وردتر

لە ئۆكرانیاوە بۆ تایوان

10:14 - 2022-09-20
لەشکر حەمە ساڵح
394 خوێندراوەتەوە

هێشتا شەڕی ئۆكرانیا و روسیا كۆتایی نەهاتووە، وا خەریكە جەنگێكی دیكە بەرۆكی جیهان دەگرێت... جەنگێك كە ئەگەر بەری پێنەگیرێت تەڕ و وشكی ئەم جیهانە پان و بەرینە دەسووتێنێت و لە جەنگی ئۆكرانیا زیاتر كاریگەری لەسەر وڵاتان دروست دەكات، ئەو جەنگە چاوەڕوانكراوەش، جەنگی چین و تایوان، یان راستتر هێرشی چینە بۆ سەر تایوان.
تایوان دوورگەیەكی بچووكە و ئەكەوێتە بەشی خۆرهەڵاتی چینەوە و نزیكە لە هۆنگ كۆنگەوە. تا جەنگی ناوخۆیی ساڵی 1949ی نێوان كۆمۆنیستەكان و نەتەوەییەكانی چین بەشێكی دانەبڕاو بووە لەو وڵاتە، بەڵام لەو كاتە بەدواوە، وردە وردە سەروەری و هەژموونی سیاسیی كەمبۆوە تا ئەو كاتەی مافی میراتگریی چینی مەزنی لێوەرگیراوە و درایە چینی ئێستا كە بەڕەسمی ناوی كۆماری چینی میللییە، تەنانەت ئەندامێتی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش درایە حكومەتەكەی بەیجینگ نەك تایپێ.
دۆسێی تایوان یەكێكە لە دۆسێ ئاڵۆزەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی؛ هەرچەندە بەشێوەیەكی رەسمی بەشێكە لە چین بەڵام خاوەنی سیستمێكی سیاسی و دەستووریی جیاوازە لە وڵاتی دایك. زۆرجار وا وەسفی پەیوەندیی نێوان چین و تایوان دەكرێت كە وڵاتێكن و دوو سیستمن. تایوان بایەخێكی تایبەتی هەیە لە لای حكومەتی بەیجینگ (پەكین)، تەنانەت دەوترێت كراوەتە پرسێكی سەرەكی لە هەر پەیوەندییەكی سیاسی و ستراتیژی و تەنانەت ئابووری و كۆمەڵایەتی لە نێوان چین و هەر وڵاتێكی تردا. بەواتایەكی تر، چین تێڕوانینی خۆی بۆ پەیوەندی لەگەڵ هەر وڵاتێكدا لەسەر بنەمای تێڕوانینی ئەو وڵاتە بۆ دۆسێی تایوان دادەڕێژێت؛ ئەگەر ئەو وڵاتە پشتیوانی هەڵوێستی چین نەكات و دژی جیابوونەوەی یەكجارەكی تایوان نەبێت لە چین، ئەوا پەیوەندییەكان بەو جۆرە نابێت كە دڵخوازی وڵاتەكە، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا كە چین بۆتە زلهێزێكی سیاسی و ئابووری و سەربازی و تەكنۆلۆژی لەسەر ئاستی جیهان.
لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی ئۆكرانیا و روسیا یان راستتر هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا، بەجۆرێك لە جۆرەكان دۆسێی تایوانیش گەرموگوڕیی زیاتری بەخۆیەوە دیووە بەتایبەتی بەهۆی دوایین لێدوانی جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا لە بارەی تایوان و ئەگەری هێرشی چین بۆ سەر ئەو دوورگەیە، پێشتریش سەردانی نانسی بیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بۆ تایوان، تەنانەت پرسەكە گەیشتۆتە ئەوەی ئەگەری گرژیی سەربازی و سیاسی و تەنانەت ئابووریش بێتە ئاراوە بەو پێیەی تایوان لە رووی ئابووریی تەكنۆلۆژییەوە زۆر پێشكەوتووە و پشكی شێری بازاڕەكانی جیهانی بەردەكەوێت.
رەنگە دۆسێی تایوان بەمزوانە ناگاتە قۆناغی شەڕ و گرژیی زیاتر، ناكۆكییەكان زیاتر دیپلۆماتی و میدیایی بن، بەڵام لە مەدای دووردا هەموو ئەگەرێك چاوەڕوانكراوە بەتایبەتی لەو كاتەی كە ئەمریكا سوورە لەسەر پشتیوانیكردنی تایپێ و چینیش ئەو دۆسێییە بەدۆسێییەكی قابیلی گفتوگۆ و سازشكردن دانانێت و سیاسەت و ستراتیژی گشتیی خۆی لەسەر ئەو بنامەیە داڕشتووە كە تایوان بەشێكی دانەبڕاوە لە چین.

وتارەکانی نوسەر