یاداشته‌كانی شۆفێرێك

رۆنی ئۆتۆمبیل و کێشەکانی

10:22 - 2022-09-14
وتار
498 خوێندراوەتەوە

دیاری حه‌مه‌ سه‌عید

رۆنی مەكینەی ئۆتۆمبیل، هەڵبژاردن و چۆنێتی بەكارهێنان و ماوەی كارایی و بەسەرچوونی، یەكێكە لەو بوارە گرنگانەی ئۆتۆمبیل كە بەداخەوە بەشێكی زۆری شۆفێرانی كوردستان زانیارییەكی ئەوتۆیان لە بارەیەوە نییە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبیلەكەیان بەگشتی و مەكینەكەی بەتایبەتی؛ بپارێزن.
لە راستیدا، رۆنی مەكینە 2 جۆری سەرەكیی هەیە، synthetique واتە تەولیفی و پێكهێنراو لە تاقیگە و كارگە تایبەتمەندەكان و mineral واتە كانزایی و چاوەڕوانیش دەكرێت لە ماوەی نزیكی داهاتوودا رۆنی دروستكراو لە گازی سروشتی قۆناغەكانی تاقیكردنەوە ببڕێت و بخرێتە بازاڕەكانەوە.
هەردوو جۆرە سەرەكییەكە، لایەنی باش و خراپیان هەیە بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە هەر كۆمپانیایەكی دروستكردنی ئۆتۆمبیل جۆرە رۆنێكی تایبەتی بۆ ئۆتۆمبیلەكان دیاریكردووە لەگەڵ ئەرك و تایبەتمەندیی ئۆتۆمبیلە جۆراوجۆرەكاندا بگونجێت، بەشێوەیەكی سەرەكیش گونجاوی رۆن بۆ هەر مەكینەیەك پەیوەستە بەتوانا و سروشتی مەكینەكە و لینجیی قورس و خاوی رۆنەكە، تایبەتمەندیی هەر مەكینەیەكی ئۆتۆمبیل لە زانیاریی گشتی ئۆتۆمبیلەكاندا جێگیكراوە و نووسراوە.

پێویستە شۆفێران رەچاوی ئەوە بكەن كە هەر لە خۆیانەوە و بەپێی لێكدانەوەی تایبەتی خۆیان و رۆنگۆڕ و فیتەرەكانیان رۆن نەگۆڕن و رۆنی نەشیاو و نەگونجاوی تێنەكەن، بەڵكو پێویستە پابەندی ئەو جۆر و مواسەفاتانەی رۆنی مەكینە بن كە بەستیكەرێك لەسەر دەرگای شۆفێر یان لە شوێنێكی نزیك لە مەكینە یان لەسەر مەكینەكە نووسراوە و چاپكراوە.
هەر بۆ زانیاری، لەسەر هەر جۆر و چەشنێكی رۆنی مەكینەی رادەی لینجی لە كاتی ساردی و لە كاتی گەرمبوونی مەكینەدا بەڕوونی نووسراوە وەك 0w20 یان 15w40 یان هەر ژمارە و كۆدێكی تر ئاماژەن بۆ ئەوەی لە سەرەوە باسمان كرد، واتە، 0ی پێش w و 20ی دوای wەكە جیاوازیی پلەی گەرمی رۆن و مەكینەكە دەردەخەن لە كاتی كارپێكردنی سەرەتا و پاشان گەرمبوون، بەپێی ئەو تایبەتمەندیەش ناكرێت هەر لە خۆمانەوە دەستكاریی جۆر و بڕ و لینجیی رۆنەكە بكەین.
توێژینەوە زانستی و پراكتیكییەكان لەسەر مەكینە و رۆنی ئۆتۆمبیل سەلماندوویانە داخورانی مەكینە بەهۆی رۆن و هەروەها وردە وردە خراپبوونی مەكینە پەیوەندیی بەچەند خولەكی سەرەتای كاركردنی مەكینەوە هەیە بەتایبەتی لە كاتی بەیانیاندا كە پلەی گەرما نزمترە، ئەگەر جۆر و لینجی رۆن گونجاو نەبێت بۆ مەكینەكە ئەوا بەباشی بەناو مەكینەكەدا بڵاونابێتەوە و كاریگەری لەسەر ئۆیل پەمپ و كاراییەكەی دروست دەكات ئەوەش زیانێكی زۆر لە مەكینەكە دەدات و رەنگە بەتەواوەتی لەكاری بخات. 
ئەو ئۆتۆمبیلانەی رۆنەكانیان خەستتر و چڕترە و لینجییەكەی زیاترە پێویستیان بەكاتی زیاترە بۆ گەرمبوون بەراورد بەو ئۆتۆمبیلانەی چڕ و لینجییەكەیان كەمترە، هەروەها ئەو رۆنانەی چڕی و لینجیان زیاتر و بەرزترە تەمەنی گریمانەییان زیاترە و دەشێت زیاتر لە ناو مەكینەدا بمێننەوە و زیاتر لەسەری بڕۆین، دیارە ئەوەش بابەتێكی زانستییە و پێویستی بەوەرگرتنی رای رۆنگۆڕ و فیتەرەكان ناكات.

وتارەکانی نوسەر