سەرەنجام پەنابردن بۆ گفتوگۆ و ئاشتی

10:10 - 2022-12-05
شوان کەریم کابان
233 خوێندراوەتەوە

لە شوباتی ئەمساڵدا، سوپای روسیا پەلاماری ئۆكرانیای دا و هێرشەكەی ناونا كردەیەكی سەربازیی تایبەت بۆ گەڕانەوەی هەرێمی دونباس و پاراستنی روسیاییەكانی ئۆكرانیا. هەر یەك رۆژ دوای دەستپێكردنی هێرشەكە، هەم ئەوروپا و هەم ئەمریكا و دۆستەكانیان چوونە سەنگەری دژایەتیی روسیا و سەرزەنشتكردنی و بڕیاردان لەسەر كۆمەڵێك سزا لە بەرامبەری. راگرتنی مامەڵەی بانكی، دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 300 ملیار دۆلاری روسیا لە بانكەكانیاندا، داخستنی ئاسمان و بەندەرەكانی ئەو وڵاتانە بە رووی فڕۆكە و كەشتییەكانی روسیا، كەمكردنەوەی كڕینی نەوت و گازی روسیا تا ئاستی دەستبەرداربوون و دیاریكردنی نرخێكی جێگیر بۆ نەوتی روسیا، سزادانی ژمارەیەك لە بەرپرسان، راگرتنی كڕینی كەلوپەلی روسیایی و پێ فرۆشتنی كەلوپەل و خۆراك، راگرتنی پەیوەندییە دیپلۆماتییەكان، راگرتنی هەموو میدیاكانی روسیا لەو وڵاتانە و ژمارەیەك سزای تر.
لەبەرامبەردا ئەمریكا و ئەوروپا و وڵاتانی تری ئەو بەرەیە بڕیاریاندا هاوكاریی دارایی و سەربازیی ئۆكرانیا بكەن، بەئومێدی شكستپێهێنانی روسیا، چونكە لەمێژبوو ئەوە خواست و ویستی ئەو وڵاتانە بوو. سەدان مووشەكهاوێژ و دژە فڕۆكە و تۆپ و تانك و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی و فڕۆكە و كۆپتەر و چەكی تر و ئامێری تری تایبەتی جەنگی درایە ئۆكرانیا و تائێستاش بەردەوامە و دەیان ملیار دۆلاریان پێدا، گەورەترین هەڵمەتی دیپلۆماتی و میدیاییان بەرپاكردووە بۆ پشتگیریی ئۆكرانیا، زیاتر لە حەوت هەزار چەكداریان بۆ ناردووە.
ماوەی 10 مانگە شەڕی روسیا لەلایەك و ئۆكرانیا و ئەمریكا و ئەوروپا لەلایەكی تر بەردەوامە، یاخود راستتر وایە بڵێین، شەڕی روسیا دژی ئۆكرانیا و ناتۆ بەردەوامە. تائێستا دەرەنجام چییە؟ روسیا هەر بەردەوامە، راستە زیانی گیانی و ماددی هەبووە، ئۆكرانیا گەورەترین زەرەری گیانی و ماددی كردووە، جگە لە لەدەستدانی پانتاییەكی گەورەی خاكەكەی، ئەوروپا و ئەمریكا پارەیەكی زۆر و چەك و تەقەمەنییەكی بێشوماریان لەدەستداوە، باری ئابوورییان خراپە، ناڕەزاییەتی هاووڵاتیان زۆر بووە، نرخی كەلوپەل و سووتەمەنی چەند قاتێك بەرزبۆتەوە، ئاستی هەڵاوسان لەو وڵاتانە بێوێنەیە، لەگەڵ چەندین كێشەی تر. لە هەموو ئەمانە گرنگتر بۆ ئەوروپا ئەوەیە روونبۆتەوە كە بوونەتە قوربانیی سیاسەتی ئەمریكا، كە دەیەوێت شەڕەكە درێژەبكێشێت بۆ ئەوەی ئەوروپا ناچاربكات پەیڕەوی سیاسەتەكانی ئەو بكەن، ئەمەش وایكردووە دەنگی ناڕەزایی لەنێو نێوەندی حكومی و سیاسیی ئەوروپادا بەرزببێتەوە بۆ دانانی سنوورێك بۆ ئەو جەنگەی زەرەرمەندی گەورە و یەكەم تیایدا ئەوروپایە نەك ئەمریكا.
روسیا لەساڵی 2014وە لەڕووی سەربازییەوە ئامادەكاریی دەكرد بۆ ئەو رۆژەی پەلاماری ئۆكرانیا دەدات بۆ لێسەندنەوەی ئەو ناوچانەی -بە بۆچوونی خۆی- بە بەشێكی روسیایان دەزانێت. ساڵانە لە یادی سەركەوتن لە جەنگی دووەمی جیهاندا، چەندین چەكی كاریگەر و نوێی لەو نمایشە سەربازییە ساڵانەیەدا پیشان دەدا، كە لە گەرمەی ئەو جەنگەوە ساڵانە بەردەوامە. بەردەوام باسی لە مافی روسیاش دەكرد لەو ناوچانە. بە پێچەوانەوە ئەوروپا بیری لە جەنگ نەدەكردەوە، تا ماوەیەكی زۆر كورت پێش هەڵگیرسانی جەنگ، بڕوای نەدەكرد روسیا پەلاماربدات. لەم بارودۆخەدا كە ئەوروپای تێكەوتووە، ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆك كۆماری فەرەنسا سەردانی ئەمریكای كرد، بۆ؟ بۆ تەئكیدكردنەوەی هاوپەیمانیی ئەمریكا و ئەوروپا بوو، یان بۆ ئەوە بوو بە جۆ بایدن بڵێت: چیتر ئەوروپا و خەڵكەكەی بەرگەی دەرەنجامەكانی ئەم شەڕە ناگرن، كە ئەمریكا دەیەوێت درێژەبكێشێت بۆ بێهێزكردنی روسیا و گەڕانەوەی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا بۆ ژێر چەتری سیاسەتەكانی خۆی، لەكاتێكدا پێش جەنگەكە، ئەوروپا بەتایبەتتریش ئەڵمانیا و فەرەنسا ئامانجیان گەڵاڵەكردنی ئەوروپایەك بوو لە دەرەوەی سیاسەتەكانی ئەمریكا.
پێدەچێت، ماكرۆن؛ بەڕاشكاوی بە بایدن-ی وتبێت: چیتر جەنگ چارەسەر نییە و ئەوروپا ماندووبووە و پێویستە گفتوگۆ جێگەی بگرێتەوە، ئەمەش لە قسەكانی بایدن-دا بەئاشكرا دیاربوو لەپاش كۆبوونەوەكەی، كە ئاماژەی بە ئامادەیی خۆی دا بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پوتین و هەروەها تەئكیدكردنەوەی ماكرۆن بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پوتین و باسكردنی مەسەلەی گفتوگۆ لەگەڵ روسیا وەك سەرەتایەك بۆ راگرتنی جەنگ و بەرقەراركردنی ئاشتی.

وتارەکانی نوسەر