ئەگەر هەڵبژاردن پێشوەختە نەبوایە

10:10 - 2022-08-25
جەمال ئارێز
390 خوێندراوەتەوە

بەر لە پەتای کۆرۆنا، پەتایەکی پێشوەختە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق و بەتایبەتی بەغدای پایتەختی تەنییەوە کە دواتر بە شۆڕشی تشرینییەکان ناوزەدکرا.
«شۆڕشی تشرینییەکان» بەجۆرێک عیراقی خستە دۆخی شڵەژاوییەوە، کە لە داوای خزمەتگوزارییەوە گەیشتە داواکاریی دەستلەکارکێشانەوەی کابینە و پێکهێنانی کابینەیەکی راگوزەر تا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پێشوەختە.
داواکاریی هەڵبژاردنێکی پێشوەختە
دوای سەرکەوتنی خۆپیشاندەران لە سەپاندنی داواکەیان سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەی کابینەکەی عەبدولمەهدی، سێ کەسی دیکە بە ماوەی جیاجیا لەلایەن کوتلە جیاجیاکانەوە ناودێرکران بۆ پێکهێنانی کابینە و سیڤییەکانیان رەوانەی سەرۆک کۆمار کرا، بەڵام دووانیان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە رەتکرایەوە و دواجار وەک چارەسەرێکی مامناوەندی، نوێنەرانی خۆپیشاندەران و لایەنە سیاسییەکان لەسەر پێکهێنانی کابینەیەکی راگوزەری تەکنۆکرات بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی رێکەوتن کە پێشتر سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عیراق بوو، بەڵام بەو مەرجەی سەرۆک وەزیران لە کارنامەی کابینەکەیدا وادەیەک دیاری بکات بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.
کۆرۆنا و وادەکە
وەک داواکرابوو، سەرۆک وەزیرانی نوێ لە کارنامەکەیدا ئەوەی خستەڕوو کە پابەندە بە داواکەی خۆپیشاندەرانەوە و دوای راوێژ لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بڕیاریدا رۆژی 6/6/2021 هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەبچێت و ئەو ماوەیەش دانرا بۆ هەڵبژاردنی کۆمسیۆنێکی نوێ و پێدانی دەرفەتێک بە نوێنەران بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن تا لەگەڵ دۆخی نوێ و خواستی شەقامدا بگونجێت، بەڵام پەتای کۆرۆنا و پەککەوتنی زۆربەی جومگەکانی کارگێڕی لە عیراق و زۆربەی جیهاندا و دابەزینی نرخی نەوت، زۆرێک لەو رێوشوێنانەی لە وادەی دیاریکراوی خۆیان دواخست، چ لە رووی ئیفلیجبوونی ژیانی ئاسایی و چ لە رووی داهات و دابینکردنی پارەی پێویستەوە، بۆیە بەناچاری وادەکە گۆڕرا بۆ 10/10/2021.
وادەی ئاسایی هەڵبژاردن
بەگوێرەی دەستووری عیراق دەبوو هەڵبژاردن  لە کۆتایی مانگی ئایار یان سەرەتای مانگی حوزەیرانی 2022 دا بکرایە بەو پێیەی هەڵبژاردنی رابردوو لە 12/5/2018 دا بەڕێوەچووبوو، بەڵام لەژێر ناوی هەڵبژاردنی پێشوەختەدا حەوت بۆ هەشت مانگ لە وادەکەی خۆی پێشخرا.
 سەرباری ئەو پێشخستنی وادەیەش، وا 10 مانگ زیاتر بەسەر ئەو هەڵبژاردنە پێشوەختەدا رەت بووە، بەڵام هێشتا جگە لە سوێندخواردنی نوێنەرەکان، نەک هیچ هەنگاوێک بەرەپێشچوون بەدینەهاتووە، بەڵکو هێشتا پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و تەکلیفکردنی کەسێک بۆ پێکهێنانی کابینە بووە بە گرێکوێرە، ئەوە سەرباری دەستلەکارکێشانەوەی 73 پەرلەمانتاری رەوتی سەدر و خۆپیشاندانی بەردەوام لە دەرەوەی پەرلەمان و ناو حەوشە و هۆڵەکەشیدا.
ئێستا دەکرێت بپرسین هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرایە ئەمە ئەنجامەکەیەتی کە دەیبینین، ئەگەر نەکرایە چی لە بارودۆخەکە دەگۆڕی؟ تەنانەت ئەگەر هەڵبژاردن لە کاتی یاسایی خۆیدا بکرایە، بەڵام بەو یاسایە بوایە چ جیاوازییەکی دەبوو لەگەڵ ئێستا؟ ئەوەی دەیڵێین بێ ئەرزش کردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان نییە، بەڵکو مەبەستەکە لەو گوشارانەیە کە هەندێک ئەجێندای ئەملاولا بەناوی شەقامەوە تێکەڵ بە خۆپیشاندانەکان کراون و شەقام و هاووڵاتیی سادە لێی بێبەرییە، تەنانەت زۆرێک لەوانەش کە لە خۆپیشاندانەکاندا بەشدارن یان بە نییەتی چاکسازیی ئاراستەی دەکەن، لێی بێبەرین. چونکە ئاوازی خۆپیشاندانەکانی ئێستا ئاوازێکە نەک بۆ گۆڕینی دەموچاوەکان و کەسەکان لەسەر بنەمای گەندەڵی یان ئامانج لێی چاکسازیی ریشەیی نییە، بەڵکو هەندێک دەستی ئەملاولای تێکەڵ بووە کە شەقام بەکاردەهێنێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستمی حکومڕانی و دەستوور تا لەو رێگەیەوە ئەجێندایەک بسەپێنرێت کە هێشتا هاووڵاتیی ئاسایی بە تەواوەتی لێی حاڵی نییە و چەند دروشمێکی رازاوەیە لە شێوەی قاپێک هەنگویندا و کەوچکێک ژەهری تێکراوە، تامەکەی لەسەر زاری خەڵکە سادەکە شیرینە، بەڵام دوای نۆشکردنی، ژەهری رەگەزپەرستی و تایفی و شۆڤێنیزم بە جەستەیدا بڵاودەبێتەوە کە دوایی رەنگە خۆی ببێتە قوربانیی ئەو جۆرە سیستم و دەستوورەی شەوی بەدیارەوە رۆژ دەکاتەوە.  

هەڵبژاردنی پێشوەختە نەیتوانی ببێتە چارەسەر

وتارەکانی نوسەر