گۆڕانكاریی گه‌وره له مەیدانی جەنگی روسیا - ئۆكرانیادا به‌دیده‌كرێت کە لەلایەکەوە بەگوێرەی پێدراوەکان پێدەچێت له به‌رژه‌وه‌ندیی سوپای ئۆكرانیادا بێت، بەوەی ئەو سوپایە توانیوێتی پانتاییه‌كی گه‌وره‌ی خاكی ئه‌و وڵاته له هێرشێكی پێچه‌وانه‌دا له ده‌ستی روسه‌كان ده‌ربهێنێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ پێشڕه‌وییه‌كانی سوپای ئۆكرانیاشدا، پێناچێت وا بە سانایی یه‌كلایی بكرێته‌وه. لەلایەکی دیکەشەوە گۆڕی به كۆمه‌ڵ دۆزراوه‌ته‌وه، كه بە وتەی ئۆکرانییەکان تەرمی قوربانیی مه‌ده‌نی تێدایه، کە ئەوەش زیاتر وڵاتانی خۆرئاوا و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە بەرژەوەندیی ئۆکرانیا دەهێنێتە سەر خەت.
هێرشی پێچه‌وانه‌ی ده‌ستپێكرد
دوای چه‌ندین مانگ لەو جەنگەی كه روسیا پانتاییه‌كی زۆری خاكی ئۆكرانیای داگیركرد،، سوپای ئۆكرانیا له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه هێرشێكی پێچه‌وانه‌ی ده‌ستپێكردووە كه به‌پێی وتەی به‌رپرسانی ئۆكرانیا سه‌ركه‌وتنی باشیان بەدەستهێناوە، به گرتنەوەی ناوچه‌یه‌كی فراوانی خاكی وڵاتەکەیان.
سوپای ئۆكرانیا له‌و رووه‌وه ئاشكرایكردووه، كه بەم دواییانە پێشڕه‌ویی باشیان كردووه و توانیویانه نزیكه‌ی هەشت هه‌زار كیلۆمه‌تر چوارگۆشه له ماوه‌ی ته‌نها شه‌ش رۆژدا له باكووری خۆرهه‌ڵاتی شاری خاركیف کۆنترۆڵ بکەنەوە.
پوتین و هێرشی پێچه‌وانه‌ی ئۆكرانیا
لای خۆیه‌وه ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكی روسیا، رایگه‌یاند: هێرشه پێچه‌وانه‌كه‌ی سوپای ئۆكرانیا هیچ له پلانه‌كانی روسیا بۆ جه‌نگه‌كه ناگۆڕێت، وتیشی: ئێمه په‌له‌مان نییه و هێرشه‌كانمان بۆ سه‌ر هه‌رێمی دۆنباس له‌سه‌ر رێڕه‌وی راستی خۆی به‌رده‌وامه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووە کە هێرشه‌كانی روسیا له دۆنباس به‌رده‌وامه و سوپاكه‌یان پێشڕه‌وی ده‌كات ئه‌گه‌ر به خێراییش نه‌بێت، به‌ڵام رۆژانه ناوچه و خاكی نوێ لەدەست سوپای ئۆکرانیا دەردەهێنن.
ناوچه‌ی دۆنباس كه ناوچه‌یه‌كی پیشه‌سازیی گه‌وره‌یه له ئۆكرانیا، یه‌كێكه له گرنگترین ئه‌و ئامانجانه‌ی روسیا چاوی له‌سه‌رێتی له سه‌ره‌تای هێرشه‌كانییه‌وه، كه به قسه‌ی پوتین هێرشه‌كان پێویست بوون بۆ پاراستنی ئه‌و خه‌ڵكه روسیزمانانەی له‌و ناوچه‌یه‌ن له ئه‌گه‌ری جینۆساید.
به‌شێكی ناوچه‌كه‌ش واته دۆنباس، له ساڵی 2014ه‌وه له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و گروپه چه‌كدارانه‌دایه كه روسیا پاڵپشتیان لێده‌كات، به‌ڵام ناوچه‌ی خاركیف كه ئۆكرانیا هێرشی پێچه‌وانه‌ی لێ ده‌ستپێكردۆته‌وه، به‌شێك نییه له ناوچه‌ی دۆنباس.
گۆڕی به كۆمه‌ڵ له ئیزیۆم
لەلایەکی دیکەشەوە دوای ئه‌وه‌ی سوپای ئۆكرانیا چه‌ندین ناوچه‌ی گرته‌وه، له شاری ئیزیۆم کە تازە کۆنترۆڵی کردۆتەوە، گۆڕێكی به كۆمه‌ڵی دۆزییه‌وه، كه تەرمی سه‌دان كه‌سی تێدا نێژراوه.
له گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كه‌دا ژماره‌یه‌كی زۆر خاچ كه ژماره‌یان به‌سه‌ره‌وه‌یه له دارستانێكی نزیك شاری ئیزیۆم بینراوه، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئۆكرانیا گومان ده‌كه‌ن، قوربانیانی هێرش و بۆمبارانه‌كانی روسیای بۆ سه‌ر شاره‌كه تێدابێت، روونیشیان كردۆته‌وه به‌م نزیكانه گۆڕه‌كان هه‌ڵده‌درێنه‌وه بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر چۆنێتی مردنیان.
هه‌رچه‌ندە ناشزانرێت چی به‌سه‌ر قوربانیانی نێو گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كه هاتووه، به‌ڵام ئالهۆی كلیمینكۆ-ی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی ئۆكرانیا ده‌ڵێت: وا پێشبینی دەکرێت کە زۆربه‌ی ته‌رمه‌كان هی كه‌سانی مه‌ده‌نی ناو شاری ئیزیۆم بن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووە کە له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وا مەزەندە دەکرا تەرمی سه‌ربازانی ئۆكرانی له‌ناو گۆڕه‌كاندا بن، به‌ڵام تا ئێستا ته‌رمی هیچ سه‌ربازێكی تێیدا نه‌دۆزراوه‌ته‌وه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئەوەشیان ئۆكرانیا ئاشكرا كردووه، زیاتر له 400 ته‌رم له‌و شوێنەدا نێژراون، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش داوای كردووه تیمێكی چاودێری بنێررێت بۆ شاره‌كه، تا بزانرێت ئاخۆ قوربانییه‌كان مه‌ده‌نین یان سه‌ربازن و هۆكاری مردنه‌كه‌شیان دیاری بكرێت.
شاری ئیزیۆم له‌و شار و ناوچانه بوو، كه له رۆژه‌كانی سه‌ره‌تای جه‌نگه‌كه‌وه له‌لایه‌ن روسیاوه کۆنترۆڵکرابوو، ئەوێ بووە سه‌نته‌رێك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاتوو له خۆرهه‌ڵاته‌وه، فلۆدۆمێر زیلینسکی سه‌رۆكی ئۆكرانیاش ده‌ڵێت: رێوشوێنمان گرتۆته‌به‌ر له‌ناوچه‌كه بۆئه‌وه‌ی هه‌موو جیهان بزانێت داگیركاری روسیا له بوچا و ماریۆپۆڵ و ئێستاش له ئیزیۆم چ وێرانه و مردن و كوشتنی له هه‌موو شوێنێك به‌جێهێشتووه.
شاری ئیزیۆم كه ماوه‌ی پێنج مانگ له‌ژێر ده‌ستی سوپای روسیادا بوو، 80 ٪ی بیناو ماڵه‌كانی به‌ته‌واوی ته‌خت و وێران بووه و له ئێستاشدا گه‌ڕان به‌رده‌وامه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی قوربانیان له‌ژێر دار‌و په‌ردووی ماڵ و بینا داڕماوه‌كانی شاره‌كه‌دا.
سوپای ئۆكرانیا چه‌ندین گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی پێشتریش له شاری پوچای نزیك كییفی پایته‌خت و هه‌روه‌ها له ماریۆپۆڵ دۆزیبۆوه.
تاوانه‌كانی جه‌نگ
ئۆكرانیا ده‌ڵێت: نزیكه‌ی 21 هه‌زار تاوانی جه‌نگیان له ناوچه جیاجیاكانی ئه‌و وڵاته تۆماركردووه، هه‌ر له كوشتن و ده‌ستدرێژیكردن بۆ سه‌ر هاووڵاتیان، شرۆڤەکاران و رۆژنامه‌نووسان چه‌ندین به‌ڵگه‌یان له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه له شاری پوچا و ده‌وروبه‌ری دۆزیوه‌ته‌وه.
دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تیش له‌سه‌ر داوای ئۆكرانیا چه‌ندین تیمی لێكۆڵینەوە و شاره‌زای پشكنینی تاوانی بۆ ئه‌و وڵاته رەوانە کردووە، بۆ زانینی راستی ئه‌و تاوانانه له ناوچه جیاجیاكانی ئۆكرانیا، كه حكومه‌تی روسیا ره‌تیده‌كاته‌وه.
وادیاره جه‌نگی روسیا - ئۆكرانیا به‌ره‌و قۆناغێكی تر ده‌چێت، دوای پێشڕه‌وییه‌كانی ئۆكرانییه‌كان، به‌ڵام ئه‌مه واتای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت جەنگەکە به‌ره‌و كۆتایی و شكستی روسه‌كان ده‌چێت، چونكه هێشتا مۆسكۆ زۆری له هه‌گبه‌دایه و كه‌سیش نازانێت، وه‌ڵام و په‌رچه‌كرداره‌كانی چۆن ده‌بێت و تا چ ئاستێك دەڕوات.