تاک کاکڵەی پەروەردەیە

10:15 - 2022-09-19
چنار عەزیز
688 خوێندراوەتەوە

دەبێت پەروەردە لە خزمەتی تاکدا جێبەجێبکرێت و کرداری تاکی پێ بگۆڕدرێت. لە کەسێکی نەرێنیەوە بۆ کەسێکی سوودبەخش. دەبێت پابەند بین بە پەروەردەوە چونکە بەبێ پەروەردە مەحاڵە بگەینە هیچ بەرهەمێک و هیچ گۆڕانکارییەک. لەلایەکی ترەوه ئەگەر تەنها پێداگری لەسەر فێربوونی تاک بکەین بەبێ پەروەردە و کەمتەرخەمی تێدا بکەین، لێرەدا رۆڵی پەروەردە لاواز دەبێت و تاک تەنها دەبێتە خاوەنی زانینێکی رووت بەبێ پەروەردە  کەسێکی رۆشنفکری لێدەرناچێت، مەحاڵە تاکێک بەواتا راستەقینەکەی دروست بێت و زەمینەیەکی نەگونجاو دروست دەبێت، نە تاک، نە پەروەردە ناتوانن هیچ ئامانجێک بپێکن.کە ئامانجیشیان نەپێکا ناتوانن هیچ گۆڕانکارییەک بکەن نە وەک پەروەردە لە گۆڕینی خودی تاکدا، نە وەک تاک لە خزمەتکردن بە خودی خۆی و کۆمەڵگەدا. پەروەردە دەبێت بۆ خزمەتی هەموان بێت، تەنیا مافی هەندێک کەس نییه. پەروەردە ئەرکی رووبەڕووکردنەوەی تاکە لەگەڵ کۆسپەکانی ژیاندا، ئەرکی ئەوەیە ئەو تاکە تێبگەیەنێت، تۆ هاتوویتەتە ئەم ژیانەوە گوڵڕێژنەکراوه بۆت، بەڵکو بە هەوڵی خۆت نەک دەوروبەر دەبێت گوڵڕێژی بکەی. بەبێ زاڵبوونی کەسایەتی تاک ناتوانێت ببێت بە خاوەنی کەسایەتییەکی سەربەخۆ و دەروونێکی جێگیر، دۆخی دەروونی ئارام نابێت و هەر رۆژە و خاوەنی بڕیارێک دەبێت و ناتوانێت لە ژیانی واقیعی خۆیدا بڕیاری دروست بدات. پەروەردە بەبێ بوونی خۆشەویستی نایەتە دی و ناکرێت. خۆشەویستی بناغەی پەروەردەیە بەبێ کۆنترۆڵکردنی تاک، مەبەستم دایک و باوکە بە خۆشەویستییەکی لە رادە بەدەر بۆ منداڵەکانیان کۆنترۆڵیان دەکەن و لە ترسی روودا و یان کارەساتێک کە رەنگە بەسەریاندا بێت، لەو کاتەدا کۆنترۆڵکردن نەخۆشییەکە جێگەی خۆشەویستی راست و دروست دەگرێتەوە، هەردوولا دەخاتە دۆخێکی دەروونی ناجێگیرەوە و ناتوانن ئاسوودە بن. بەڵام خۆشەویستی دروست پڕۆسێسێکی بوێرانەیە و زاڵ دەبێت بەسەر ترسدا. واتا بۆ مرۆڤبوون هەوڵدەدات. بۆیە ناکرێت سۆزدارانە بێت، چونکە کەسی پەروەردەکراو بە سۆز دەبێتە کەسایەتییەکی نازدار و کاتێک دەچێتە ناو کۆمەڵگە ناتوانێ لەگەڵ کەسانی دڵڕەق و دەوروبەردا خۆی بگونجێنێ. لەبری ناز پێدان دەبێت فێربکرێت ژیان و خەڵکی خۆش بوێت، گەر وانەبێت ناتوانین پەروەردەیەکی دروستمان هەبێت. پەروەردە ئەوەیە خەڵک لە سایەیدا بتوانێت روانینێکی ئەرێنییانە بۆ ژیان دروست بکات و بەردەوامی پێبدات، نەک تاکێکی رەشبین، چونکە تاکی رەشبین هەرگیز بە ئامانجەکانی ناگات و ناتوانێت لەگەڵ رێڕەوی ژیاندا رێبکات، ئەو تاکە رەشبینە چۆن بتوانێت هاوڕێیەتی لەگەڵ کەسانی تردا بکات کە بەردەوام رەشبینە، چۆن بتوانێت لە ژیاندا سەرکەوتوو بێت ئەگەر ئاسۆیەک نەبینێت بۆ داهاتوو؟ چۆن بتوانێت دەست بداتە کارێک، نووسینێک؟ ژەنینی ئامێرێکی مۆسیقا، نووسینی چیرۆکێک، کە ترسێک لە ناخیدا رەگی داکوتابێت و هەست بە لاوازی بکات؟ توانای تاک هەرچەندە زۆر بێت، ئەو کەسانەی بوێرییان لە دەستداوە ناتوانن بەرەوڕووی کێشەکانی ژیان ببنەوە و هەوڵ بۆ سەرکەوتن بدەن. بڕوا بەخۆبوونی تاک پێویستییەکی بنەڕەتییە، تا بتوانێت گۆڕانکاری بکات. تەنانەت ئەگەر لە دۆخێکی شکستخواردووشدا بێت، دەبێت متمانەی هەبێت  بە سەرکەوتن ئەو شکستەی بسڕێتەوە. سڕینەوەی شکست بە دەستهێنانی مرۆڤبوون و هێنانەدی سەرکەوتن و متمانە بەخۆبوون، بە پەروەردە دەکرێت، بەدڵنیاییەوە ئەمانە ئەرکی پەروەردەن.

وتارەکانی نوسەر