پاراستنی جیهانی سایبرانی، کاروباری مەعریفە

10:04 - 2022-08-25
فەیسەڵ عەلی
544 خوێندراوەتەوە

لەبەردەم ئەم هەموو سامانە سروشتییە، مرۆڤ بەدوای مەعریفەدا وێڵە، تا راستیی ئەو سامانەی بۆ دەربکەوێت، هەروەها بە دوای ئەو مەعریفەیەدا وێڵە، تا بتوانێ ئەو ئامرازانە دروست بکات، کە لێوەی سوود لەو سامانە وەربگرێت، پاشان بەدوای مەعریفەیەکی تریشدا وێڵە، تا بتوانێ بە باشترین شێواز ئەو ئامرازانە بەگەڕبخات، بۆئەوەی زۆرترین سوود بەدەستبهێنێت و کەمترین بەهەدەردانیشی هەبێت. بەو جۆرە دەبینین مەعریفە لە هەر دەرامەتێک لە دەرامەتەکان بۆ سێ ئاست بەش دەبێت:
ئاستی یەکەم: ئاستی ناسینی راستی ئەو دەرامەتانە و شرۆڤەکردن و رۆچوونە لە قووڵاییەکانیدا، ئەم ئاستە وەڵامی «چی» و «بۆچی»؟ دەداتەوە. 
ئاستی دوووەم: ئاستی بەگەڕخستنی ئەو راستییانەیە تا پێدراوی سوودبەخشی لێ هەڵبهێنجرێت، ئەم ئاستە «چۆنێتیی یەکەمە».
 ئاستی سێیەم: ئاستی بەکارهێنانی ئەو پێدراوانەیە بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین سوود، واتە ئاستی «چۆنێتیی دووەمە».
ئەگەر ئەوەی سەرەوەمان لەسەر جیهانی سایبرانی پراکتیزە بکەین، بۆمان دەردەکەوێت، کە ئەو پێدراوە تەکنۆلۆجییە داهێنراوانەی ئەم جیهانە، هەر لە کۆمپیوتەر و سیستمی پەیوەندی، بە مەعریفەی « چۆنێتیی یەکەمەوە» پەیوەستە، کە پشتی بەو دۆزینەوە زۆرەی رابردوو کە لە دەرامەتی سروشتییەوە بەدیهاتوون، مەعریفەی «چی» و رەنگە «بۆچی» لە بواری دۆزینەوەی پێکهاتەی ئەو دەرامەتانە و رەوتی تەوژمەکان لە ئاسمان، بوارە هەمەجۆرەکانی تردا بێت. 
دوای ئەمانیش، مەعریفەی «چۆنێتیی دووەم» دێت، کە بەکاراکردنی بەکارهێنان و باشتر سوودوەرگرتن لەو پێدراوانەوە پەیوەست بێت. لێرەدا پرسی پاراستنی ئاسایشی جیهانی سایبرانی لە نێو مەعریفەی «چۆنێتیی دووەم» بەدیار دەکەوێت، چونکە پاراستنی ئەو بەکارهێنانە خوازراوە، خواستێکی گرنگی دەستەبەرکردنی ئەو سوودە خوازراوەیە.
لەسەر بنچینەی ئەوەی سەرەوە، دەبێ مەعریفە لە پرسی پاراستنی ئاسایشی سایبرانییدا، حزورێکی بەرچاوی هەبێت، لەو نموونانەی لەم بارەیەوە باسکراون، مەعریفە وەک رەهەندێک لەو پێنج رەهەندەی جیهانی سایبرانی دانراوە، ئەمەش بەپێی ئەو سامپڵەی زانکۆی ئۆکسفۆرد لە ساڵی 2021دا دایناوە.
ئەو سامپڵە چوار هۆکاری سەرەکی، کە بە کاروباری مەعریفەوە پەیوەستە دەخاتەڕوو: 
هۆکاری یەکەم:  
هۆشیارکردنەوەیە لە مەترسییەکان و ئەو ئاڵەنگارییانەی ئەم جیهانە رووبەڕووی دەبێتەوە، هەروەها چۆنیش مامەڵەی لەگەڵ دەکات. 
هۆکاری دووەم:
 ئەو ئاستی خوێندنەیە کە بۆ بەدەستهێنانی کارامەیی پێویستە، تا بتوانرێ بەهۆیەوە بەرگریی لە ئاسایشی سایبرانی بکرێت.
 هۆکاری سێیەم:
بایەخ بە کاروباری راهێنان و بەدەستهێنانی کارامەیی پێویست بۆ ئەو بەرگرییەی دەخوازرێت. 
هۆکاری چوارەم:
 پێداگیریی لەسەر توێژینەوە و داهێنان لە پاراستنی ئاسایشی سایبرانی دەکات، بایەخ بە نوێبوونەوەکان دەدات و لەگەڵ نوێبووەکاندا هەنگاو دەنێت. 
بەوجۆرە، ئەو چوار هۆکارە لە چوارچێوەیەکی فراواندا، کاروباری مەعریفە بەسەر کەرتەکانی سامانی مرۆییدا بەش دەکات، بەجۆرێک هۆشیاری بۆ هەموان، مەعریفە و کارامەیی بۆ پسپۆڕان، داهێنان بۆ توێژەران بێت.  
لێرەدا تیشک دەخەینە سەر هەریەک لەو هۆکارانە:
یەکەم:
 بەو هۆشیارییە دەست پێدەکەین، کە هەموان پێویستییان پێیەتی. چوار لایەن بە بەرپرسیارێتیی فەراهەمکردنییەوە پەیوەستە. لایەنی یەکەم و دووەمی، بەرپرسیارێتییەکە لەسەر حکومەت و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتە.
 لەلایەکی ترەوە، ئەو دوو لایەنە زیاتر لە هەموان رۆڵیان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی لەڕێی جیهانی سایبرانییەوە هەیە، بێگومان مکوڕبوونیان لەسەر ئاسایشی ئەو جیهانە لەوەدایە کە خۆیان بەشێکی سەرەکی ئەو جیهانەن، بەدواشیدا پێویستیان بە زیادکردنی هۆشیارییە سەبارەت بە کاروباری پاراستنی ئاسایشی ئەو جیهانە. دوای ئەوانە، بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگەی مەدەنی دەردەکەوێت، دامەزراوەکانی ئەم کۆمەڵگەیە بەرپرسن لە هاوکاریکردنی دامەزراوەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت بۆ باشترکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە کۆمەڵگە دەکرێن. بێگومان هۆشیاریی خزمەتێكی گرنگە، کە کۆی کۆمەڵگە پێویستی پێیەتی، پاشان پێویستیی زۆر بە هۆشیاکردنی تایبەتی خاوەن پێگە کاریگەرەکانی کەرتە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگەیە،  سووربوونی ئەمانە لەسەر ئاسایشی سایبرانی، گرنگییدان بەو بوارە کاراتر دەکات و پشتیوانیشی بۆ زیاد دەکات.
دووەم:
 هۆکاری خوێندن و کاراکردنی پسپۆڕانە لە بواری پاراستنی ئاسایشی سایبرانیدا. بێگومان خوێندکارانی خوێندنی گشتی، لەبەرنامەکانی خوێندنیاندا بۆ پاراستنی ئەو ئاسایشە، پێویستیان بە ڤاکسینێکە، رەنگە ئەمە بچێتە چوارچێوەی خزمەتگوزاریی هۆکاری هۆشیارییەوە. 
دەبێ لە خوێندنی باڵادا بەرنامەی تایبەتی و پسپۆڕی بۆ سازدان بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی سایبرانی هەبێت، لەم رووەوە دوولا هەیە، یەکەمیان، ئامادەکردنی بەرنامەی گونجاوە، کە هەموو پێداویستییەکانی کاری تایبەت بەو پاراستنە بگرێتەخۆ، دواتریش پێشکەش بکرێت. دووەمیان، ئیدارەدانی ئەو بەرنامەیە و ناسینی پێداویستییەکانی و فەراهەمکردنی دەرامەتی مرۆیی و تەکنۆلۆجیی پێویست و کارکردن بۆ جێبەجێکردنی، پێدانی بڕوانامەی ئامادەسازیی، تا بەباشترین شێواز سوودیان لێ وەربگیرێت.
سێیەم:
 هۆکاری راهێنان و جەختکردنە سەر کارامەیی کرداریی پێویستە بۆ ئەو پاراستنە، دەبێ مەعریفەی پسپۆڕی بەهێزبکرێت تا هەموو لایەنە تیۆرییەکان بۆ تەواوکاریی لەخۆگرتنی هەموو ئەو پرسانەی پەیوەندیدارن بگرێتەوە، وێڕای کاراکردنی مەعریفەی پسپۆڕیی پێویست تا پێداویستییەکانی پراکتیزەکردن لەخۆبگرێت. هەروەها لە هۆکاری خوێندن، بۆ کارکردنی کارامەیی دوو لایەن هەیە: یەکەمیان، ئامادەکردنی بەرنامەی راهێنانی گونجاو و کارکردنە لەسەر پێشکەشکردنی، وێڕای لایەنی ئیدارەدانی، هەروەها فەراهەمکردنی پێداویستییەکانی و پێدانی بڕوانامەی گونجاوی راهێنان.
چوارەم:
 توێژینەوە و داهێنانە، کە بایەخ بە ئامادەکردنی توێژەران لە بواری ئاسایشی سایبرانی دەدات، تا بتوانن بەدواداچوون بۆ کاروباری ئەم پرسە و پەرەسەندنەکان و ئاڵنگارییەکانی بکەن، هەروەها توانای داهێنانی بیرۆکەی نوێ و جێبەجێکردنیان هەبێت، بۆئەوەی دەستەبەری تەواوی پاراستنی ئاسایشی سایبرانی بکرێت. بێگومان زانکۆ و بەرنامەکانی خوێندنی باڵا و سەنتەرەکانی توێژینەوە بەشداریی دیار لەم پرسەدا دەکەن. وێڕای ئاراستە جیهانییەکە کە هانی دامەزراوەکان دەدات تا لەم رووەوە داهێنان بکەن، بەڵگەی ئەمەش، رێکخراوی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانە  ISO، کە پێوەری بۆ دامەزراوەکان داناوە تا هەوڵەکانی داهێنان کارا بکات.

وتارەکانی نوسەر