دەر و دراوسێ

هێزه‌كانی‌ پاسه‌وانی‌ سنوور

10:00 - 2022-11-27
بورهان شێخ رەئوف
126 خوێندراوەتەوە

ئه‌گه‌رچی‌ هێزه‌كانی‌ پاسه‌وانی‌ سنوور له‌سه‌ر سنووره‌كانی‌ عیراقن له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ درواسێ به‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیشه‌وه‌، كه‌چی‌  وڵاتانی‌  دراوسێ داوای‌ ئه‌وه‌ له‌ عیراق ده‌كه‌ن هێزه‌كانی‌ له‌سه‌ر سنووره‌كان جێگیر بكات .
له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ چوارشه‌ممه‌ 23/11/2022 ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عیراق بڕیاری دا كه‌ هێزه‌كانی‌ پاسه‌وانی‌ سنوور له‌سه‌ر سنووره‌كانی‌ ئێران و توركیا جیگیر بكرێنه‌وه‌ و ڕۆڵیان كاراو ئه‌كتیف بكرێت، ئه‌مه‌ بۆخۆی‌ هه‌نگاوێكی‌ یاسایی‌ و ده‌ستووریه‌ و له‌هه‌موو سیستمه‌ فیدراڵیه‌كانیشدا سیاسه‌تی‌ به‌رگری‌ و پاراستنی‌ سه‌روه‌ری‌ وڵات له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی فیدراڵیدایه‌ .
له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌ستووری‌ عیراقدا به‌ پاسه‌وانی‌ هه‌رێم ناسراون و به‌شێكی‌ گرنگن له‌ سیستمی‌ به‌رگریی‌ عیراق، به‌شداریی‌ كارایان له‌ شه‌ڕی‌ تیرۆر و داعش باشترین به‌ڵگه‌و گه‌واهیده‌ره‌ بۆ ئه‌و راستییه‌ حاشاهه‌ڵنه‌گره‌، هه‌ربۆیه‌ش كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی‌ و ئاماده‌بوونی‌ به‌شێك له‌ فه‌رمانده‌ باڵاكانی‌ پێشمه‌رگه‌ پێداگری‌ و دووپاتكردنه‌وه‌بوو له‌سه‌ر رۆڵی‌ ئه‌و هێزانه‌ وه‌كو به‌شێك له‌ سیستمی‌ به‌رگریی‌ عیراق .
راسته‌ له‌ ماوه‌ی‌ كابینه‌كانی‌ پێشوودا كێشه‌ له‌سه‌ر مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی‌  پێشمه‌رگه‌ و دابینكردنی‌ پێداویستییه‌كانیان هه‌بوو، ئه‌وه‌ وه‌كو خاڵێكی‌ ناكۆكی‌ گه‌وره‌ی‌ نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند، به‌ڵام له‌ پڕۆگرامی‌ وه‌زاری‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌  سودانیدا ئه‌وه‌ جێگیركراوه‌ ده‌بێت چاره‌سه‌ری‌ پێویستی بۆ بدۆزرێته‌وه‌  و خودی‌ سودانیش تێگه‌یشتنی‌ باشی‌ بۆ  دۆخی‌ هه‌رێم هه‌یه‌، ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ پۆزتیفه‌ش به‌ قازانجی‌ ئاسایشی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌، به‌ تایبه‌تی‌ كه‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ توانا و زانیاری‌ و شاره‌زایی‌ زۆریان هه‌یه‌ له‌ جوگرفیای‌ سه‌ختی‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان، پڕكردنه‌وه‌ی‌ هه‌موو درز و كه‌لێنێك كه‌ هه‌ر هێز و لایه‌نێك بخوازێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ خۆی‌ به‌كاری‌ بهێنێت.
ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ لێره‌دا باسی‌ بكه‌ین به‌یاننامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ئاماژه‌ی‌ به‌هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كردووه‌ بۆ دانانی‌ پلان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ و به‌هێزكردنی‌ هێزه‌كانی‌ پاسه‌وانی‌ سنوور له‌سه‌ر خاڵی‌ سفری‌ سنووره‌كان، راسته‌ پێشتر ئه‌و هێزانه‌ له‌سه‌ر خاڵه‌كانی‌ سنوور هه‌بوون، به‌ڵام پێویسته‌ بۆ له‌مه‌ولا زیاتر گرنگیان پێ بدرێت له‌ رووی‌ ژماره‌و توانای‌ مرۆیی‌ و راهێنان و دابینكردنی‌ چه‌ك و ئامێر و كه‌ره‌سه‌ی‌ ته‌كنۆلوجیای‌ پێشكه‌وتوو بۆ به‌جێگه‌یاندنی‌ ئه‌ركه‌كانیان و چاودێركردنی‌ سنووره‌كان و رێگری‌ كردن  له ‌هه‌ر جموجووڵێكی‌ نایاسایی‌، ئه‌مه‌ له‌ به‌یاننامه‌ و بڕیاره‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ ئه‌م دواییه‌‌ سه‌باره‌ت به‌و دۆخه‌  جه‌ختی‌ له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه‌ .
له‌ هه‌مان كاتدا هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان ناوه‌ند و هه‌رێم له‌ رووی‌ ئه‌منی‌ و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ و سنووره‌وه‌ هه‌ر له‌سه‌ر سنووره‌كان پێویست و گرنگ نییه‌، به‌ڵكو له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانیش زۆر گرنگ و پێویسته‌، به‌ تایبه‌تی‌ كه ‌له‌ ساڵی‌ 2021 بڕیاردرا دوو لیوای‌ پێشمه‌رگه‌ پێكبهێنرێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بۆشاییانه‌ كه‌ له‌ نێوان هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ و سوپای‌ عیراقدا هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌كانی‌ ماده‌ی‌ 140، به‌ڵام به‌ هۆی‌ نه‌بوونی‌ بودجه‌ له‌ ساڵی‌ 2022 جێبه‌جێ نه‌كرا، به‌ڵام بڕیاره‌ له‌ بودجه‌ی‌ 2023 دا شایسته‌ی‌ دارایی‌ پێویستی‌ بۆ ته‌رخان بكرێت .

وتارەکانی نوسەر