لیژنه‌ی ده‌ستووریی تا ئێستا چه‌ند دانیشتنی كردبێت شكستی هێناوه‌و نه‌گه‌یشتووه به ئه‌نجام، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێستا ئاماده‌كارییه‌كان بۆ خولی حه‌وته‌م ده‌كرێت، ئه‌وه‌ی كه روون و ئاشكرایه، ئه‌وه‌یه كه رێڕه‌وی ئه‌م لیژنه‌یه له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی ئیقلیمی بنیات نراوه‌و هه‌ڵویستی نێوده‌وڵه‌تیش له به‌رامبه‌ریدا شه‌رمنانه‌یه، داڕشتن و سه‌پاندنی ده‌ستوورێك، كه سه‌رجه‌م خه‌ڵكی سوریا به دڵیان نه‌بێت، شتێكی مه‌ترسیداره، كوردی رۆژئاڤا وه‌ك به‌رپرسه‌كانیان ده‌ڵێن، بایه‌خ به‌و لیژنه‌یه ناده‌ن و له ئه‌زموونه دیموكراسییه لامه‌ركه‌زییه‌كه‌ی خۆیان به‌رده‌وام ده‌بن.
كۆبوونه‌وه‌كانی لیژنه‌ی ده‌ستووری، به هه‌مان شێوه‌ی كۆبوونه‌كانی ئاستانه‌و سوچی، جگه له كات به‌فیڕۆدان هیچی دیكه نییه، ره‌نگه هۆكاره‌كه ئه‌وه بێت، ویستێكی نێوده‌وڵه‌تی نه‌بێت بۆ كۆتایی هێنان به قه‌یرانی سوریا، ئه‌وه‌ش وای كردووه قه‌یرانه‌كه قووڵتر بێته‌وه‌و بچێته ژێر ركێفی ئه‌جێندای ئیقلیمییه‌وه، هه‌ندێك جار روسیا به ئاشكرا ده‌ستی تێ وه‌رده‌دات، ئه‌وه‌تا كاره‌كانی خولی حه‌وته‌می لیژنه‌ی ده‌ستووری له ژنێڤ، به هه‌مان شێوه‌ی خولی شه‌شه‌م شكستی هێناو نه‌گه‌یشته هیچ ده‌ره‌نجامێك، به‌ڵكو ته‌نیا كات به‌فیڕۆدان بوو.
كاتێك ئه‌نتۆنیۆ گۆتیرێش سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی روسیا‌و ئێران و توركیا پێكهێنانی لیژنه ده‌ستوورییه‌كه‌ی راگه‌یاند، باكوور‌و خۆرهه‌ڵاتی سوریا به سه‌ركردایه‌تی كورد هه‌ڵوێستی ئاشكرای هه‌بوو، هه‌رچه‌نده كورد په‌راوێز خرابوو، به‌ڵام هه‌ڵوێستی ئاشكرای ئه‌وه بوو كه په‌راوێز خستنی پێنج ملیۆن هاووڵاتی سوریا مانای به‌رده‌وامبوونی قه‌یرانه‌كه‌یه‌و هیچ بایه‌خیش ناده‌ن به ده‌ستوورێك كه خۆیان به‌شدار نه‌بن له داڕشتنیدا.
روسیا له ساڵی 2016دا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌ستوورێكی نوێ ده‌كرد، له 24ی ئایاری 2016دا رۆژنامه‌ی ئه‌لئه‌خباری لوبنانی بڵاوی كرده‌وه، كه روسیا ده‌ستوورێكی بۆ سوریا داڕشتووه‌و تیایدا هه‌وڵی داوه سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی سوریا رابكێشێت، به‌ڵام دوای رێكه‌وتنی هه‌ریه‌كه له روسیا‌و ئێران و توركیا له‌سه‌ر دابڕینی هه‌ندێك ناوچه، هه‌ریه‌كه به گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی، پێویستیان به‌وەیە داگیركارییه‌كانی خۆیان له ده‌ستووردا جێ بكه‌نه‌وه‌و لێره‌وه ئامانجی ده‌ستووریش گۆڕا.
ئه‌م هاوپه‌یمانییه سێقۆڵییه كاری له‌سه‌ر دابه‌ش كردنی جوگرافیای سه‌ربازی سوریا كرد، هه‌ڵبه‌ت به پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان، توركیا به هاوكاری گروپه چه‌كداره‌كان په‌لاماری غۆته‌و ده‌وروبه‌ری حه‌ڵه‌ب و حومس و ئیدله‌بیان دا‌و هه‌ر به پێی رێكه‌وتنه‌كانی نێوانیشیان عه‌فرین و سه‌رێ كانی و گرێ سپی داگیر كرد‌و پڕی كرد له گروپه چه‌كداره‌كان و خاو‌و خێزانیان.
دوای ئەو هه‌موو پلان و ده‌ستێوه‌ردانه، ئه‌م هاوپه‌یمانییه پێی وابوو سه‌ركه‌وتنه سه‌ربازییه‌كانیان به كه‌موكووڕیی ده‌مێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌رچه‌یه‌كی سیاسی‌یان نه‌بێت، ئه‌و ده‌رچه‌یه‌ش ده‌ستووره، ئێستا ده‌یانه‌وێ ده‌ستووری نوێی سوریا به جۆرێك دابڕێژن كه له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان و قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتیاندا بگونجێت، ئه‌مه‌ش قه‌یرانه‌كه درێژتر ده‌كاته‌وه، به تایبه‌ت كه كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵوێستێكی شه‌رمنانه‌ی هه‌یه‌و چاره‌سه‌ری سیاسی پێ نییه‌و توركیاش به‌رده‌وامه له داگیركارییه‌كانی، بێ ئه‌وه‌ی رژێمی دیمه‌شق هیچ هه‌ڵوێستێكی روونی هه‌بێت.