لەناو رووداوەکاندا

09:34 - 2022-08-29
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
344 خوێندراوەتەوە

کورد و سیاسەت و وتاری هەینی 

رۆژی هەینیی رابردوو، لە میدیاکانەوە، دوو وێنەی هاوشێوەم بینی کە چۆن رۆژانی هەینی وەک دەرفەت بەکاردەهێنرێت بۆ وتاردانی سیاسی و جوڵاندنی عاتیفەی هاوڵاتی موسڵمان. یەکەمیان وتاری ئەردۆغان بوو کە هەڕەشەی لە تەواوی ئەو کەس و لایەنانە دەکرد بیانەوێت ئاسایشی تورکیا تێک بدەن. 
دووەمیان بەردەوامیدانی لایەنگرانی سەید موقتەدا سەدر بوو بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیان. 
ئەم دوو وێنەیە لە هەینیدا جۆرێک لە پەلکێشکردنی سیاسەتە بۆ ناو دنیای دین تاکو لەو رێگەیەوە سەرەنج و دنیابینی تاک رابکێشرێت و لەسەر دین سیاسەت بینا بکرێت. 
هەڵچنینی وتاری سیاسی لە دنیای دینیدا، دروستکردنی وێنەی نەیاری سیاسی و پیشاندانی لە بڵندگۆوە، بەشێکە لەو کەلتوورە خۆرهەڵاتییەی کە لە هەزار ساڵی رابردوودا بوونی هەبووە، هەر وێنەیەک لەناو وتاری سیاسیی و میر و پاشاکانەوە شێوێنرابێت و وەک نەیار و دوژمن فڕێدرابێتە دنیای دین و دیدی نوێژخوێنانی هەینییەوە، بۆئەوە بووە کۆدەنگی لەسەر نابووتکردنی دروست بکرێت و لەلای نوێژخوێنان ئەو بڕوایە بچەسپێنرێت کە پێویستە رەتبکرێتەوە و بچووکترین دەرفەت نەهێڵرێتەوە بۆ دەرکەوتنی تا ئاستی وتار و رەجمکردن، ناشیرینی بکەن. 
ئەمەش تەریبکردنی هەردوو وتاری سیاسی و دینییە بە یەکتر، تایبەت بە نەتەوەی کورد، ئەم نەخشاندنەی سیاسەت لەسەر پانتایی دین نییە. 
کورد کەمترینجار وێنەی نەیار و دوژمنەکانی خۆی بردۆتەناو وتاری هەینی و نوێژخوێنانەوە. دەبوو کورد لەهەر نەتەوەیەکی دیکە باشتر لەم تێکەڵکردنەی سیاسەت بە دین تێبگەشتایە، چونکە زۆرجار ویستی سیاسی گۆڕاوە بۆ ویستی دینی و لەژێر رۆشنایی سورەتی ئەنفالدا بەعسییەکان کوردیان خستە دەرەوەی دین و کۆمەڵکوژیانکردین و ئەم وێنەیە کۆدەنگی عەرەبیشی بە دوادا هات. 
هاوکات سەرۆک کۆماری تورکیا لە 23ی ئابی 2016دا وتاری 90 هەزار مزگەوتی تورکیای خستە خزمەت هێرشی تورکیاوە بۆسەر کورد و عەفرین. 
پاشان لەژێر رۆشنایی سورەتی (الفتح)دا ویستی فەتحی سنوورەکان بکات. کورد بە دوو پێوەر وتاری هەینییەکانی نەک نەخستۆتە خزمەت نەتەوە و نیشتمانەکەیەوە، تەنانەت تەریبیشی نەکردوون بەیەکتر. 
یەکەمیان شەرم لە تێکەڵکردن و سوودوەرگرتن لە پانتایی دین لەپێناوی نیشتمان و نەتەوەکەیدا، دووەمیان ترس لە پیرۆزیی دین و بەکارنەهێنانیەتی بۆ ویستی سیاسی، ئەمەش بە زیان بۆ کورد شکاوەتەوە. 
کورد نەک پاڵپشتی دینی بەدەستنەهێناوە بۆ کۆتاییهێنان بەهەموو ئەو ستەمەی لەلایەن نەیارەکانییەوە لێیدەکرێت، بەڵکو نەیتوانیوە لە رێگەی وتاری هەینیشەوە دیدی شەڕانگێزی دوژمن لە ئاستی کورددا بگۆڕێت و پێش بە هەموو ئەو وتارە دیماگۆگییە دینییە ناوچەییە بگرێت کە دژی کورد هەیە.
 بەو پێیەی، لەلایەک کورد خۆی بە مسوڵمان دەزانێت و لەلایەکی دیکەشەوە نەیارەکانی کورد پانتایی دین و وتاری هەینی بۆ مەبەستە سیاسییەکانی خۆیان بەکاردەهێنن، پێویستە کوردیش وتاری سیاسی خۆی بگوازێتەوە بۆ پانتایی دین، ئەمەش لەپێناوی بەرگری لەخۆی نەک ناشیرینکردنی دین و هێرش بۆسەر چواردەورەکەی.

وتارەکانی نوسەر