پەشمەک

شیعر و بوێری

10:36 - 2022-10-23
ڤینۆس فایەق
1315 خوێندراوەتەوە

73

پرسیاری حەوتەم: خۆت بە بوێر دەزانیت؟ باوەڕت وایە دەبێت هەموو داهێنەرێک بوێر بێت؟ پێگەی «صوت العراق» 

لەڕاستیدا دەبێت بزانین تێگەیشتنمان بۆ بوێری چییە؟ هەریەک لە ئێمە بەشێوەیەک لە چەمکی بوێری تێدەگەین، هەر یەکەشمان بەشێوەیەک لەناو دەقەکانماندا بەرجەستەی دەکەین. لە سادەترین پێناسەیدا بوێری بریتییە لە توانای رووبەڕووبوونەوە و هەنگاونان و دەسپێشخەری. بەڵام لە ئەدەبدا لە سیاقێکی تردا بوێری خوێندنەوەی بۆ دەکرێ. 
تانە و بریندارکردن و خۆ بە ئازا پیشاندان ناکەونە  خانەی بوێرییەوە. بوێری خۆنمایشکردن و بریندارکردنی ئەوانی تر نییە. دەبێت بوێری لە کردارەوە سەرچاوەبگرێ، ئەوجا لە نووسیندا رەنگ بداتەوە.
بوێری پێویستی بەوەیە شەرم نەکەین، ئەوە بڵێین کە پێویستە بیڵێین بەبێ ئەوەی تەشهیر بە کەس بکەین یان ئازاری کەس بدەین، شتە نەوتراوەکان بەشێوەیەکی داهێنەرانە تێکەڵ بە دەقی ئەدەبی بکەین. دەشبێت بپرسین ئەوەی دەست بۆ تابۆکان دەبات دەکەوێتە خانەی داهێنانەوە؟ چۆنییەتی دەستبردن بۆ تابۆکان ئەوە یەکلادەکاتەوە کە ئایا داهێنانە یان نا؟  چونکە بەلای هەندێ نووسەرەوە، بوێری بوارێکە بۆ هەناسەدان و شکاندنی بەستەڵەکی رۆتین و قسەکردن لە هەموو شتێکی نابەجێ لە کۆمەڵگەدا. بەمشێوەیەش بوێری دەبێتە ئەو چەکەی رووی هەموو ناشیرینییەکان هەڵدەماڵێت. 
ئەوەی پەیوەندی بە شیعرەوە بێت هەر لە سەرەتاوە هەوڵدانی شاعیران بۆ گۆڕینی شکڵی شیعری نەریتی و داهێنانی رێچکەی شیعری نوێ بۆ خۆی بوێرییەکی گەورە بووە. بەمەرجێک ئەو دەسکاریکردنەی شیعر تەریب بێت لەگەڵ وروژاندنی بابەتی قسەلێنەکراو و ئەو بابەتانەی لەژێر پەردەی دین، عورف و عادەت و تەنانەت بەربەستی سیاسیش خراونەتە خانەی تابۆوە، بەمەرجی ئەوەی وروژاندن هەوڵێک نەبێت بۆ شکاندن و ریسواکردن و ئابڕووبردن، بەڵکو ئایدیایەک و پەیامێکی ئینسانی هەڵگرتبێ کە خزمەت بەو پرسە بکات لەناو دەقەکەدا. ئەگەر وانەبێت نابێتە ئەدەبێکی بوێر، بەڵکو دەکرێ ناوی بنێین «ئەدەبی ئابڕووبردن». 
بە باوەڕی من بوێری سنوور نازانێت، بەڵام عورف و قانوونی خۆی هەیە. یەک لە عورفەکانی نابێت بۆ خۆدەرخستن و ناوبانگ پەیداکردن و زۆرفرۆشیی چاپکراوەکان بێت، دووەم نابێت مەبەست لێی مەرامی تاکەکەسی بێت بۆ لێدانی کەسێک، کە ئەمە تاڕادەیەک لە ئێستادا هەندێ نووسەر پەنای بۆ دەبەن. 
بێگومان بڵاوکردنەوەی ئەلەکترۆنی بوارێکی باشی بۆ دیاردەیەک رەخساندووە کە بەبێ سانسۆر و بەبێ رەچاوکردنی هیچ عورفێکی ئەدەبی کەسانێک لە سۆشیال میدیا مانا و پێناسەی چەمکی بوێرییان شێواندووە بەوەی کە بە شێوازی ناشیرین دەست بۆ هەندێ بابەت دەبەن بەڵام لە قاڵبێکی تەسکی تاکەکەسیدا دەیوروژێنن بە ئامانجی ریسواکردنی تەنها کەسێک یان لایەنێک بەجۆرێک کە خودی پرسەکە ون دەبێت و سەر لە خوێنەریش دەشێوێت. بۆ نموونە ناکرێ بوێرانە بە نووسین باس لە گەندەڵی بکەم، بەڵام لە واقیعدا هاوڕێیەتی کەسێکی گەندەڵ بکەم، یان لە دەقێکی شیعری بێت یان تەنانەت وتاریش بەرژەوەندیی تاکەکەسی رەچاو بکەم و ئیدیعای بوێریش بکەم. 
دواجار ئەگەر دەق پەیامێکی ئینسانی هەڵگرتبێت، بوێری وەکو هەر یارییەکی لێدێت، بوێری چوونەپێشەوەیە، ئەگەر بەر تانە و تەشەریش بکەویت، لە کۆتاییدا براوە ئەوە نییە لە یارییەکەدا دەیباتەوە، بەڵکو ئەوەیە کە یارییەکی جوان دەکات.

وتارەکانی نوسەر