەڵی و کاری ناڕەوا سزا بدات و لێی دوور بکەوێتەوە، چونکە دەنگی ئەوانە زۆرترن و جێگەیان دەگرنەوە کە داوای چەسپاندنی دەستپاکی و دادپەروەریی دەکەن لە حزب و حکومەتدا.

 با گەندەڵکاران خۆیان و لایەنگرەکانیان لەگەڵ خۆیان ببەن و بڕۆن، زۆرتر لە ژمارەی ئەوانە دەبنە پشتوپەنای یەکێتی، چونکە زۆرینەی خەڵک ئەوەی دەوێت، تەنانەت زۆرێک لەو لەشکرە تۆراوەی یەکێتیش کە سەردەمانێک و لە رۆژە سەختەکاندا دەستیان بە باڵێیەوە بووە، هیوایان بە حزبەکەیان بۆ دەگەڕێتەوە.

 

لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی - رێوڕەسمی دابەشکردنی زەوی بەسەر ژمارەیەک کەسوکاری شەهیداندا

وتارەکانی نوسەر