ئەرکی پەروەردە چییە؟

10:32 - 2022-09-11
چنار عەزیز
761 خوێندراوەتەوە

«یەکێک لە کێشە گەورەکانی سەردەمی ئێمە ئەوەیە، خەڵکێکی زۆر لە خوێندنگەدان، بەڵام کەمیان رۆشنبیرن.»
تۆماس مۆر
ئەرکی پەروەردە، رۆشنبیرکردنی تاکە نەک تەنیا فێربوونی نووسین و خوێندنەوە، جەوهەری پەروەردە رۆشنبیرکردنی تاکە، لە پەروەردەی خێزانەوە تا دەگاتە خوێندنی زانکۆ، واتا بەرپرسیاری یەکەم دایکان و باوکانن ئینجا فێرگەکان، کاتێکیش ئەو تاکە  رۆیشت بۆ فێرگە مامۆستا لێی بەرپرسیارە. ئەرکی مامۆستا لێرەدا تەواوکردنی ئەرکی دایک و باوکە، واتا هەماهەنگییەک دەبێت هەبێت لە نێوان خێزان و فێرگەدا. فێرگە ئەرکی تەنها پێدانی زانیاری رووت نییه بە فێرخواز، ئەمە لە کاتێکدایە فێرگەکانی ئێمە تەنیا هەوڵدەدەن زانیاری  رووت فێری  تاک بکەن.  تەنها بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە پێدەگەیەنرێن، فێرناکرێن چۆن بەرپرسیاربن لە خودی خۆیان و چۆن ئەرێنیانە بیر بکەنەوە. وەک لە کتێبێکدا پاوڵۆ فێریری دەڵێت پەیوەندی نێوان مامۆستا و فێرخواز وەک حیکایەتخوانی زەق دەبێتەوە، لەم پەیوەندییەدا مامۆستا تاقانەیە و چیرۆک دەگێڕێتەوە فێرخوازیش گوێڕایەڵ و گوێگرە، واتا مامۆستا بکەرە و فێرخوازیش کارتێکراو بەو واتایەی ئەو بابەتانەی مامۆستا پێشکەشی فێرخوازی دەکات تەنها گێڕانەوەیەکە و ئەزبەری دەکات و  فێرخواز لە رێی ئەزموون و تاقیکردنەوەوە لێی وەردەگیرێتەوە، لێرەدا دەرفەت بۆ فێرخواز ناڕەخسێت پەرە بەتواناکانی خۆی بدات، هەموو ئەو بابەتانەی پێی دەگوترێت لە دەرەوەی ژیانی فێرخوازە، ناتوانن بنیاتنەری ژیانی خۆیان بن، چونکە کۆی پڕۆسەکە بۆ رۆشنبیرکردنی تاک نییە، لە کاتێکدا پەروەردە بۆیە هەیە تا تاک رۆشنبیر بکات، نەک تاکێکی نامۆ بە ژیان و بە بیرفراوانی دروست بکات.  
کەواتە رۆڵی پەروەردە نابێت تەنیا لە پێدانی ئەو زانیارییانەدا کورت بکرێتەوە کە لە مەنهەجی خوێندندا هەیە،  بەڵکو دەبێت رۆڵی دەرخستنی توانا و رۆشنبیرکردنی فێرخواز و بەرگریکردن بێت لەخۆی، لەبەرئەوە تاک کاکڵەی پەروەردەیە و بیردەکاتەوە، ئەرکی پەروەردە خستنەگەڕی بیری تاکە ئەگەر بمانەوێت تاکێکی هۆشیارمان هەبێت نابێت لە پەروەردە جیابکرێتەوە. بۆیە دەبێت پەروەردە توانای گۆڕینی کەسایەتی تاکی هەبێت لە تاکێکی نەرێنییەوە بۆ تاکێک کە سوودی بۆ خودی خۆی و دەوروبەر هەبێت. کەواتە هیچ کارێک و هیچ تاکێکی رۆشنبیر و چالاک بەبێ پەروەردە دروست نابێت.

وتارەکانی نوسەر