سیناریۆكانی داهاتوو

10:57 - 2022-03-29
ئیدریس جەبار
534 خوێندراوەتەوە

لەگەڵ رێکنەكەوتن لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كە دواتر راسپاردنی سەرۆك وەزیران و پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی بەدوادادێت، عیراق دەكەوێتە بەردەم چەند سیناریۆیەك كە خراپترینیان هەڵوەشانددنەوەی پەرلەمان و دیاریكردنی وادەیەكی ترە بۆ سەرلەنوێ‌ هەڵبژاردنی پێشوەختە.
پشتكردنە تەوافوق و سەماكردن لەسەر ئاواز و نەغمەی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی، ئاكامەكەی چەقبەستن و گەڕانەوەیە بۆ چوارگۆشەی یەكەم، گەمەكردن بەو ئاگرە بڵێسەدارەی چاوەڕوانی تەشەنەكردن دەكات و رووی لە ناكۆكی و شەڕی خۆبەخۆ و چارەسەرنەبوونی ناكۆكیانە لەڕێی دیالۆگەوە.
عیراق بەم رەوشە چەقبەستووەی سیاسییەی ئێستاوە، رووبەڕووی چەندان مەترسی دەبێتەوە، زیندووبوونەوەی گروپە تیرۆریستییەكان و بواردان بە دەستپێكردنەوەی چالاكی و جموجۆڵی شانە نوستووەكانی داعش لەلایەن هەندێك لایەن، یەكێكە لە سیناریۆ نەخوازراوەكان كە لە سایەی دروستبوونی كەلێنە سیاسییەكاندا پێشبینی هاتنەبەری دەكرێت.
رێکنەكەوتنی رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر دروستكردنی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی بۆ پێكهێنانی حكومەت، بە پلەی یەكەم تێكچوونی ماڵی شیعە و هەڵوەشاندنەوەی ئەو نەریتە سیاسییە دەگەیەنێت كە لە دوای ساڵی 2003وە عیراق لەسەری رێدەكات، وێڕای پەرتپوون و قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكان لەنێو ماڵی كورد و ماڵی سوننە كە هاوبەشی سەرەكین لە پێكهێنانی پرۆسەی سیاسی.
ئەم رەوشە سیاسییەی ئێستای عیراق، دووبارەبوونەوەی كۆپییە لوبنانییەكە و رێكردنە لەسەر ئەزموونە شكستخواردووەكان، لە هەمان كاتدا پێداگریكردنە لەسەر پاشەكشەكردن و راگرتنی میلەكانی كاتژمێر، بەبێ‌ ئەوەی بیر لە هەلومەرجە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان بكرێتەوە كە چارەنوسی هەموانی پێوە بەندە.
رێكردنی عیراق لەسەر ئەم نزمە سیاسییە، هەنگاونانە بەرەو حكومەتی رزگاریی نیشتمانی، لەپێناو خۆلادان لە ئاڵۆزبوونی زیاتر و قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكان، بە هەمان شێوە بەرگرتنە لەو بەریەككەوتنە نەخوازراوانەی كە چارەنوسی وڵات و پرۆسەی سیاسی بەرەو هەڵدێر دەبەن.
لەگەڵ تەواوبوونی ماوە دەستورییەكان، حكومەتی زرگاریی نیشتمانی، یان حكومەتی باریی نائاسایی، تا رێگەچارەی بەردەم لایەنە سیاسییەكانە بۆ دەرچوون لەم چەقبەستنەی بەرۆكی پرۆسەی سیاسی گرتووە، بە تایبەت كە پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردندا تێدەپەڕێت، بەبێ‌ ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بتوانێت هەنگاوی دوای دیاریكردنی دەستەی سەرۆكایەتی و لیژنەكان هەمیشەییەكان تەواو بكات و سەرۆك كۆمار و سەرۆكی حكومەت دەستنیشان بكات.

وتارەکانی نوسەر