هەندێک کەس و لایەن بە چاویلکەیەکی تەڵخ، هەندێکی تر لە روانگەیەکی هەڵەوە تەماشای بارودۆخی ئەمڕۆی عیراق دەکەن، واتە ئەو بارودۆخە تایبەتەی بەهۆی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و پڕکردنەوەی پۆستە باڵاکانەوە هاتۆتە ئاراوە.
لەم رۆژگارەی عیراقدا، بێگومان هەندێک هەن کە پێیانوایە هەر خۆیان راستن و هەر خەریکی پاساو هێنانەوەن و گرنگ نییە بەلایانەوە ئەوانی تر چییان بەسەردێت.
لە هەمووانیش مەترسیدارتر ئەوانەن کە پێیانوایە ئەمە دەرفەتێکە و بۆیان هاتۆتە پێش و دەبێت بیقۆزنەوە بۆ قایمکردنی پێگەی خۆیان و لاوازکردنی ئەوانی تر، جا لە ژێر هەر ناونیشان و پاساوێکدا بێت.
بەڵام پێدەچێت ئەم رۆژگارە زۆر گرنگ و یەکلاکەرەوە بێت بۆئەوەی ئایندەی ئەو قەوارەیەی ناوی عیراقە سەرلەنوێ بخەمڵێنرێتەوە. زۆر گرنگتر بێت لەوەی کێ دەیباتەوە و کێ بە مایەی خۆیەوە لێی دەردەچێت.
واتە عیراق لەبەردەم وێستگەیەکی تری مشوماڵکردن و پێداچوونەوەدایە، ئایا رێگەی رێکەوتن و پێکەوەبوونی هەمووان دەگرینەوەبەر، یان رێگەیەکی دیکه دیاری دەکرێت، ئەو رێگەیەی ئەمسەری زۆرینە و دیموکراسییە و ئەوسەریشی خۆسەپاندن و پەراوێزخستنی ئەوانی ترە؟
دەمانەوێت بڵێین، عیراق وەک چەندین نموونەی تری وڵاتانی دروستکراو، کە خاوەنی تێکەڵەیەکی ئاینی و نیشتمانی و مەزهەبین، ئارامی و سەقامگیریی بەخۆیانەوە نابینن تا هەمووان گوزارشت لە خۆیان و بۆچوونە جیاوازەکانیان نەکەن، هەروەک دۆخەکەش بەرەو پێشەوە ناڕوات تا هەموان هەست بە دڵنیایی و ئارامی و پارێزراوی نەکەن.
هەنگاوێکی بچووکیش ناچینە پێشەوە هەتا لە کەڵکەڵەی ئەوەدا بین سوود لە دەرفەت و فرسەتەکان وەربگرین بۆ سڕینەوە یان لاوازکردنی ئەوانی تر.
رێکەوتنیش لەسەر پڕۆژەی حکومڕانی و ئیدارەدانی ئەم قۆناغ و کابینەیە، هیچ نییە جگە لە وەرگێڕانی ئەو جیاوازی و رێکەوتن و هاوبەشیانەی لە کایەکەدان کە پێویستە خواستی هەموانی تێدا رەچاوکرا بێت و داخوازیی هەموانیشی لەخۆ گرتبێت.
لە راستیدا ئەوەی ئێستا لە عیراقدا دەگوزەرێت، پێش ئەوەی ململانێی هەژموون و دەستی دەرەکی بێت، ئێش و ئازاری تێپەڕاندنی قۆناغەکەیە، کە لەبری ئەوەی هەنگاوێک بێت بۆ پێشەوە، رەنگە گەڕانەوە بێت بۆ رابردوو، بە دیاریکراوی بۆ پێش 2003 و رووخانی رژێمی بەعس، بە تایبەتی بۆ خەڵکی کوردستان کە ئەزموونێکی ناخۆشی هەیە لەگەڵ حوکمی زۆرینە و خۆسەپاندن و پەراوێزخستنی ئەوانی تر، جا بە هاوبەشی بێت لەگەڵ لایەنێکی کوردی یان نا، هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت، چونکە رێکەوتنە نووسراوەکەشیان هیچ سەلماندن و پابەندبوونێکی تێدا نییە بە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانەوە جگە لە بەرژەوەندیی گروپ و حزبێک و بەدەستهێنانی پۆست.