پەشمەک

ئیمان لە گاندییەوە

10:19 - 2022-11-06
ڤینۆس فایەق
473 خوێندراوەتەوە

74

«باوەڕ شتێک نییە بۆ تێگەیشتن، بەڵکو حاڵەتێکە تیایدا 
گەشە دەکەین». *گاندی*


یەک لەو کەسایەتییانەی ژیاننامەیانم خوێندۆتەوە و زۆر دەمێکە سەرسامی فەلسەفە و تێڕوانینی لە ئادەمیزاد و خەبات و تیۆر و دنیابینییەکانیم، کەسایەتی ماهاتما گاندییە، دامەزرێنەری فەلسەفەی «نا بۆ توندوتیژی» یان «یاخیبوونێکی ناتوندوتیژییانە»، و رۆژی 2ی ئۆکتۆبەر کە دەکاتە رۆژی لەدایکبوونی کراوتە رۆژی نێودەوڵەتی رووبەڕووبەونەوەی توندوتیژی. گاندی کە رۆژێک لەگەڵ هاوڕێیەکی رادەکات بۆ ئەوەی بەشەمەندەفەردا بگات، تاکی چەپی نەعلەکانی پێی لێ دەکەوێت، کە سوار شەمەندەفەرەکە دەبێت، لە پەنجەرەکەوە تاکی راستی نەعلەکە فڕێ دەداتە دەرەوە، هاوڕێکەی لێی دەپرسێ بۆ وات کرد؟ دەڵێ: بۆ ئەوەی ئەو کەسەی تاکی چەپەکەی دەدۆزێتەوە لەگەڵ تاکی راستەکەیدا سوود لە هەردووکیان ببینێت. 
گاندی دەڵێ: من ئێستا تەواو ئامادەم بمرم، بەڵام هیچ بەهانەیەک نابینم پۆزش بۆ ئامادەییم بۆ کوشتنی هیچ ئادەمیزادێک بهێنێتەوە» ئەمەی لەو کاتەدا گوت کە لە دژی داگیرکەر خەباتی دەکرد، چونکە گاندی باوەڕی بەهیچ شێوەیەک لە شێوەکانی توندوتیژی نەبوو، چجای زیندانیکردن بەبێ تۆمەت یان بەبێ دادگاییکردن، برسیکردن و بێبەشکردنی هاووڵاتیان لە سادەترین خزمەتگوزاری کە شایستەی ئادەمیزادن. ئەمە وانەیەکی گەلێ گرانبەهای گاندییە سەبارەت بە ئیمان و بیروباوەڕ لای ئادەمیزاد، چونکە ئەگەر بیروباوەڕەکانمان کردار نەبن لە رووی تیۆرییەوە بە گوتن ونووسین هیچ نرخێکیان نابێت. چونکە باوەڕ و ئیمان کە ئاوێنەی کەسایەتییە، شتێکە تەواو پەیوەستە بە ئادەمیزاد خۆیەوە و شتێکە پێناسەی کەسایەتیی دەکات.
جوبران خەلیل جوبران دەڵێ: «کێ دەتوانێ ئیمان لە کارەکانی جیاکاتەوە و بیروباوەڕەکانی لە پیشەکەی جیاکاتەوە؟». ئاخر کێشە ئەوەیە لە خۆرئاوا کە ئادەمیزاد دەم دەکاتەوە دەتوانی بەشێوەیەک لەشێوەکان تێبگەی سەر بە چ حزبێکە یان هەڵگری چ بیروباوەڕێکە، بەدەگمەن رێکەوتی کەسێک بکەی سروشتی بێت و دوور لە ئینتیماکانی کەسایەتیی بخوێنیتەوە، ئەوەی حزبییە، حزبایەتیی تێکەڵی ژیانی تایبەتی خۆیشی کردووە، ئەوەی هەڵگری بیروباوەڕێکی دینییە، نەک لە ژیانی تایبەتی خۆیدا بەڵکو بەسەر ژیانی ئەوانی تریشیدا دەسەپەنێ. ئا ئەمەیە کە گاندی دەڵێ: هەرچی بیروباوەڕی دینییە شتێکە لەنێوان ئادەمیزاد وخودای خۆیدا» هەمان شتیش بۆ حزبایەتی راستە، کە نابێت تێکەڵ بە ژیانی تایبەت بکرێ. 
ئێستاشی لەگەڵ بێت کە باسی گاندی دەکرێ ناوی هیچ حزبێک نایەت کە تیایدا چالاک بووبێت، هەر خۆی ئادەمیزادێکی پڕاوپڕ لە ئیمان وبیروباوەڕی ئینسانییانە، ئەو کە هەموو ژیانی بۆ خەباتی گەلەکەی تەرخانکرد، لەدوای خۆی نە سەروەت وسامان و نە ناوی حزبێکی بەجێنەهێشت، بەڵام ئەو کە بزاڤ وجموجۆڵێکی ئینسانیی پەرەپێدا جەختی لەسەر ناتوندوتیکی دەکردەوە قەڵایەک لەوانە و بیروباوەڕ و فەلسەفەی ئینسانیانە کە نەک بەتەنها هیند بەڵکو تەواوی جیهان ئێستا بە ماهاتما کە بەمانای «رۆحی مەزن» دێت ناوی دەبەن. 
دواجار ئیمان دەبێت لەسەر بنەمای ئازادیی هەڵبژاردن بێت، بەمانای ئەوەی ناکرێ کەسێکی تر شتێک بەسەر کەسێکدا بسەپێنێت وداوای لێبکات ئیمانی پێبهێنێت، هەروەک هیچ بیروباوەڕێک وئیمانێک شتێک نین پشتاوپشت بۆمان بگوێزرێنەوە، بەڵکو کەسەکان دەبێت ئازادی ئەوەیان هەبێت بیروباوەڕی خۆیان هەڵبژێرن و شێوازی داکۆکیکردن وخەباتکردن بۆ بەرجەستەکردنی بیروباوەڕەکانیان تەواو ئازادانە بێت.

وتارەکانی نوسەر