وردتر

10:25 - 2022-09-06
لەشکر حەمە ساڵح
331 خوێندراوەتەوە

عیراق لە لێواری  شەڕی ناوخۆدا

ئەو توندوتیژی و پێكداهەڵپژانەی ماوەی رابردوو لە شاری بەغدای پایتەخت و چەند شارێكی تری عیراق روویدا، لە هەر كاتێكی تر زیاتر ئەو وڵاتەی بەرەو مەترسی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ كردەوە، ئێستاش كە سنوورێك دانراوە، مانای ئەوە نییە مەترسییەكە رەویوەتەوە بەڵكو بەپێی لێكدانەوە و شیكارییەكان هێشتا هەڕەشەكان ئامادەن و بگرە رۆژ بە رۆژ زەمینەی زیاتری بۆ دەڕەخسێت.
لە راستیدا چەند ساڵێكە گرژی و ناكۆكی قووڵ لە نێو ماڵی شیعەی عیراقدا سەریهەڵداوە. واتا هۆكارە راستەقینەكانی ئەم بارودۆخەی لە نێوان لایەنە شیعەكاندا هاتۆتە ئاراوە و باڵی بەسەر هەموو پڕۆسەی سیاسی وڵاتەكەدا كێشاوە، راستەوخۆ ناگەڕێتەوە بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو، بەڵكو واوەتر دەڕوات و درێژ دەبێتەوە بۆ ساڵانی پێشتر.
جێی سەرنجیشە، بەشێك لەو كەسایەتی و لایەنانەی كە لەناو ناكۆكیەكەدان یان بە جۆرێك لە جۆرەكان لە دەرەوەی ململانێ و ركابەریەكاندا ماونەتەوە، بە شێوەیەكی گشتی ئەوەندەی كار بۆ قووڵتركردنەوەی ئەو ناكۆكیانە دەكەن هێندە كارناكەن بۆ ئەوەی بارودۆخەكە سنوورێكی بۆ دابنرێت یان كار بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە بكرێت.
لە وێنە گشتییەكەدا، بێگومان ئەم بارودۆخە بەر لەوەی كاریگەری لەسەر ماڵی شیعە و چارەنووس و پێگەی ئەوان لە هاوكێشەی حوكمڕانیدا دروست بكات، كاریگەریی گەورەی لەسەر عیراق، لەسەر هەموو دەزگا و دامەزراوەكان و دەوڵەت و پڕۆسەی سیاسی و باری ئابووری و كۆمەڵایەتی دروستكردووە. 
لە هەمووشی گرنگتر، خەریكە ئەو ناكۆكییە دەپەڕێتەوە بۆ ناكۆكی مەزهەبی و تائیفی ناوخۆیی كە هێندەی تر قووڵ و قووڵتر دەبنەوە و وڵاتەكە بەرەو ئایندەیەكی نادیار دەبەن و مەترسییەكان بەرگی پیرۆزی و چارەنووسسازیی بەبەردا دەكرێت.
هەموو ئەو هەڕەشە و مەترسیانە، لە ئاستێكی سنوورداردا ماونەتەوە، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانی چاودێران و بەشێكی زۆری خەڵكیشە ئەوەیە كە خەریكە ئەو ناكۆكی و گرژیانە لەناو پرۆسەی سیاسییەوە دەگوازرێتەوە بۆ ناو كۆمەڵانی خەڵك، واتە لە ئاستی باڵاوە دادەبەزێت بۆ ئاستی خوارەوە، بەشێكی زۆری ئەو خەڵكەش لە ئاگاییدا بێت یان بێ ئاگایی، خەریكە دەبنە سووتەمەنی شەڕ و پێكدادانێكی سەربازی كە هیچ سوودێكی ئەوتۆ یان راستەوخۆی لەسەر ئەوان نییە. 
دروونی دروشمی بریقەداری ئایینی و كۆمەڵایەتی و هەروا بەستنەوەی ناكۆكی و گوتارە پۆپۆلیستییەكان بەمافی خەڵك و تەنانەت چاكسازی و ریشەكێشكردنی گەندەڵییەوە ئەوەندەی تر گۆمە ڵێڵەكە، ڵێڵتر دەكات.
بە كورتی و بە پوختی، ئەگەر وردتر تەماشای بارودۆخەكە و وێنە گشتییەكە بكەین، پێناچێت عیراق لە ئایندەی چاوەڕوانكراودا بەرەو كەناری ئارامی هەنگاو بنێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە، بەشێكی زۆر لە لایەنە ناكۆكەكان، تەنانەت لایەن و بەرەی سێیەمیش بەرەو ئەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێن كە بارودۆخەكە خراپ و خراپتر بێت، بەگشتی دۆخەكە بەرەو ئەوە بڕوات كە هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی دیكەش نەتوانێت چاكی بكات یان لانیكەم بیخاتەوە سەر راستە رێگەی خۆی.

وتارەکانی نوسەر