یاداشته‌كانی شۆفێرێك

پلاك؛ كێشە و چارەسەر

10:50 - 2022-09-21
وتار
391 خوێندراوەتەوە

دیاری حه‌مه‌ سه‌عید

یەكێك لە پارچە و بەشە سەرەكییەكانی ئۆتۆمبیل  پێویستە شۆفێر و خاوەنی ئۆتۆمبیل بەشێوەیەكی بەردەوام چاودێریی بكات و ناوبەناو پشكنینی بۆ بكات، پلاكە. پلاك رۆڵێكی گرنگی هەیە لە پاراستنی سەلامەتی و باش كاركردنی ئۆتۆمبیل، دەتوانێت كارئاسانی زیاترت بۆ بكات و دەشتوانێت زیانێكی زۆر بەئۆتۆمبیل و گیرفانی شۆفێریش بگەیەنێت.
لە كاتی باش كاركردنی پلاكەكاندا، ئۆتۆمبیل بەشێوەیەكی ئاسایی دەكەوێتەكار و لە كاركردن بەردەوام دەبێت. مەكینە ساف و بێ كێشە دەبێت و كەمترین دەنگی لێوە دەردەچێت، بەڵام ئەگەر پلاكەكان باش نەبوون، خراپبوون یان هەمان كۆدی ئۆتۆمبیلەكەی لەسەر نەبوو، ئەوا تووشی زۆر كێشە دەبێت، وەك لەرزاندن و دەنگی بەرز و سووتاندنی زیاتری بەنزین و سووتەمەنی و زۆر كێشەی تر.
بەشێوەیەكی گشتی، هەر ئۆتۆمبیلێك بەقەد ژمارەی پستۆن یان سلندەرەكانی، پلاكی هەیە و لە بەشی سەرەوەی مەكینە و لە رێگەی نۆزڵەوە كاردەكات. بەرپرسە لە كارپێكردن و دەستپێكردن یان كردنەوەی سووڕی كاركردن یان سووتاندنی سووتەمەنی. ئەو پلاكانە بەپێی جۆر و مۆدیل و توانا و لێوەشاوەیی ئۆتۆمبیل گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، هەر ئۆتۆمبیلە و خاوەنی كۆد و مۆدیلێكە كە جیاوازە لە پلاكی هەر ئۆتۆمبیلێكی تر.
واتە لە كاتی گۆڕینی پلاكەكاندا پێویستە شۆفێر و خاوەنی ئۆتۆمبیل هەموو متمانەیەكی خۆی نەداتە فیتەرەكان و شارەزاكان و سەنتەرەكانی خزمەتگوزاریی ئۆتۆمبیل، بەڵكو پێشوەخت بەدواداچوون بكات بۆ ژمارە و كۆدی ئۆتۆمبیل و جۆری پلاكەكە بۆ ئەوەی هەمان جۆر و كۆد و ژمارەی بۆ دابنرێتەوە تا زیان بە ئۆتۆمبیلەكە نەگەیەنێت.
نیشانەكانی خراپبوونی پلاكەكانی ئۆتۆمبیل لە ئۆتۆمبیلێك بۆ یەكێكی تر، لە كۆمپانیایەك بۆ یەكێكی تر گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، بەتایبەتی ئۆتۆمبیلە نوێیەكان كە ساڵ بەساڵ گۆڕانكاری لە زۆربەی بەشەكانی ئۆتۆمبیلدا دەكەن و بەشێوەیەكی گشتی نایانەوێت پارچە یەدەكەكان بۆ هەموو مۆدیلەكانیان ببێت.
یەكەم نیشانەی خراپبوونی پلاك متبوونی ئۆتۆمبیلە بەشێوەیەكی گشتی. شۆفێر ئەگەر وردبێتەوە هەست دەكات ئۆتۆمبیلەكە وەك پێشتر ناڕوات، قورس و ناڕێكە. هەروەك یەكێكی تر لە نیشانەكان زیادبوونی سووتاندنی بڕی بەنزین و سووتەمەنییە، ئەویش هەر بە بەراوردكردنی لەگەڵ پێشتردا زیاتر دەردەكەوێت و رووندەبێتەوە.
یەكێك لە نیشانە سەرەكی و دیارەكان لەرزین و جووڵەی نائاسایی مەكینە و ئۆتۆمبیلە بەشێوەیەكی گشتی، كە زۆرجار شۆفێر یان خاوەنی ئۆتۆمبیل، تەنانەت هەندێكجار فیتەریش وادەزانێت ئۆتۆمبیلەكە كێشەی لە قوڵاغەكانی جێگیركردندا هەیە.
یەكێكی تریش لە نیشانەكان دواكەوتنی سلف لێدان و كارپێكردنی ئۆتۆمبیلە بەتایبەتی لە كاتی بەیانیان، یان ئەو كاتەی بۆ ماوەی چەند سەعاتێكە ئۆتۆمبیلەكەت وەستاندووە و كارت پێنەكردووە. لەو كاتەدا ئۆتۆمبیل درەنگ سلف وەردەگرێت و دەنگی سلف لێدان و كارپێكردنی ئۆتۆمبیلەكەش جیاواز و رەنگە زۆرجار رەق و بێزاركەر بێت.
ئەگەر هەر یەكێك لەو نیشانانە لە ئۆتۆمبیلەكەتدا دەركەوت باشتر وایە زوو بەزوو خۆت بگەیەنیتە كەسی شارەزا و پەیوەندیدار. لەم سەردەمەدا بەشێكی زۆری وەستاكان كار لەسەر پلاك و گۆڕینی پلاك دەكەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە شۆفێر دڵنیابێتەوە لەوەی هەمان ژمارە و جۆر و كۆد لەسەر ئۆتۆمبیلەكە دادەنێتەوە.

وتارەکانی نوسەر