86
حاجی، ئه‌گه‌رچی پیاوێكی شه‌ست و پێنج ساڵه‌ی بچكۆله و ریوه‌ڵه‌یه، ئه‌مما هه‌تا بڵێی سیرمه و سه‌رسه‌خت و به‌ڵایه. شت نییه لێی له ده‌ستی ده‌رچێت و ده‌ره‌قه‌تی نه‌یه‌ت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌س سه‌ر له ئیش و كاری ده‌رناكات، چونكه هیچ به كه‌س ناڵێت. دیته هه‌ر به‌لاویی كۆڵه‌كه‌ی لووتی شكاوه و وه‌كو لووتی تووتی گێڕبووه. بێده‌نگ به مشه م‌ش ئیشی خۆی ده‌كات و هه‌میشه مشه‌ی لووتی دێت. ئه‌گه‌ر ئیشێكی گرنگی هه‌بێت جامانه‌كه‌ی ده‌كاته ملی و كڵاوه قوته‌كه‌ی له دووره‌وه هاوار ده‌كات كه به‌زمێكی به‌ده‌سته‌وه‌یه.
هه‌میشه وا خۆی نیشان ده‌دات كه له هه‌موو شتێك ده‌زانێت و خۆی لێده‌بێته وه‌ستا باشی گونده‌كه‌ی، بۆیه هه‌ر ئیشێكی هه‌بێت خۆی ده‌یكات، ته‌نانه‌ت به ده‌رزی و ده‌زوو، بڕاوی ده‌ست و قاچی خۆشی ده‌دورێته‌وه. پێی كفره یه‌ك دینار خه‌رج بكات. گوێ به‌وه‌ش نادات هه‌ندێ جار ئیشه‌كه‌ی ئه‌نجامێكی قۆڕی لێده‌كه‌وێته‌وه.
ماوه‌یه‌كه حیله‌ی ئه‌سپه‌كه‌ی بێزاری كردووه، ناوه ناوه حه‌بله‌كه‌ی ده‌پسێنێ و دوای ماین ده‌كه‌وێ، بۆیه بڕیار ده‌دات، هه‌روا سووك و باریك بیخه‌سێنێت. هه‌نووكه سواری ئه‌سپه‌كه‌ی بووه، ده‌یه‌وێت له چۆڵه‌وانیدا به رێگا تایبه‌كه‌ی خۆی بیخه‌سێنێ. ده‌گاته بن پیره دارتوویه‌ك، له ئه‌سپه‌كه داده‌به‌زێ و حه‌بله درێژه‌كه‌ی داده‌گرێت، ئه‌ڵقه‌یه‌ك ده‌كاته پاشووی ئه‌سپه‌كه، ئینجا ئه‌ڵقه‌یه‌كی تر ده‌كاته هه‌ردوو ده‌ستی ئه‌سپه‌بۆر، سه‌ری حه‌بله‌كه له‌ناو قه‌دی دارتووه‌كه ده‌به‌ستێ و هێدی هێدی رایده‌كێشێت، تا ئه‌ڵقه‌كانی ده‌ست و قاچی ئه‌سپه‌كه بچووك ده‌بنه‌وه، خول ده‌خوات و ده‌كه‌وێت. ئه‌سپی تاین چه‌ند جارێك هه‌وڵده‌دات هه‌ڵسێته‌وه، به‌ڵام ناتوانێت و ته‌خت ده‌بێت. حاجی خێرا سه‌ری ئه‌سپه‌كه ده‌به‌ستێته‌وه و له جووڵه ده‌خات.
ئینجا به‌ردێكی پان ده‌هێنێت و ده‌یخاته ژێر گونی ئه‌سپی داماو، به به‌ردێكی درێژ گونی داده‌گرێته‌وه، ئه‌سپ لنگه‌فرتێ ده‌كات و ناڵه‌ی ده‌گاته ئاسمان، كه‌چی حاجی مێش میوانی نییه، وه‌ك ساوه‌ر گونی ده‌كوتێ. ئه‌سپەکە له‌تاو ئازار، له دواوه قه‌پ ده‌كات به ملی حاجیدا و بۆقه‌ته‌ی ملی ده‌گرێ.
پاش كه‌مێك هه‌ردوو حه‌یوان سارد ده‌بنه‌وه، ئه‌م له‌تاو ئازاری گونی، ئه‌ویش له‌تاو ئازاری ملی.