تواندنەوەی بەستەڵەکی سیاسی

10:03 - 2022-10-18
جەمال ئارێز
282 خوێندراوەتەوە

چەند مانگی رابردووی پاش یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی نوێنەران، بایی ئەوەندە لێدوانی پەرلەمانتاری هەموو لایەنە سیاسییەکانی عیراق و گوتاری سیاسیی بەرپرسانی قۆناغی راگوزەری عیراق لێدوان و شرۆڤەی سیاسەتمەدارانی ناوخۆیی  نێودەوڵەتی بە یار و نەیار و شرۆڤەکارانی سیاسیی تێدا ئەمبار بووە، کە بۆ هەر رۆژنامەنووسێکی بە سەلیقە بایی ئەوەن کە رووپێوێک بە ئەرشیفدا بکات، تێدەگات کە ئەو لێدوان هەڵوێست و  شرۆڤە و هەڵبەز و دابەزە سیاسییانە لە کوێدان؟ 
ئەو سەرچاوە هەواڵگریی و داراییانە چۆن و لە کوێوە دەستگیرۆیی بەشێک لەو هەڵوێست و لێدوانان و شرۆڤانەیان کردووە کە بەشێکی زۆریان پەلەپڕوزێ و هەڵوێستی پێچەوانەیان تێدایە لە کەمتر لە مانگێکدا.

سیاسەتی تەوافوقی لە عیراقی فرە نەتەوە و مەزهەب، تەنها چارەسەرە

هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئەو تێڕوانین و دووربینی و هەڵوێستە نەگۆڕانە دەردەکەون کە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بەشێوەیەکی جێگیر و سیاسەتێکی ژیرانە و دوور لە هەڵەشەیی و سڕینەوەی بەرامبەر پیادەکراوە.

چەمکی تەوافوق و کاری پێکەوەیی
لە سەرەتای دەرکەوتنی هەیکەل و نەخشەی نوێی سیاسیی و پەرلەمانیی عیراقەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پاڵپشت بە خوێندنەوەی ژیرانەی واقیعی سیاسیی عیراق و سوودوەرگرتن لە تێز و حیکمەتەکانی سەرۆک مام جەلال، دەستی بە چەمکی تەوافوق و بەشداریی نیشتمانییەوە گرت و لە تێکڕای دیدارەکانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ماڵی مام لە بەغدا و دەباشان و سەرجەم سەردانەکانی وەفدی دانوستانکاری عیراق بۆلای لایەنە عیراقیی و کوردستانییەکانیش، پێداگریی لەسەر ئەو تێز و تێڕوانینە کردەوە و بۆ جارێکیش سازشی لەسەر ئەو تێز و تێڕوانینە نەکرد.

رێزی بەرامبەر لە سۆنگەی دیموکراسییەوە 
 هاوکات سیاسەتی رێزگرتن لە رای بەرامبەریش وەک مافێکی دیموکراسی سەلماند و بۆ جارێکیش نە لەڕووی میدیاییەوە و نە لەڕووی سیاسییەوە دژایەتیی تێزی (زۆرینەی نیشتمانی) نەکرد، چونکە پێیوابوو ئەو تێزە دەشێت لە قۆناغی دوای چنینەوەی بەرهەمی تەوافوقی سیاسی و جێبەجێکردنی بەند و مادە و بڕگەکانی دەستوور و چەسپاندنی مافی وەکیەکیی هاووڵاتیبوون لە سەرتاسەری عیراقدا بۆ سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکان تێزێکی قابیلی جێبەجێکردن و پراکتیزەکردن بێت، بۆیە چووە بەرەی نیقاشەوە لەسەر ئەو تێزە، بەڵام نەچووە بەرەی دژایەتیکردنی تێزەکە و کارەکتەرە سیاسییەکانییەوە، بۆیە ئەوەی دواجار تێزەکەی کۆتایی پێهێنا و پەیڕەوانی تێزەکەی لەیەکتریی دوورخستەوە، نەگونجانی خودی  تێز و تێڕوانینەکە بوو بۆ ئەم قۆناغەی عیراق و ئەوەش کە بەشێک لە بەرەی تێزی بەرامبەری گەڕاندەوە بۆ سەر رێگە واقیعی و گونجاوەکە هەر یەکێتیی نیشتمانیی  کوردستان بوو.

گۆڕینی ئەدا و ئەزموونی کابینەکانی رابردوو
یەکێتی و سەرۆکەکەی مکوڕبوون لەسەر تێزی تەوافوق و شەراکەتی راستەقینە، بەڵام هاوکات سووریش بوون لەسەر گۆڕینی شێوازی ئەدای حکومڕانیی کە بۆخۆی ئەو ئەدایەی 19 ساڵی رابردوو، هۆکاری سەرهەڵدانی بەشێکی زۆر لەو ناڕەزاییانە بوو کە لە دوو ساڵی رابردوودا لە بزووتنەوەی تشرینییەکانەوە سەریهەڵدا، بۆیە ئەگەر ئەو ئەدایە نەگۆڕدرێت ئەوا چەندین بزووتنەوەی دیکە سەرهەڵدەدات و ئەگەر بەشێکی زۆریشی خواستی رەوای شەقام و جەماوەریی راستەقینە بن، ئەوا پەراوێزێک دەمێنێتەوە بۆ گەمەی پاشماوەکانی بەعس و رێکخراوە تیرۆریستییەکان و ئەجێندا ئیقلیمییەکان. 

بژاردەیەک لە هەردوو تێزەکە
راسپاردەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە هەردوو دیداری لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی کاندیدی سەرۆک وەزیرانیش پێش راسپاردن و دوای راسپاردنییش جەختکردنەوە بوو لە پاراستنی مافە دەستوورییەکانی کورد و جیاوازی نەکردن لە نێوان پێکهاتەکاندا و دامەزراندنی حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار، کە ئەمەش بۆخۆی تەوافوقێکە لە نێوان هەردوو تێزی حکومەتی نیشتمانیی خزمەتگوزار و تەوافوقی و نیشتمانیی هەموو پێکهاتەکان و دووبارە نەکردنەوەی ئەزموونی کابینەکانی رابردوو.

لە سەرەتای دەرکەوتنی نەخشەی نوێی سیاسیی عیراقەوە، یەکێتی پاڵپشت بە خوێندنەوەی ژیرانەی واقیعی سیاسیی و سوودوەرگرتن لە حیکمەتەکانی مام جەلال، دەستی بە چەمکی تەوافوق و بەشداریی نیشتمانییەوە گرت

هاوسەنگی لە چوارچێوەی پاکێجێکدا
پراکتیزەکردنی سیاسەت تەنها دروشم و هەڵپە و پەلەپەل نییە بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەستکەوتی حزبی و فەرامۆشکردنی خواستە میللیی و نەتەوەیی و خزمەتگوزارییەکان، بەڵکو  هەموو ئەوانە پێکەوە پاکێجێکن و دەبێت لەسەر چەند ئاستێکی هاوسەنگ بە پشوودرێژییەوە رۆژ و شەویان بۆ بخرێتە سەریەک و لۆبییان بۆ بکرێت تا دۆستەکان لەیەکتری نزیکتر بکرێنەوە و قەناعەتیش بە رکابەر و ململانێکارەکانیش بکرێت بۆ گەرتنەبەری رێگە راستەکە و ئیستیحقاقە ئینتیخابییەکەی خۆشت رەچاو بکەیت، ئەوەش ئەو سیاسەتە بوو کە یەکێتی و سەرۆکەکەی و وەفدە دانوستانکارەکەی لە یەک ساڵی رابردوودا گرتییەبەر و دواجار سەرکەوتووش بوو.

وتارەکانی نوسەر