لەناو رووداوەکاندا

10:08 - 2022-09-05
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
353 خوێندراوەتەوە

كەی بەغدا پشوو دەدات؟
بە تێڕامان لە مێژوویەكی دوورودرێژی ئاڵۆزییەكانی عیراق، پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: ئەم پایتەختەی عیراق كەی پشوویەك دەدات و ئیدی رزگاری دەبێت لە هەر شەڕ و ئاڵۆزییەك؟
ئەوەی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی بەغدای پایتەخت لە تەواوی وڵاتان جودا دەكاتەوە ئەوەیە كە، بەغدا هەموو جۆرەكانی جەنگ و ئاڵۆزی تاقیكردۆتەوە، جگە لە جەنگی رۆشنگەرانە لەپێناوی كرانەوە و تێپەڕاندنی ئەو مۆدێلانەی جەنگ و پێكدادانان لە عیراقدا هەیە، ئەم پایتەختە هەرگیز ئامادەی چوونە دەرەوە نییە لەو مێژووە پڕ لە پێكدادانە كە لە دوورەوە بۆ ئێستای عیراق درێژ بۆتەوە.
یەكەم هەوڵێك لەپێناوی پشوودانی بەغدا درابێت و شكستی هێنا بێت، هەوڵەكەی «ئەبو جەعفەری مەنسوور» بووە كە ویستوویەتی ئەم شارە لە بنیاتنانییەوە بكات بە شارێك ناوی «شاری ئاشتی» بێت. 
لەدوای ئەم هەوڵەوە هیچ هەوڵێكی دیكە ئەوەندە گەورە و جدی نەبوو بتوانێت بەغدا لە هەر شەڕ و پێكدادانێكی ناوخۆیی بپارێزێت. نەك هەر هەوڵێكی لەو شێوەیە نابینرێت، بەڵكو بەغدا زۆرترین ئینقیلاب و گۆڕانی دەسەڵاتەكانی بە خۆوە بینیووە.
كاتێك رۆژی دوو شەممە 29_8_2022 سەید موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێكدا دەست لەكاركێشانەوەی خۆی و رەوتەكەی لە سیاسەت راگەیاند، ئەمە بووە هۆی ئەوەی كە بەغدای پایتەخت جارێكی دیكە رووبەڕووی گرژی و ئاڵۆزییەكی زۆر توند ببێتەوە. ئەوەی وادەكات بەغدا هەمیشە لە بار بێت بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ و دروستبوونی گرژییەكان، دوو هۆكارە:
یەكەم: ئەو ویستە باڵایەی لایەن و تاكی عیراقییە كە هەمیشە لە چركەساتی تەقینەوە و سەنگەرگرتندان بەرامبەر یەكتر و پڕن لە ویستی تۆڵەكردنەوە لە یەكتر و بە سروشت تاكێكی خوێنڕێژن بەپێی بۆچوونی «عەلی وەردی» كۆمەڵناسی عیراقی.
دووەم: ئەو جەمسەربەندی و پێكدادانە دەرەكییەیە كە لەسەر خاكی عیراق هەیە و بەشێك بوون لە تەواوی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی مێژووی عیراق. عیراقییەكانیش نەك دژی ئەو جەمسەربەندییە نەوەستاونەتەوە، بەڵكو خۆیان بەشێك بوون لێی و كۆمەكی زۆریان پێكردووە.
ئێستا وێنەی بەغدا لە ناوخۆ و دەرەوەشدا بە جۆرێكە، لە ئارامترین چركەساتیدا خۆگەی پێناخوازرێت و وێنەیەكی ئەوەندە جوان و پڕ ئاشتی و ئاسایشی نییە ناوی بنێین چركەساتی پشوودانی بەغدا. 
بەو پێیەی عیراق بازدانی مێژووییانەی نییە بەسەر مێژووی شەڕ و ئاڵۆزییەكانیدا، ئەوا چركەساتی پشوودانی بەغدا و هەر شارێكی دیكەی عیراق پەیوەستە بە پشوودانی هێز و لایەن و تاكی عیراقییەوە لە جەنگ و خوێنڕشتن. تاكو ئەم ویستی شەڕ و تۆڵەكردنەوەیەی لایەن و تاكی عیراقی لەناو مێژوودا بێت، ئەوا كۆی گشتی عیراق لەناو مێژوودایە و شتێك بەرهەمناهێنرێت لە دەرەوەی مێژووی عیراق. هەر كاتێك بیری تاكی عیراقی بۆ شەڕ و ناكۆكی كۆتایی هات، ئەوكات هەم عیراقێك لە دەرەوەی مێژوو دروست دەبێت و هەم بەغداش 
پشوو دەدات.


وتارەکانی نوسەر