مام جەلال، سەركردەیەك لە لووتكەدا

10:24 - 2022-10-05
شوان كەریم
557 خوێندراوەتەوە

سەركردەی كۆچكردوو مام جەلال، هەتا لە ژیاندا بوو، زۆرترین وادەی تەمەنی بەشێوەیەكی گشتی لە خەمی گەیشتنی گەلەكەماندا بوو بە ئامانجە سیاسی و مافە رەواكانی، ئومێدی بەوەش پتەو بوو كە بە هەوڵی نەپساوە و خەبات و تێكۆشانی فیداكارانەی گەلەكەمان درەنگ یان زوو دەگات بەدوا وێستگە و كۆتا خاڵی سەرفرازیی مافی چارەی خۆنووسین.
لە روویەکی دیكەشەوە بە ئاوڕدانەوە لە پرسی ناوخۆ و هەوڵەكانی بۆ چاكتركردنی گوزەرانی خەڵك و ئاوەدانکردنەوە، ئاوڕدانەوە و گرنگیدان بە گوندەکان كە هەردەم بەشی شێریان لە خزمەت گەیاندن بە شۆڕشەكانی رزگاریخوازی گەلەكەمان بەرکەوتووە. پەڕینەوە بەرەو قۆناغی پشوودان و دەستەبەری خۆشگوزەرانی و گواستنەوە لە خانووە قوڕەكانەوە بەرەو بارێكی چاكتر و ژیان و گوزەرانێكی شایستەتر و ئاسوودە كە لەگەڵ خەبات و تێكۆشانیاندا هاوتەریب و گونجاو بێت، خەمێكی دیكەی ئەو سەركردە مەزنە بوو.
پاش تێپەڕاندنی قۆناغی سەختی شۆڕشگێڕیی و راگوزەر بەرەو دوا ترۆپكی شارستانی و حكومڕانی دوای ئازادیی و رزگاری، لە بەرامبەر خەباتی ئازایانەی پێشمەرگەی شاخ و خەباتی ناوشاری رێكخستنەكان و ئەوانەی ناو زیندانەكان، كە بە خوێنی گەشی سەدان پێشمەرگەی ئازا و چەلەنگ و خەباتگێڕانی كاری نهێنی و خۆڕاگریی  زیندانیان، بە پاداشتكردنی نەوەكانی گیانفیداكاران و گەیاندنیان بە ئاستی شایستەی خۆیان بەشێكی تری بەردەوامی خەمە قووڵ و بێ كۆتاییەكانی بوو. 
لە كەیسی گرنگ و پڕبایەخی سیاسەتی ناوچەیی و دەرەوەشدا، بەهۆی پەیوەندییە دیپلۆماسییە بەرفراوانەكانی و بە رووە گەش و  زەردەخەنە هەمیشەییەکەی و كراوەیی بەڕووی هەمواندا، هەمیشە وەك كارەكتەرێكی دیار و داڕێژەری پلانسازی سیاسی گشتی لە تەواوی پێگە نێودەوڵەتییەكاندا ئامادەیی هەبوو، لە نێوەندە نێودەوڵەتییەکاندا، سەرجەم  جەمسەرە گرنگەكانی جیهانی سیاسی، بەتایبەتی ئەوانەی كاریگەرییان لەسەر گۆڕانكارییەكان هەیە و سەنگ و ئاستی بەرچاویان هەیە، مام توانی بەهۆی پتەوی و دڵنیایی لە توانای گەیاندنی پەیامەكانی و بەدەستهێنانی متمانەی بەرامبەر، بەتایبەتی بۆ هەموو ئەو هەوڵانەی كە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی و پشتگیریی لە مەسەلە رەواكانی گەلەكەمان هەنگاوی بۆ دەنا، بە سەلیقەی خۆی زۆر بە سانایی متمانەیانی بەدەست دەهێنا.
ئێستاش لەپاش تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر ماڵئاوایی ئەو نەمرەی گەلەكەماندا، گەرچی شوێنگرەوەی ئەو سەرۆكە بڵند و كاریزمایە لە نێو دڵی خەڵكی كوردستان و عیراقدا بەگشتی هەر زیندووە و لە نێو تۆماری مێژوویی پڕ لە سەروەری ئازادیخوازاندا لاپەڕەیەكی گەلێك پڕشنگداری بۆ تەرخانكراوە، جێی دڵخۆشی گەل و یەكێتییەكانە كە هەردوو كوڕەكەی بەتایبەتی و نەوەكانی شەهیدان و كوڕان و كچانی سەوزپۆش و ژنان و پیاوانی یەكێتییە دڵسۆز و بەئەمەكەكانی دوێنێ‌ و ئەمڕۆ، لەگەڵ جەماوەرە لەبن نەهاتووەكەی بەگشتی، بە سەرۆكایەتی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی بەردەوامن لەسەر برەودان بە رێبازەکەی، ئەوەش بەسوود وەرگرتن لە ئەزموونەكانی مام جەلال و ئاوێتەكردنیان بەبیر و كارنامە و هەموو ئەو هەوڵە چاكسازییانەی كە ئەمڕۆ بۆتە جێی رەزامەندیی خەڵك بەشێوەیەكی گشتی. 
یەکێتی بە پشتبەستن بە سیاسەتی نەگۆڕ و پڕەنسیپە كۆنكرێتییەكانی خۆی، خزمەت و داكۆكیكردن لە مافەكانی خەڵک و ئامادەیی قوربانیدان لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستانی كردۆتە كاری هەرە لە پێشینەی خۆی و بێ ئاوڕدانەوە بۆ دواوە بەرەوپێش بە هەنگاوی خێرا بەڕێكەوتووە .

وتارەکانی نوسەر