ئاییندەی عیراق لە دوای هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە

09:14 - 2022-09-29
مستەفا محەمەد
448 خوێندراوەتەوە

دوای یانزە مانگ لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق و  نزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی و پێکهێنانی هاوپەیمانێتیەکی گەورە بە ناوی «بەڕێوبردنی دەوڵەت»، پەرلەمانی عیراق دەیەوێ بەستەڵەکەکە بشکێنێ و دەست بە دانیشتنەکانی بکاتەوە، هاوپەیمانێتیەکە بێجگە لە کوتلەی سەدر کە بەشدار نییە ، پێک دێت لە هەموو هێز و قەوارە جیاوازەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنی کوردی «یەکێتی نیشتمانی و پارتی « و هاوپەیمانێتی سوننەکان «عەزم و سیادە»، هەروەها چەند کوتلەیەکی تر و هەندێ لە پەرلەمانتارە سەربەخۆکانیش لەخۆ دەگرێت.
وەک بیرهێنانەوە ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کۆتا دانیشتنی خۆی چەند رۆژێک پێش مانگرتنە کراوەکەی لایەنگرانی سەدر لە «23»ی تەموزی ئەمساڵدا ئەنجامدا، لەوکاتەوە هیچ دانیشتنێکی گرێ نەدراوە، بۆیە بیانوو زۆرن کە هاوپەیمانێتیە تازەکە لەڕێگەی ئاساییکردنەوەی دانیشتنەکانەوە کاریان لەسەر بکات لەپێش هەموشیانەوە ئامادەکردن و دەنگدانە لە بارەی رەشنوسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023 کە پەیوەندی هەیە بە ژیانی یەکە بە یەکەی عیراقییەکانەوە.
کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوە چوارقۆڵیەکە «بارزانی و عامری و خەنجەر و حەلبوسی» لەگەڵ سەرۆکی رەوتی سەدر، بە جۆرێک لەجۆرەکان رازی بوونی سەماحەتی سەدرە بە موبادەرەی ئاساییکردنەوەی دۆخی سیاسی و دۆزینەوەی دەرچەیەک بە ئاراستەی دانوستانێکی گشتگیر بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی یەک ساڵە و ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنێکی تر،  سەدر لەوە دڵنیابۆتەوە ئەم هەنگاوە جگە لە موبارەکەی نێوخۆیی، هاوکات رازی بوونێکی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیشی هەیە.
پێموایە دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق لەو تەوقیتەدا هەر جۆرێکە لە مناوەرەی سیاسی و دەیەوێت لەم رێگەیەوە هەم متمانەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک هێزێکی کاریگەریی کوردیی، هەمیش چەند کوتلەیەکی سەربەخۆ بەدەستبێنێتەوە کە لەکاتی هەڵبژاردنیدا وەک سەرۆکی پەرلەمان دەنگیان پێنەداوە، «حەلبوسی» لەوە دڵنیایە کە لە دوای پێکهاتنی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی و پێکهێنانی «هاوپەیمانێتی بەڕێوبەردنی دەوڵەت»  گورێزنامەکەی رەت دەکرێتەوە و جێگری یەکەمیش هەڵدەبژێردرێت، حەلبوسی لە رێگەی ئەم هەنگاوەو لایەنە سیاسییەکانەوە پاڵپشتیەکی بەهێزی پێگەکەی مسۆگەربکات.
ئەگەرچی خۆشیان رەتی دەکەنەوە کە نیەتێکی وایان هەبێت ، بەڵام گەڕانەوەی پەرلەمانتارەکانی سەدریش بۆ ناو پەرلەمان ئەگەرێکی ترە و لەڕووی دەستووریشەوە هیچ لەمپەرێکی لەبەرەم دا نییە، بەپێی ماددەی «٩٣»ی دەستوور تەنها داوایەکی ئەندامانی پەرلەمان بەسە کە ئاراستەی دادگای فیدڕاڵی بکرێت تا لەو رێگەیەوە بەوپێیەی ئەندامانی پەرلەمان دەنگیان پێ نەداوە، نایاسایی بوونی رەزامەندی دەستلەکارکێشانەوەی کوتلەی سەدریی بسەلمێنێت.
لەگەڵ ئەوەی ناوچەی سەوز بەپێی پلانێکی ئەمنی داخراوە و رێکارە ئەمنیەکانیش لەتەواوی بەغدادا توند کراون و سەرجەم دەروازەکانیش بەهێزی ئەمنی تەندراوە، بەڵام ئەو رێکارانە بەمانای ئەوە نایەن کە شەقامی عیراقی بەتەواوی ئەهوەن بوبێتەوە و ئیتر  دەنگی ناڕەزایی نەبیسترێت، بەڵکو چاوەڕوانکراوە کە لە ساڵیادی خۆپیشاندنەکانی تشریندا بەپێی پلانێکی پێشوەختەی هاوبەشی لایەنگرانی سەدر و تشرینییەکان، لەگەڵ گرێدانەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان یا سەرەتای مانگی داهاتوو کە هاوکاتی یادەوەری «ناڕەزایەتی تشرین»ە هەوڵ هەبێت بۆ جوڵەپێکردنەوەی شەقام و دەستپێکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان.

بڵاوبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان لە بەغدا

وتارەکانی نوسەر