زانایان و پسپۆڕانی بواری کۆمەڵناسی و دەروونناسی و ئایینناسی و زمانناسی لەسەر پێناسەیەکی دیاریکراوی چەمکی توندوتیژی کۆک و تەبانین، چونکە چەمکێکی فرەڕەهەندە لە گشت بوارەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و خێزانیدا.
کێشەی شەڕانگێزیش یەکێکە لە کێشە دەروونی و ئاکارییەکانی منداڵ، بەتێکچوونی کەسایەتیی نەرێنی دادەنرێت، وا لە تاک دەکات هەستە نەرێنییەکانی بەشێوەیەکی شاراوە دەردەببڕێت لە جێی ئەوەی بە ئاشکرا دەریبڕێت، ئەمەش لەبەر نەگونجانی ئەوەی کە هەستی پێدەکات لەگەڵ ئەوەی کە دەیکات یان دەیڵێت.
کە کۆمەڵێک کاریگەری نەرێنی زۆر خراپ جێدەهێڵێت لەسەر کەسایەتی تاک بەتایبەتی لە کاتی گەورەبوونیدا، کاریگەری دەبێت لەسەر گەشەکردنی لەڕووی جەستەیی، دەروونی، زانستی، سۆزداری، هزری و ئەقلییەوە. زیان دەگەیەنێ بە کەسایەتی مرۆڤ، چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، بۆیە کاتێ پەنا بۆ توندوتیژی و شەڕانگێزی دەبات، دەبێتە هۆی ئەوەی لەناو خزم و کەس، دۆست و هاوڕێکانی، لە کۆمەڵگەش بەگشتی خۆشەویست و پەسند نابێت و هەمیشە رووبەڕووی رەخنە و سەرکۆنە و لێپێچینەوە و سزا دەبێتەوە، هەست بە شکست خواردوویی خۆی دەکات.
نیشانەکانی تاکی شەڕانگێز ئەمانەن:
* دڵناسک توند و کەلـلەڕەق و لووتبەرزە.
*دوژمنکارو زمان پیس و خراپەکارە.
*هەست بە ئاسایش و ئارامی ناکات.
*خاوەن دۆستی کەمە و بەگژ هەمواندادەچێتەوە تەنها خۆی بەڕاست دەزانێ.
*خاوەن حاڵەتی نەشیاون وەک: پەلاماردان، ستەمکاری و تۆڵە و بەتاڵکردنەوەی گرێ دەروونییەکانی بەشێوەی جنێودان.
*بڕوا نەبوون بە مافی کەسانی تر.
هەمیشە لە حاڵەتی پلانداناندایە بۆ شەڕکردن لەگەڵ کەسانی تر و بێباکە لەبەرامبەر ئەنجامی رەفتارەکانی.
پەروەردە و رەفتاری نادروستی بەخێوکار یەکێکە لە هۆکارە هەرە گرنگەکان، کە منداڵ دووچاری توندوتیژی دەبێت، لەگەڵ چەندان هۆکاری تر وەک بۆماوە، ژینگە، کۆمەڵایەتی…هتد.
بۆ چۆنییەتی کۆنترۆڵکردنی هەڵسوکەوتە نەرێنییەکانی ئەم خاڵانە گرنگن:
* ناسین و دەستنیشانکردنی هۆکاری سەرەکی شەڕانگێزییەکە، بزانە هۆکاری چییە کە بەم شێوەیە هەڵسوکەوت دەکات.
* پێویستە بەخۆشەویستییەوە رەفتار و مامەڵە لەگەڵ منداڵ بکرێت.
*راهێنانی منداڵ لەسەر ئارامی و میهرەبانی.
*دەستەبەرکردنی پێویستییەکانی بێ زیادەڕۆیی.
*ئاڕاستەکردنی منداڵ بەرەو پاراستنی مافی کەسانی دیکە و لەبەرچاوگرتنی دادپەروەری.
*خۆبەدوورگرتن لە شەڕو بگرە و بەردە لەبەردەم منداڵ.
*هاندانی منداڵ و خەڵاتکردنی لەسەرکارە پەسەند و چاکەکانی.
*خۆدوورخستنەوە لە توندوتیژی و خۆسەپاندن لە ماڵەوە پێویستە پێشەنگی چاکبن دایک و باوک.
* رێگریکردن لە سەیرکرنی ئەم جۆرە دراما و فیلمانەی کە هەڵسوکەوتی منداڵ تێک ئەدات.
* لێدان مەكەن بەڕێگەی پەروەردەكردن هەندێك لە پەروەدەكاران لەكاتێكدا منداڵ هەڵەیەك دەكات رێگەی لێدان دەگرنەبەر. ئەمە وا دەكات كە ئەو منداڵە وا تێبگات كە هەركەس هەڵەیەكی بەرامبەر كرد پێویستە، ئەمیش لە رێگە توندوتیژی جەستەیییەوە تۆڵەی لێبكاتەوە. بە مەش منداڵ شەڕانگێز دەبێت.