پەشمەک

ئازادییە ساختەکان

10:45 - 2022-11-27
ڤینۆس فایەق
196 خوێندراوەتەوە

77

« ژنی زانا هەیە، هەروەک ژنی شەڕکەریش هەیە، بەڵام هەرگیز ژنی داهێنەر وجودی نییە.» –ڤۆڵتێر-
کۆمەڵگە پیاو سالارییەکان، هەر چەند ئیدیعای پێشکەوتوویی و»هەبوونی» ئازادییەکان بکەن، هیچ کات باوەڕم بەوە نییە ژن ببێتە خاوەنی تەواوی مافەکانی خۆی، لەو کۆمەڵگایانەدا کە زۆر بە تۆخی مۆرکی پیاوانە لە بوارە هەستەوەرەکاندا زەقبۆتەوە، ئەوەی کە هەندێ ژن بە مافی دەزانن، هەندێ سەرەپارچەی مافە کە پیاوەکان بۆ جوانکردنی رۆڵی خۆیان بۆیان فڕێ دەدەن. ئەوەی ئەو بە ئازادی پێناسە دەکات، ئازادییەکی ساختەیە، بۆ ژن دەبێتە جۆرێک لە «بێعاری» و خۆهەڵخەڵەتاندن. نەشتەرگەریی جوانکاری و سەرچۆپی گرتن و خواردنی ژەمەکانی خواردن لەدەرەوە..تاد ماف و ئازادی نین. 
پیاوی خۆرهەڵات بە سروشت سەرسامی ژنێکی بەهرەمەندی دەرەوەی خێزانەکەیان دەبن، بەڵام لەناو خێزانەکەی خۆیاندا لەگەڵی هەڵناکەن، لەدەرەوە رووی خۆشیان دەدەنێ، بەڵام لەگەڵیان لەناو یەک ماڵدا بەرگەی مشتومڕ وتوێژیان ناگرن. 
ئەزموونی روسی کۆنترین ئەزموونی سۆسیالیستییە لە مێژووی گەلاندا کەچی ژن لەوێ دوو جار ئەشکەنجە دەکێشێت، جارێک وەکو دەستی کار لەسەر دەستی خاوەن کاردا، دووەمجار وەکو ژن لەسەر دەستی پیاوێک لە ژیانیدا. ئیتر لە باشترین حاڵەتیدا مەسەلەکە ئازادبوونی چەند ژنێک نییە لە کۆمەڵگەدا، بەڵکو مەسەلە گۆڕانی نەخشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیداری و هوشیاریی کۆمەڵگەیە، مەسەلەکە لە بنەمادا پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی تێگەیشتنە رووکەشەکەیە بۆ چەمکی ئازادی و داڕشتنەوەی سیستم و هوشیارییەکی مەعریفی ترە بۆ ئەوەی جارێکی تر خوێندنەوە بۆ ئەوەی بە ئازادی پێناسەکراوە بکرێتەوە. سیستمی سۆسیالیستیش لەهەر جێگەیەک بێت دواجار کە دروشمە راستەقینەکەی ئازادیی ژن نەبوو لە کۆتاییدا شکست دەهێنێ. چجای لە کۆمەڵگەیەکی وەکو کۆمەڵگەی کوردستان لە گێژاوی دەستێوەردانی حزبی و دینی لە ژیانی ئیداری و سیاسی و قانونی کۆمەڵگەدا ناتوانی خەسڵەتەکانی کۆبکەیتەوە و پێناسەیەکی بدەیتێ، سۆسیالیستییە، یان دیموکراتی یان عەلمانی یان دینی... هتد... 
هاوڕێیەکم هەبوو نووسەرێکی بەتوانا بوو، بەڵام بە ناوێکی خوازراوەوە بابەتەکانی بڵاودەکردەوە، ئەو لە باوک و براکانی دەترسا، بەردەوام پێیان گوتوە نووسین ئیشی تۆ نییە، تەنانەت کتێبەکەی کە لە منی قەرز کردبوو بیخوێنێتەوە، لێیان سەندبوو و سووتاندبوویان، لە راستیدا ئەوان لەوە ترساون ئەو بیربکاتەوە، ترساون سنووری هوشیاریی خێزانەکەی و ئەو ناوەندە تێپەڕێنێت کە تیایدا پەروەردەیەکی نەریتی کراوە، و بە ئەقڵی خۆی بیربکاتەوە و بڕیار بدات. ئەمە ترسی زۆرێک لەو پیاوانەیە کە بە گومانەوە سەیری ژنێکی نووسەر، داهێنەر و چالاک دەکەن. 
مادلین ئۆڵبڕایت دەڵێ: «کاتێکی زۆری ویست هەتا توانیم دەنگم هەبێت، ئێستا کە دەنگم هەیە، هەرگیز بێدەنگ نابم». هیچ لەو شۆڕشانەی لە خۆرهەڵات روویانداوە هیچ دەسکەوتێکی وای دەرهەق بە ژن لێ بەرهەم نەهاتووە. نموونەشمان زۆرە و بگرە دەشێ خۆمان یەکێک لە نموونەکان بین. 
ئازادبوونی ژن مانای وەرگرتنی هێز و پیادەکردنی بەسەر رەگەزی بەرانبەردا نییە، وەک هەندێ لە پیاوان سڵی لێدەکەنەوە، بەڵکو ئازادی بەپلەی یەکەم «توانای هەڵبژاردن، بڕیاردان و داهێنان..تاد»یە، چونکە ژێردەستەیی کارەکتەرێکی بێئیرادە و لەناوەوە روخاو دروستدەکات، ئەوەشە کە هەندێ پیاوان دەیانەوێت.

وتارەکانی نوسەر