لە زەرەری هەرێمە!

10:03 - 2022-11-27
شوان کەریم کابان
405 خوێندراوەتەوە

چەند ساڵێکە سوپای تورکیا بەهۆ و بیانووی بوونی بارەگا و بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە قەندیل و چەند شوێنێکی تری هەرێمی کوردستان، هەم هێرشی ئاسمانی زۆری کردۆتە سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، هەم لەرێی زەمینیشەوە هاتۆتە چەند شوێنێکی هەرێم لە سنووری بادینان و لەوێ چەندین بنکە و  بارەگای داناوە و بەهۆیەوە دەیان گوند و ناوچە چۆڵ کراون.

لەهەموو ئەو هێرش وپەلاماردانانەی تورکیا و ئێران، هەم حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، هەم حکومەت و پەرلەمانی عیراق دەنگی ناڕەزاییان بەرزکردۆتەوە و ئیدانەی ئەو کارانەیان کردووە 

مووشەک بارانی بارەگاکان
 سوپای کۆماری ئیسلامی ئێرانیش پاش ئەوەی چەند ساڵێک لەمەوبەر هەندێک هێزی حزبەکانی کوردستانی ئێران کە بارەگایان لە هەرێمدا هەیە پێشتر جگە لە چالاکی سیاسی و میدیایی هیچ چالاکییەکی سەربازییان نەدەکرد، لەودیو سنورەوە چالاکی سەربازییان کرد، بڕیاری وەڵامدانەوەی داو هەر واش بوو، بە مووشەک بارانی بارەگای حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە دەستی پێکرد و تائێستاش سێ چوار جار بارەگای حزبە کوردستانییەکانی ئێرانی مووشەک و درۆنی تیئێنتی رێژ کراوی کردووە و زیانی زۆری لێکەوتۆتەوە .

ئەرشیف/ بۆردومانێکی پێشووتری هەرێمی کوردستان

لەهەموو ئەو هێرش و پەلاماردانانەی تورکیا و ئێران، هەم حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، هەم حکومەت و پەرلەمانی عیراق دەنگی ناڕەزاییان بەرزکردۆتەوە و ئیدانەی ئەو کارانەیان کردووە و بە تایبەت لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران، لە هەمان کاتدا نارەزایی نێو دەوڵەتیشی لێکەوتۆتەوە بەتایبەتیش لە بەرامبەر ئێران.

هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر هەرێم
 هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران، هەڵایەکی گەورشی بەدوای خۆیدا هێنا، تا کار گەیشتە ئەوەی ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتیمانی عیراق بەسەرپەرشتی سەرۆک وەزیران، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 23/11/2022 کۆبوونەوەیەکی لەو بارەیەوە کرد و کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد کە لە هەموویان جێ سەرنجراکێشتر بە بڕوای بەندە ئەو خاڵەیە کە باس لە جێگیرکردن، یا بڵاوەپێکردنی هێزەکانی سنوورە لە سەر سنوورەکانی عیراق - ئێران و عیراق - تورکیا.
 هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژە بە هەماهەنگی نێوان بەغدا و حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە کراوە.
 لێرەدا کۆمەڵێک پرسیار و سەرنج دێنە پێش؛ ئایا تورکیا هێز و بنکە سەربازییەکانی هەروا و لوجە اللە ئەکشێنێتەوە، یاخود هەر لەبنەرەتدا دەچێتە ژێر باری بڕیارێکی لەم جۆرە حکومەتی عیراق و هیچ حسابێکی بۆ دەکات؟ لە کاتێکدا ئێستا تورکیا رۆڵێکی گەورەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی دەگێڕێت؟ 
ئایا بوونی هێزی سنوور لەسەر سنووری ئێران رێ لە هاتنی مووشەکی بالیستی و درۆنە تیئێنتی رێژەکانی ئێران دەگرێت بۆ ناو ئاسمانی هەرێم؟ باشە لەبنەرەتدا پاسەوانی سنووری هەرێم بنکە و بارەگایان لەسەر سنوورەکان نییە؟ بە بڕوای بەندە لە ئەگەری هاتنی ئەو هێزانە، بە حوکمی ئەو بێ متمانەییەی هەیە لە نێوان هەرێم و بەغدا و مێژووی تاڵی پەیوەندی نێوان بەغدا و هەرێم لە چەند دەیەی بەر لە پرۆسەی ئازادی عیراق وێڕای جیاوازی دید و سەردەمەکەش، کێشەی زۆر دروست دەبێت. 
هاتنی ئەو هێزانە هەروا سەرپێیی نابێت، هێزەکان سەر بەهەر یەکەیەکی سەربازی و هەر جۆرێک بن، دەبێ ژمارەیان زۆربێت و چەکی جۆراوجۆریان پێ بێت، کەهاتن، بنکە و بارەگایان دەوێت دوور لە سنوور - پشت سنور، پێویستیان بە بازگە هەیە لەسەر ئەو رێگایانەی دەچنەوە سەر بنکە و بارەگا و خاڵەکانی سنوور، پێویستیان بە رەبییە و خاڵی چاودێری هەیە، رۆژانە دەورییەیان پێویستە.

ئەگەری لێکەوتنەوەی کێشە
هەموو ئەمانە وادەکات کە بەرکەوتنی رۆژانە و بەردەوامیان هەبێت لەگەڵ دانیشتوانی ئەو ناوچانەی لێی دەبن و هەروا هێزەکانی هەرێم و ئەمەش ئەگەری لێکەوتنەوەی کێشەی هەیە. لەوانەش بەرچاوتر، هەرێمی کوردستان لە مانگی تشرینی یەکەمی 1991ەوە جگە لەهێزی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایشی خۆی، هیچ جۆرە هێزێکی تری لێ نەبووە و نەدیوە. بۆیە ئەگەر هەیە هاتنی هەر هێزێکی بەغدا بۆ ناو هەرێم زەرەری زۆرتربێت لە قازانج. بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسی و گومانەش، دەکرێت ئەو ئەرکە بسپێردرێت بە هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی سنوور لە هەرێمی کوردستان، ئەگەرچی هیچ لەمەسەلەکەش ناگۆڕێت و نە عیراق و نە هەرێمیش لە مەوقیفێکدا نین بەر بەو هێرش و دەستێوەردانە سەربازییانەی تورکیا و 
ئێران بگرن.

وتارەکانی نوسەر