83
پیاوێكی تێكسمڕاوی قژ ماشوبرنجی و مه‌نگه. نه شڕۆڵه‌یه و نه گه‌مار، بۆیه ناكرێت بڵێی سواڵكه‌ره یان برسی و هه‌ژاره. به‌ڵام هاتوچۆكه‌ی بۆته مه‌ته‌ڵێك، به هه‌موو پاسه‌وانه‌كانی سه‌رۆك و راوێژكاره گێژه‌كانیشی هه‌ڵنایه‌ت. كه‌س نازانێت بۆچی شه‌ش دانه مانگه هه‌موو به‌یانییه‌ك دێته به‌رده‌می ماڵی سه‌رۆك و ده‌یه‌وێت لێی نزیك بێته‌وه. هه‌ر رۆژه‌ی به‌شێوه‌یه‌ك دووری ده‌خه‌نه‌وه، كه‌چی كۆڵنادات و بۆ سبه‌ی له هه‌مانكاتی ده‌رچوونی سه‌رۆكدا وه‌كو قارچك هه‌ڵده‌تۆقێت.
رۆژێك ده‌بێت به ژێر ده‌ست و پێی پاسه‌وانه‌كانه‌وه و هه‌موو گیانی ده‌شكێ. رۆژێك به قۆناغه تفه‌نگ ده‌سره‌وێننه ناوشانی و هه‌ناسه‌ی لێده‌بڕن، رۆژێك پاڵی پێوه‌ده‌نێن و دوای سه‌د له‌تر خۆی ده‌گرێته‌وه. رۆژێك به پشته‌مل دووری ده‌خه‌نه‌وه. رۆژێك ده‌كێشن به‌ناو ده‌میدا و ناوده‌می پڕ ده‌كه‌ن له خوێن. كه‌چی وه‌ك ئه‌وه‌ی نه بای دیبێ و نه باران، سبه‌ی دیسان قوت ده‌بێته‌وه.
رۆژێك گومانی لێده‌كه‌ن نه‌با نیازی خراپ بێت، ده‌یبه‌نه ژووری پاسه‌وانه‌كان و وه‌های ده‌پشكنن، ته‌نانه‌ت پاشه‌ڵیشی نابوێرن، كه‌چی جگله‌له ده‌سڕێكی سپی وه‌ك به‌فر و هه‌ندێ پاره‌ی كاغه‌ز، هیچی تری پێ شك نابه‌ن. چه‌ند جارێك بانگی ده‌كه‌ن و هه‌زاران فێڵی لێده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌كی لێده‌ربێنن بۆچی ده‌یه‌وێت له سه‌رۆك نزیك بێته‌وه؟ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ڕ و لاڵ بێت به‌رد دێته ده‌نگ و ئه‌و نقه‌ی لێوه نایه‌ت. زوو زوو قاته جله‌كانی ده‌گۆڕێت و ریش و سمێڵی پاك ده‌تاشێت. ناچار ده‌بن لێی بكۆڵنه‌وه رۆژێك یه‌كێك له راوێژكاره گه‌مژه‌كانی سه‌رۆك هه‌ندێك زانیاری له‌باره‌وه ئاشكرا ده‌كات. گوایه ئه‌م كابرایه پیاوێكی وه‌جاخزاده‌یه و لێكه‌وتووه، به‌ڵام هه‌ر زوو ئه‌م قسه‌یه به درۆ ده‌خرێته‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر وه‌جاخزاده بوایه ده‌بوو له‌ناو دره‌ختنامه‌ی بنه‌ماڵه وه‌جاخزاده‌كاندا ناوی بنه‌ماڵه‌كه‌ی یان خۆی هه‌بوایه. پاشان ئه‌گه‌ر وه‌جاخزاده بوایه ئێستا له جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌موو رۆژێك به‌و شێوه‌یه بێته به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی سه‌رۆك و هه‌ر رۆژه‌ی به‌زمێكی پێبكه‌ن، وه‌كو وه‌جاخزاده‌كانی تر لای سه‌رووی باره‌گاكه‌ی سه‌رۆك لاقی لێ ده‌خسته سه‌ر لاق.
دوور و نزیك سه‌رۆك ئاگای له‌م به‌زمه نییه، كه‌سیش پڕكێشی ئه‌وه ناكات ئه‌م شته لاوه‌كیانه به سه‌رۆك بڵێت. دوای شه‌ش مانگ و شه‌ش رۆژ ئاخری ئه‌م به‌یانییه خه‌ونه‌كه‌ی دێته‌دی.
له‌ناو پاڵه‌په‌ستۆ و شووت لێداندا وه‌كو تۆپێك رێك ده‌كه‌وێته به‌رپێی سه‌رۆك، به ئاماژه‌ی سه‌ر ده‌ڵێت لێیگه‌ڕێن. یه‌كسه‌ر ده‌سڕه سپییه‌كه‌ی ده‌رده‌هێنێت و وه‌كو بۆیاخچییه‌كی كارامه پێڵاوه‌كانی سه‌رۆك ده‌سڕێته‌وه.
وه‌كو گوڵ ده‌گه‌شێیته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی زگماك لاڵ بووبێت و زمانی كرابێته‌وه، ده‌ڵێت: «ئۆخه‌ی خوایه، ئیتر بشمرم باكم نییه!»