دیدارێک کە بۆ لایەنەکان شایەنی چاولێکردنە

09:50 - 2022-11-17
مستەفا محەمەد
113 خوێندراوەتەوە

دیدارە روون و راشکاوەکەی هەڤاڵ "بافڵ جەلال تاڵەبانی" سەرۆکی یەکێتیی نسشتمانیی کوردستان لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو وەڵامی زۆر پرسیاری جەوهەری گرنگی پەیوەست بە دۆخی هەرێمی کوردستانی دایەوە و پێی وتین کە ناکۆکییەکان ئەگەرچی ریشە و باکگراوندێکی درێژیان هەیە، بەڵام بە تەمەنی حکومڕانی لە هەرێمدا نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستە و ئەمجارە بەجیاواز لەسەرنجەکانی پێشوو پەیوەست بەلایەنەکان، حکومەت خۆی بۆتە بەربەستێکی گەورە لە ونکردنی ستراتیژی خزمەتی گشتی بەپێی ئەو رێکەوتنەی پێشتر یەکێتی لەگەڵ پارتی و لایەنە بەشداربووەکانی تردا بۆ بەڕێوەبردنی کابینەی نۆیەم واژۆیان لەسەرکردووە.

ئەم دیدارە خوێندنەوەیەکی ورد و واقیعیانە بوو بەجۆرێک هیچ پێچ و پەناو تەلفیقێک هەڵناگرێ، چونکە وێنەیەکی راستەقینەی بۆ دۆخی خزمەتگوزاریی و رێگرییەکانی بەردەم بەرکەماڵی حکومڕانی کوردی نیشانداین کە بەدوور لەو هێڵە گشتیانەی لەسەری دامەزراوە، مامەڵەیەکی نەگونجاو و ناشایستە لەگەڵ پرسی رێکخستنەوەی داهات لە مەرز و خاڵە سنوورییەکان و کۆکردنەوەی باج و رسوماتدا دەکات کە سێ هێندە و بگرە زیاتریش جیاوازی هەیە!

ئاخر بوونی زیاتر لە "24"هەزار کۆمپانیای زەبەلاح و مام ناوەند لە سنووری دوو پارێزگادا "هەولێر و دهۆک" وەک سەرۆکی یەکێتی بە زمانێکی ماتماتیکیانەی سادە خستیەڕوو، چۆن و بەچ هاوکێشەیەک لەگەڵ داهاتی تاکە پارێزگایەکدا کە لەچاو ئەوانی تردا مەنفەزێکی شێوەخنکاوی هەیە ، وەک یەکە!

ئەم راشکاوییەی هەڤاڵ سەرۆکی یەکێتی و چەندبارە نیشاندانی نیازپاکی و ئامادەیی یەکێتی بۆ وەلانانی ناکۆکییەکان، تەحەدایەکی گەورەیە و یەکەمینجارە بەو ریتمە ئەنجام بدرێ و دەرخەری راستییەکە کە قسە و کار و کردار لای سەرۆکی یەکێتی بەچەشنی یەک دەبێ هەنگاویان بۆ هەڵگیرێ، ئەم خەمخۆریەشی تەنها و تەنها لەپێناو میللەت و بەهەدەرنەچوونی دەسکەوتەکانە، هەروا سەرپێخستنەوەی بنەماکانی شەراکەتێکی حەقیقی و سەقامگیریی پڕۆسەی سیاسیە لە هەرێمی کوردستاندا کە بەداخەوە ئێستا بەهۆی عینادی لایەنێکەوە به تەواوی لەق بووە و دەرهاویشتەکانیشی کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان بەدەرکەوتووە

دیمانەیەک لەو دۆخەدا تەواو لەجێی خۆی بوو، ئەگەر بەهەمان نیەتی سەرۆکی یەکێتی، دەست بخرێتە سەر برینەکان و بەدوای چارەسەریشدا وێڵ بین، بێگومان رێگە خۆش دەکات بۆ ئارامی خزمەت و دووبارە بوژاندنەوەی سێکتەرەکان و دەستهەڵگرتن لە خنکاندنی ئەزموونی حکومڕانی، هەربۆیە پێویستە وەک پەیامێک لە ئاستی باڵای حزبەکاندا بەتایبەت "پارتی" لێکدانەوەی ئەرێنی بۆ بکرێ و وەک وەرچەرخان و سازکردنەوەی زەمینەی گفتوگۆیەکی گشتگیر و هەمەلایەن هەنگاوەکانی کاراتربکرێن.

وتارەکانی نوسەر