وردتر

مۆندیالی قەتەر؛ پێگە و پەیام

10:13 - 2022-11-22
لەشکر حەمە ساڵح
330 خوێندراوەتەوە

كە بڕیاردرا مۆندیالی 2022 لە قەتەر بێت، بەشێكی وڵاتانی جیهان دژی بڕیارەكە و وڵاتەكە و بۆنەكە وەستان، ئەوكات دەنگوباس گەرم بوو كە ئەو وڵاتە بە بەخشینەوەی بەرتیل لە پارەی داهاتی غازی سروشتی ئەو بڕیارەی لە بەرژەوەندیی خۆی یەكلاكردۆتەوە، بەڵام وامۆندیالی 2022 لە قەتەر دەستیپێكرد و وەك رووداوێكی گرنگ لە مێژووی ئەو وڵاتە و ناوچەكە و جیهاندا تۆمار دەكرێت.
قسەكردن لەبارەی مۆندیالەوە بەرلەوەی قسەكردن بێت لەسەر وەرزش یان رووداوێكی وەرزشی، بەڵكو مۆندیال قسەكردنە لەسەر سیاسەت و ئابووری. چونكە مۆندیال، یەكێكە لەو رووداوە جیهانیانەی، ئەگەرچی رووكارێكی وەرزشیی هەیە، بەڵام بێگومان رووكار و رەهەندی تریشی هەیە، كاریگەریی گەورەی سیاسی و ئابووری دەهێنێتە كایەوە.
ئەو كاتەی سەدان ملیۆن كەسی ئەم سەرزەمینە تەماشای ئاهەنگی كردنەوەی مۆندیالیان كرد، پاشان رۆژانە بە دیار شاشەی تەلەفزیۆن و مۆبایل و تابلێتەكانیانەوە دەمێننەوە، هیچ كەس ئەو پرسیارەی لە یاد نەما بوو كە قەتەر چۆن مافی میوانداریكردنی مۆندیالی پێدرا، بگرە بەشێكی زۆری نیگەرانییەكان ئەوە بوو كە بۆچی ئەو وڵاتە كۆتوبەندی داناوە لەسەر فرۆشتن و خواردنەوەی خواردنەوە كحولییەكان! 
هەروەك چۆن قەتەرییەكانیش ئەوەیان لە یاد نەما كە كێ بوون ئەو وڵات و كەسانەی گاڵتەیان بەتوانا و ئیرادەیان دەكرد بەوەی ناتوانن سەركەوتوو بن لە رێكخستنی مۆندیالدا. بەڵام ئەوەی لە یادەوەریی كەسەكاندا دەمێنێتەوە، ئەوەشی لە لاپەڕەكانی مێژوودا تۆماردەكرێت ئەو بەشەی رووداوەكەیە كە مۆندیالی 2022 لە وڵاتێكی عەرەبیی بچووك، بەڵام دەوڵەمەند و بەهەژموونێكی ئایینییەوە بەڕێوەدەچێت. 
ئیتر قەتەر وڵاتە پەراوێزخراوەكەی پێشوو نییە؛ بێگومان ئەو پێگەیەی مۆندیال بەو وڵاتەی دەبەخشێت، دەچێتە سەر ئەو رێڕەوەی لە 1996ەوە دەستیپێكردووە كە دەوحە دەیەوێت وەك هێزێكی سیاسی و ئابووری لەسەر ئاستی ناوچەكە و تەنانەت (جار جار) جیهانی خۆی بسەلمێنێت، یان دەتوانین بڵێین مۆندیال؛ سەرەڕای ئەركە ئابوورییە زۆرەكانی، دەرفەتێكی زێڕینە بۆ ئەو وڵاتە كە پەیامی خۆی بگەیەنێتە جیهان و پێگەیەكی لە پێشتر بەدەستبهێنێت.
ئەم بۆنە وەرزشییە، سوود و قازانجێكی سیاسی و ئابووریی گەورە بە قەتەر دەبەخشێت. ئیتر ئەم وڵاتە دەچێتە ریزی ئەو وڵاتانەی ناویان لە مێژووی مۆندیالدا تۆمار كراوە. ناوبانگێكی گەورەتر بەدەستدەهێنن، ناسراوتر و بەهێزتر دەبن. ئەو وڵاتە بچووكەی غازی سروشتی كردیە موعجیزەیەكی ئابووری، خەریكە دەبێتە شتێكی هاوشێوە لە هەردوو بواری وەرزش و سیاسەتدا!
واتە؛ كاتێك مۆندیال تەواو دەبێت و تیپە براوە و دۆڕاوەكان و ئەو جەماوەری بۆ بینین هاتوون، دەوحە بەجێدەهێڵن، یادەوەری لەگەڵ خۆیاندا دەبەن؛ بەڵام ئەوەی كە ئەمێنێتەوە ئەو ژێرخانەیە كە وڵاتەكە بۆ میوانداریكردنی مۆندیال دروستیكردووە، یان ئەو قازانجە مادی و مەعنەوییەی بەدەستیهێناوە. هەر لە یاریگا گەورە و مۆدێرنەكانەوە تا دەگاتە هۆتێل و باڵەخانە و سیستمی هاتوچۆ، لە پێش هەمووشییەوە مانەوەی ناوی قەتەرە لە یادەوەریی خەڵكی جیهاندا وەك براند و ئایكۆنێك بۆ قۆناغێكی ژیانی مرۆڤایەتی.

وتارەکانی نوسەر