هۆكاره‌كانی‌ دیارده‌ی‌ خۆكوشتن له عیراقدا

09:47 - 2022-11-20
بورهان شێخ رەئوف
94 خوێندراوەتەوە

ماوه‌ی‌ پێشوو دیارده‌ی‌ خۆكوشتن به‌ شێوه‌یه‌كی‌ سامناك زیادی‌ كرد به‌ تایبه‌تی‌ له‌ناو توێژی‌ گه‌نجاندا، شاره‌زیان زۆربوونی‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ بۆ كاردانه‌وه‌ و ره‌نگدانه‌وه‌ی‌  دۆخی‌ سیاسی‌ ناسه‌قامگیری‌ وڵات ده‌گێڕنه‌وه‌، بۆیه‌ خوازیاری‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌ر و رێكاری‌ پێویستن بۆ ئه‌م دیارده‌یه‌.

‌ ره‌نگه‌ بۆ حكومه‌ت قورس بێت به‌ ته‌نها ئه‌و ئه‌ركه‌ بگرێتە ‌ئه‌ستۆ  واتا چاره‌سه‌ركردنی بێكاری، بۆیه‌ پێویسته‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت و  كۆمپانیاكانیش هاوكار بن لە دابینكردنی‌ هه‌لی‌ كار و سوود وه‌ربگرن له ‌توانای گه‌نجان

هۆكاره‌كانی‌ خۆكوشتن
هۆكاره‌كانی‌ خۆكوشتن زۆرن چ ئابووری یان كۆمه‌ڵایه‌تی‌  و دیارترینیش هه‌ژاری‌ و نه‌داری‌ و بێكاری‌ و بێئومێدبوونه‌ له‌ گۆڕانكاری‌ به‌ ئاڕاسته‌ی‌ باش، له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی‌ قه‌یرانه‌ سیاسییه‌كان  و  شكستی‌ حكومه‌ت له‌ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری‌ و دانانی‌ سنوورێك بۆ ئاسته‌كانی‌ هه‌ژاری‌ و بێكاری‌.
له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌ی‌ سه‌باحی‌ ره‌سمی‌ سه‌رمه‌د به‌دری‌  وته‌بێژی‌ كۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ، رایگه‌یاندووه‌: ماوه‌ی‌ پێشوو حاڵه‌تی‌ خۆكوشتن به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی‌ زۆری‌ به‌خۆیه‌وه‌ بینیووه‌ له‌ عیراق، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردووه‌ له‌ ساڵی‌  2021 دا (700) رووداوی‌ خۆكوشتن تۆماركراوه‌ جگه‌ له‌وانه‌ی‌ كه‌ تۆمار نه‌كراون.

له‌ توێژی‌ گه‌نجانن
دووپاتیشیكردۆته‌وه‌، كه‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ خۆیان كوشتووه‌ له‌ توێژی‌ گه‌نجانن، ئه‌وه‌ش زیاتر بۆ بێ كاری و خراپی باری ئابووری ده‌گ‌رێته‌وه‌، به‌رپرسیارێتی‌ سه‌ره‌كیش له‌ ئه‌ستۆی‌ ده‌وڵه‌ته‌، كه‌ ئه‌ركێتی له‌پاڵ لایه‌نی‌ به‌رپرس پشتیوانی‌ له‌م توێژه‌ گرنگه‌ بكات و زه‌مینه‌ییان بۆ بڕه‌خسێنێت بۆ به‌شداری‌ كردن له‌ بنیاتنانی‌  كۆمه‌ڵگا نه‌ك پشتگوێ‌ خستنیان.
لێره‌دا ده‌بێت راستییه‌كی‌ تریش بڵێین ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ره‌نگه‌ بۆ حكومه‌ت قورس بێت به‌ ته‌نها ئه‌و ئه‌ركه‌ بگرێتە ‌ئه‌ستۆ  واتا چاره‌سه‌ركردنی بێكاری، بۆیه‌ پێویسته‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت و  كۆمپانیاكانیش هاوكار بن له‌ رێگه‌ی‌ دابینكردنی‌ هه‌لی‌ كار و سوود وه‌ربگرن له‌توانای گه‌نجان.
زۆر گرنگ و پێویستیشه‌ رێكخراوه‌ مرۆڤدۆسته‌كان و چالاكوانانی‌  كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ و دامه‌زراوه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و ئاینییه‌كان رۆڵی‌ كاریگه‌ر بگێڕن له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی‌  رۆشنبیری‌ و هۆشیاری‌ پێویست و روونكردنه‌وه‌ی‌ مه‌ترسییه‌كانی‌ دیارده‌ی‌ خۆكوشتن به‌وه‌ی‌ له‌ رووی‌ ئاینییه‌وه‌ گوناهێكی‌ زۆر  گه‌وره‌یه‌.
بنبه‌ستی‌ سیاسی‌  له‌ یه‌ك ساڵی‌ رابردوودا و شكستی‌ كابینه‌ حكومییه‌كان له‌ دابینكردنی‌ خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، كاریگه‌ری‌ راسته‌وخۆی‌ هه‌بووه‌ له‌ زیادبوونی‌ ئه‌و دیارده‌ قێزه‌ونه‌، له‌وه‌ش ناخۆشتر له‌ كاتی‌ وردبینی‌ له‌ ته‌مه‌نی‌ ئه‌وانه‌ی‌ خۆیان كوشتووه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ به‌شێك له‌وان كه‌سانی‌ به‌ ساڵاچوون كه‌ پێشتر حاڵه‌تی‌ وا تۆمار نه‌كراوه‌ و پشكی‌ شێر به‌ر گه‌نجان كه‌وتووه‌ .
له‌ كۆتاییدا:
1.به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ خۆكوشتن دیارده‌یه‌كی‌ سامناكه‌، پێویستی‌ به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ زانستی‌ ورد هه‌یه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ هۆكاره‌كانی‌ به‌ وردی‌ و دانانی‌ چاره‌سه‌ری‌ پێویست بۆ به‌رگرتن له‌ ته‌شه‌نه‌كردنی‌، ئه‌ویش به‌ دابینكردنی‌ هه‌لی‌ كار و دابینكردنی‌ خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان .
2. زۆربوونی‌ رێژه‌ی‌ خۆكوشتن و پشتگوێ‌ خستنی‌ داواكاری‌ لاوان له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، چه‌ندێك خزمه‌تگوازارییه‌كان كه‌م ببێته‌وه‌، رێژه‌ی‌ خۆكوشتن به‌رز ده‌بیته‌وه‌، بۆیه‌ زۆر گرنگ و پێویسته‌ له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان و هه‌موو داموده‌زگاكانی‌ ده‌وڵه‌ت له‌ هه‌وڵی‌ دابینكردنی‌ هه‌لی‌ كار و پێشكه‌شكردنی‌ خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كاندا بن بۆ لاوان  به‌ تایبه‌تی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ست به‌وه‌ بكه‌ن هه‌ن و گرنگیان پێ‌ ده‌درێت .

بێکاری یەکێک لە هۆکارەکانی بێ ئومێدبوونی گەنجان 

وتارەکانی نوسەر