عیراق و پڕۆژەی هاوپەیمانیی شامی نوێ

10:18 - 2022-11-29
وتار
299 خوێندراوەتەوە

بێستون عەلی

پڕۆژەی شامی نوێ کە خۆی لە عیراق و میسر و ئوردن دا دەبینێتەوە، یەکێکە لەو پڕۆژانەی کە عیراق دووردەخاتەوە لەژێر کاریگەریی ئێران و وابەستەی دەکات بە جیهانی عەرەبییەوە، ئەم پڕۆژەیە گەڕانەوەیە بۆ بەهێزکردنەوەی سوننە بەتایبەتی و دروستکردنی بەرەیەکی ترە بەرامبەر ئێران، هەرچەندە لە بەیاننامە 29 خاڵییەکەیاندا کە زیاتر لە خاڵی لاواز و لە داواکردن دەچوو، بەڵام چەند خاڵێکی گرنگیشی تێدابوو لە رووی ئابووری و سیاسییەوە، ئەگەر وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، وەک بەستنەوەی هێڵی نەوت و کارەبای هەرسێ وڵات بەیەکترییەوە. دروستکردنی شاری ئابووری هاوبەش و پشتگیریکردنی عیراق بۆ گەڕانەوەی پێگەی جارانی، 
سەبارەت بە دەرەنجامەکانی پڕۆژەی شامی نوێ لەسەر هەرێمی کوردستان و ئایندەکەی، بێگومان کاریگەریی بە هێزی هەیە، چونکە ناوەند بەهێزتر دەبێت و هەستی دروستکردن و بەهێزکردنی نیشتمانی عەرەب قووڵتر دەبێتەوە و جارێکی تر هەوڵی نقوومکردنی هەرێم دەدرێت، لەو ئامانجەی کە هەموو سوننە و شیعە بە سیاسی  و غەیرە سیاسییەوە کە بۆیان بکرێت لاوازتری دەکەن. 
ئەو دەسەڵاتە دەستوورییانەی کە هەیەتی کەمی دەکەنەوە، ئەگەر بتوانن هەمواری دەستوور بکەنەوە. لێرەدا پێویستە سیاسییەکانی هەرێم کۆتایی بە تاککڕەوی و ناکۆکی و ململانێی حزبی بهێنن. 
ئەو ململانێیەی لە هەرێم دەیکەن بیگۆڕن بۆ ململانێی سیاسی و دیپلۆماسی و چەسپاندنی خاڵە دەستوورییەکان لە ناوەند، ئەگەرنا لەگەڵ پێگرتنی پڕۆژەی شامی نوێ-دا، کە پێموایە عەرەب بە شامی شەریفی  دەزانن، دەسەڵات و پێگەی هەرێم بچووکتر دەبێتەوە و لە داهاتووشدا ئەو واقیعە زیاتر دەردەکەوێت. 
جا واباشە تا کۆیان نەکردوینەتەوە، خۆمان کۆبکەینەوە و پایە و مافە دەستووریەکانمان بەهێزەوە بچەسپێنین، ئەگەرنا هێزە سیاسییە عەرەبییەکان بەهێزتردەبن بە شیعە و سوننەوە و زۆرینەشن، ئێمەی کوردیش دەبینە قوربانی ناکۆکییە حزبییەکان و وەک کورد دەڵێت: "دەستمان لەبنی هەمبانەکە دەردەچێت.

وتارەکانی نوسەر